بێنە بەرچاوت، سەتەیەك پێش ئێستە، ڕۆژنامەوانێك بە چاپخانەكەیەوە لە ئەشکەوتێکی تاریكدا، لە پێناو نەوەستانی گۆڤارێك و ڕزگاربوون لە بڕیاری دوورخستنەوەی لە شار، چۆك دانەدات و بەردەوام بێت لە كار.
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ پەردە لەسەر نهێنییەکی لەبیرکراو هەڵدەداتەوە؛ کاتێک حوسێن حوزنی موکریانی بەهۆی ململانێیەکەوە لە ڕواندز دوور دەخرێتەوە، ئەویش لە بریی تەسلیمبوون، دەچێتە ئەشکەوتێك و درێژە بە دەرکردنی گۆڤاری زارکرمانجی دەدات.
دوو نووسەر لە لێكۆڵینەوەیەكیاندا لە بارەی ژیانی موكریانی، بۆیان دەركەوتووە لە سەردەمێكی ژیانیدا، ئەو ڕۆژنامەنووسە ناودارە ناچار بووە لە ئەشكەوتی كاكەسۆر، لە گەلیی خاڵەڕەشی سنووری ڕواندز، ڕۆژنامەگەری بكات.
یاسین برایم نووسەر و توێژەر بە هاوبەشی لەگەڵ دڵشاد خەتات، لە كاتی ئامادەكردنی كتێبێكی تایبەت بە ژیانی نووسەر و ڕووناكبیری كورد حوسێن حوزنی موكریانی، بۆیان دەركەوتووە نزیكەی سەتەیەك پێش ئێستە، بەهۆی دروستبوونی كێشەیەكەوە، سەید تەهای شەمزینی قایمقامی ئەودەمی ڕواندز بڕیاری دوورخستنەوەی سەید حوسێن حوزنی موكریانیی داوە.
دوای ئەوەی هەندێك لە پیاوانی ئاینی توندڕەوی ئەودەم، سكاڵایان لە سەید حوسێن حوزنی كردووە، چونكە سەید حوسێن مێژوونووس بووە و مێژووی وەك خۆی گێڕاوەتەوە، ئەو پیاوە ئاینییانەش پێیان قبووڵ نەكراوە. بۆیە گوشاریان لە سەید تەها كردووە، ئەویش دەرەقەتیان نەهاتووە، چونكە پیاوە ئاینییە توندڕەوەكانی ئەودەم بەهێز بوون، سەید تەها ناچار بووە سەید حوزنی بۆ ماوەیەك دوور بخاتەوە.
سەید حوسێن حوزنی موكریانی، بەناچاری و لە بێ شوێنییان، بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ بە خۆی و چاپخانەكەیەوە ڕووی كردووەتە ئەشكەوتی كاكەسۆر و لەوێندەر كاری لەسەر دەركردنی یەكێك لە ژمارەكانی زاركرمانجی كردووە.
دوای ماوەیەك بە هەوڵی دڵسۆزانی ئەودەم، سەید حوزنی گەڕێندراوەتەوە ڕواندز، لەگەڵ سەید تەها ئاشت بوونەتەوە.
یاسین برایم بۆ (گڵكەند) گوتی، لەو كاتەی حوسێن حوزنی لە ئەشكەوتی كاكەسۆر خەریكی ڕۆژنامەگەری بووە، گەنجێكی ڕواندز بە ناوی عەبدولڕەحمانی فەقێ حەسەن و كوڕێكی دیكە بە ناوی ڕەزا، كاریان لەگەڵ كردووە.
حوزنی، كۆمەڵێك شیعر و چوارینەی لەوێندەرێ نووسیوە، كە لەلایەن عەبدولڕەحمانی فەقێ حەسەن وەك ڕێكخەر و پیتچنی حوزنی، پارێزراوە. دواتر دڵشاد خەتاتی كوڕی عەبدولڕەحمانی فەقێ حەسەن، چوارینەكان هەڵدەگیرێن. لەم كتێبە نوێیەدا كۆمەڵێك چوارینە و زانیاریی نەگوتراو و نەبیستراو، خراونەتە ڕوو.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو توێژەرە، لە دوای ئەشكەوتی جاسانە، لە سەردەمی شێخ مەحموود، ئەشكەوتی كاكەسۆر لە گەلیی خاڵەڕەش لە سنووری ڕواندز، دەبێتە دووەم ئەشكەوت، كە ڕۆژنامەگەریی تێدا كرابێت.
بەم هۆیەوە پێشنیاز دەكات، ئەشكەوتەكە لەلایەن شارەوانیی ڕواندز و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆرانەوە، پارێزگاریی لێ بكرێت، وەك ئەشكەوتێكی مێژوویی و كولتووری و شوێنەواری مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ببێتە شوێنێكی گەشتیاری. چونكە وەك خۆی دەڵێت ”لەم ئەشكەوتەدا ڕووداوێكی مێژووییی گرینگ لە بواری ڕۆژنامەگەری تۆمار كراوە“.
ڕەنگە لە پاڵ نۆژەنكردنەوەی ماڵی حوزنی لە ڕواندز، چاككردنی ئەشكەوتی كاكەسۆریش، ببێتە خزمەتێكی دیار بە مێژووی ڕۆژنامەگەری لە هەولێر و كوردستان.
حوزنی (١٨٩٠ - ١٩٤٧)، یەكەمین كورد بوو لە ساڵی ١٩٢٦دا چاپخانەی لە باشووری كوردستان، لە ڕواندز دامەزراند، لە نێوان ١٩٢٦ - ١٩٣٢ گۆڤارێكی كوردیی بە ناوی زاركرمانجی لە ڕواندز دەركرد، ٢٤ ژمارەی لێ دەرچووە، جگە لە چاپكردنی چەندین كتێب و نامیلكە لە بوارەكانی مێژوو، ئەدەب، هونەر و زمان.
ئەو هەڵكەوتووە، بۆ یەكەم جار لە ڕێگەی هەڵكەندنەوە، پیتە كوردییەكانی خستووەتە ڕیزی پیتە عەرەبییەكان لە نووسین و چاپكردن و بڵاوكردنەوەدا.
