لە گۆشەی ماڵێکدا لە سۆران، پارچە ئاسنێکی چوارگۆشەییی قورس بەوریایییەوە پارێزراوە.
ئەگەر بەچاوی كەسێكی ئاسایی سەیری بکەیت، ڕەنگە تەنیا ئامێرێکی کۆن و ژەنگگرتووی بێ گیان بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو پارچە ئاسنە هەڵگری یەكێك لە یادگارییە گەورە و زیندووەكانی ناوچەكەیە، تەقە و زرمەی ئیشی کرێکارانی نێزیكەی سەت ساڵ لەمەوبەری ڕێگەی مێژووییی هامڵتۆنی هەڵگرتووە، ئەوانەی بە ئارەقەی نێوچەوان خەریکی شکاندن و تەختکردنی شاخە سەختەکانی باڵەکایەتی بوون.
ڕێگەی هامڵتۆن، کە لە هەولێرەوە بۆ ١٨٥ کیلۆمەتر بەناو دڵی چیاکاندا تا سنووری حاجی ئۆمەران درێژ دەبێتەوە، تەنیا پڕۆژەیەکی ئەندازیاری نەبوو، بەڵکو داستانێکی ململانێ بوو لەگەڵ سروشت. لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧ بۆ ١٩٣٢، ئەندازیارێکی شارستانیی نیوزلەندی لە سوپای بەریتانیا، بە ناوی ئارچیباڵد میلنی هامڵتۆن، پێشڕەویی ئەم کارە مەزنەی دەکرد.
لەو سەردەمەدا شۆفڵ و ئامێری زەبەلاحی ڕێگەسازی نەبوون، بۆیە هەموو مەترێک لەو ڕێگەیە بە هێزی قۆڵی کرێکاران و بە ئامێری دەستیی بچووكی وەک ئەم پارچە ئاسنە کوتراوەتەوە و تەخت کراوە.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سەتەیەک بەسەر ئەو کاروانەدا، ئەمڕۆ لەسەر ڕێگەی کاولۆک – ڕواندز، پەیکەرێک بۆ هامڵتۆن دروست کراوە تا ڕێبواران مێژووەکەیان بیر نەچێتەوە، بەڵام یادگارییە هەرە زیندووەکە، لەناو ماڵی مەعروفی وەستا مستەفا ڕۆستایییە. ئەو كەسایەتییەكی ناسراوی باڵەکایەتییە و ئێستە پاسەوانی ئەم گەنجینە مێژوویییەیە.
مەعروف، چیڕۆکی گەیشتنی ئەم ئامێرە بە ماڵەکەیان بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە و دەڵێت ”باوکم کە چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆچی دواییی کرد، بۆی گێڕامەوە ئەم ئامێرەی پەستانی ڕێگەی هامڵتۆن، لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی عەلی زێوەیی، پێشکێشی وەستا ئەحمەدی باپیرە گەورەم کراوە. لەو ڕۆژەوە، زیاتر لە ٩٠ ساڵە لای ئێمە پشتاوپشت هەڵگیراوە و ماوەتەوە“.
ئامێرەکە پێکهاتەیەکی ئاسنینی هەیە و پانتایییەکەی چوارگۆشەیە، بە تایبەت بۆ پەستانەوە و ڕێکخستنی زەوییە سەختەکان و پڕکردنەوەی کەلێنەکان بەکار هاتووە.
مەعروف بەهەستكردن بە قورسایییە مێژوویییەکەی، سەیری ئەو میراتە كۆنە دەکات و دەڵێت بەڵێنیان داوە، نەوە دوای نەوە هەڵی بگرن، بۆ ئەوەی وەک یادگارییەکی مێژوویی لەلایان بمێنێتەوە.
ئارچیباڵد هامڵتۆن، کە ساڵی ١٨٩٨ لە نیوزلەندا لەدایک بووە، پاش تەواوکردنی کۆلێژی ئەندازیاری دێتە كوردستان و ئەم شاکارە دەخولقێنێت.
ئەو ساڵی ١٩٣٥ بەهۆی کارەکانی لەم ڕێگەیە و پەرەپێدانی پردی ئاسنین، بڕوانامەی داهێنانی جیهانیی پێ بەخشرا.
ئەمڕۆ، هامڵتۆن و کرێکارەکانی نەماون، بەڵام ڕۆحی ماندووبوونەکەیان لەناو ئەو پارچە ئاسنە چوارگۆشەیەدا زیندووە، کە لە ماڵێکی سۆران وەک بەردێکی گرانبەها دەپارێزرێت.