سوارچاکەکەی کۆیە
سوارچاکەکەی کۆیە
July 22, 2026

گرێی کێشە نێودەوڵەتییەکانی دەکردەوە
لە گەرمەی ململانێی عوسمانی و ڕووسەکاندا، کێشەیەکی سیاسیی گەورە لە مەهاباد دروست دەبێت، کچێکی كریستیانی ڕووسی لە دین وەردەگەڕێ و دەبێتە موسوڵمان، بۆ ئەوەی بیپارێزن، پەنا دەباتە بەر كۆنسوڵگەری عوسمانی، ڕووسەکان هەڕەشە دەکەن و دۆخەکە دەگاتە لێواری تەقینەوە. بۆ هێورکردنەوەی ئەو قەیرانە، چاو ناچنە سەر پایتەختەکان، بەڵکو عوسمانییەكان ڕوو لە کۆیە دەکەن، پەنا دەبەنە بەر حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە.
ئەوە پێگەی بەرز و كەسایەتیی مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە بوو، كە دەكاتە باوكی مەلا محەمەد مەلای گەورەی كۆیە و باپیری مەسعود محەمەدی بیرمەندی كوردستان.
لەو سەردەمی كوردستاندا، كەسانی وەك حاجی قادری کۆیی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی بەلێهاتوویی و چاونەترسیی مەلای جەلیزادە سەرسام بوون. جەواد فەقێ پسپۆڕ لە بوارى مێژووى بنەماڵەى جەلیزادە، بۆ (گڵكەند)، ئەو شیعرەی شێخ ڕەزا دەگێڕێتەوە:
حاجی عەبدوڵڵا لە ئادەم فیلترە - باوجوودی مەرتەبەی پێغەمبەری
ئەم بە سەد شەیتان لە کۆیێ دەرنەچوو - ئەو بە شەیتانێ لە جەننەت دەرپەڕی
ئینجا باس لەو شیعرەی حاجى قادرى کۆییش دەكات كە بۆ مەلا عەبدوڵڵای نووسیوە و تێیدا دەڵێ:
لە مەیدانى فەساحـەت تۆ مجللى
حەریرى تالییە و سەعدى مصلى
بە واتای لە مەیدانى ڕەوانبێژیدا، مەلا عەبدوڵڵا سوارچاکى یەکەمە، سوارچاکى دووەم حەریرییە، لە دواى ئەویش، ئینجا سەعدى شیرازى دێت.
بەم شێوەیە جەواد فەقێ دەڵێت حاجى مەلا عەبدوڵڵا لە ڕیزی گەورەترینی ئەوانە دایە كە بە زانست خزمەتى كوردستانیان کردووە، بە تایبەتی لە کۆیە. ئەو كە ساڵی ١٨٣٥ لە كۆیە لەدایک بووە، تەنیا مەلایەکی گۆشەگیری ناو حوجرەکان نەبوو. بەڵكو سەرکردەیەکی ژیری سەردەمی خۆیشی بووە، بەتایبەتیش لە ڕووداوێكی نێودەوڵەتیدا كە توانی لێزانانە كێشەیەكی گەورە و هەستیار لە نێوان عوسمانییەكان و ڕووسەكانی ئەودەم چارەسەر بكات.
دوای ئەوەی کچێکى ڕووسى لە مەهاباد دەبێتە موسوڵمان، ڕووسەکان هەوڵ دەدەن بیبەنەوە وڵاتی خۆیان، کچەکەش پەنا دەباتە بەر كۆنسوڵگەرى عوسمانی، ئەوانیش دەیپارێزن، دواتر داوا لە مەلا عەبدوڵڵا دەكەن سەردانی مەهاباد بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، ئەویش دەچێتە مەهاباد و ماوەی مانگێک لەوێ دەمێنێتەوە و کێشەکە چارەسەر دەکات، کچەکە ڕەوانەی تورکیا دەكرێت.
مەلا عەبدوڵڵا جەلیزادە سەرەڕای ئەو پێگە گەورەیەی هەیبووە، پیاوێکی سەنگین و خاوەن هەڵوێست بوو. ئەگەر لە کۆیە زویر كرابا، شارەکەی جێ دەهێشت و دەچووە ئاکرێ، تا پیاوماقووڵان بەدوایدا نەچووبان، نەدەگەڕایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە لووتکەی خاکەڕاییدا بووە، دەگێڕنەوە جارێكیان لە بەغدا دەگەڕایەوە، خەڵک لێیان پرسیوە قوربان، تۆ مەلاتری یان موفتی زەهاوی؟ ئەویش گوتوویەتی ”هەردووکمان مەلاین، بەڵام من شوێن کتێب دەکەوم، موفتی زەهاوییش کتێب شوێنی دەکەوێت!“.
ئەو زانا كۆیییە، دەیان زانای گەورەی لە دوای خۆی پێگەیاند، بەڵام ئەمڕۆ، وەک دکتۆر جەواد بە خەمەوە باسی دەکات، بەشێکی زۆری ئەو مێژووە زێڕینە، دەستنووس و وێنەکانیان فەوتاون و دەشڵێت ”ئێمە لە ڕابردوومان دابڕاوین و خەریكە ئەو مێژووە گەورەیە ون دەكەین“، بۆیە باس لە پێویستی دروستکردنی خانەیەکی نەتەوەیی دەكات بۆ پاراستنی بەڵگەنامەکان. تا ئەو سەردەمە پڕ بەرهەمە، تەنیا نەبێتە یادەوەرییەکی کاڵبووەوە لەناو لاپەڕە تۆزلێنیشتووەکاندا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved