نەمانی قاری بازاڕی
نەمانی قاری بازاڕی

لە کۆڵانەكی ناو بازاڕێ، لە نێوان گەڕەکە كۆنەكانی هەولێرێ، سبەینان زوو لەگەڵ هەڵاتنی تیشکی ڕۆژدا، پێش ئەوەی تینی گەرما بگاتە زەوی، هەموو ڕۆژێ دیمەنی کۆمەڵێک ژن، کە بە پێچە و عەبای ڕەشەوە بە تەواوی سیمای خۆیان شاردبووەوە، دووبارە دەبووەوە، ئەوان لەسەر عاردی ڕیزیان دەبەست و شمەكیان دادەنا.
زۆر جار لەسەر پارچە پەڕۆیەکی سادە و کۆن، کەلوپەلێکی زۆریان ڕادەخست، لە قۆری و کتری دەرزیئاژکراو و سینیی مسەوە بگرە، هەتا دەگەیشتە جلوبەرگی بەکارهاتوو و سەماوەر و مەنجەڵی کۆن.

ئەو شوێنە، كە بووبووە ڕووگەی هەژاران بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان بەنرخێكی هەرزان، لەسەر زاری خەڵکی بە بازاڕی پیرێژنان ناسرا بوو، ئەو هەولێرییانەش كە بە زمانی توركمانی قسەیان دەكرد، پێیان دەگوت قاری بازاڕ.
ئەوێندەر تەنها بازاڕێکی کاتی نەبوو، بەڵكو شانۆیەکی کۆمەڵایەتیی پڕ لە ڕەنج و شکۆ بوو، عەزیز عومەر پیاوێکی تەمەن حەفتا ساڵی گەڕەکی تەعجیلە، یەکێکە لەو شایەتحاڵە زیندووانەی ساڵانێکی درێژ بەچاوەکانی خۆی بینەری گەورەبوون و گواستنەوەی ئەم بازاڕە بووە لە سێ شوێنی جیاوازی هەولێرێ. ئەو دەڵێت هەرچەند جارجارە پیاوانیش لەناو فرۆشیارەکاندا دەبینران، بەڵام مۆرکی بازاڕەکە هەر بە ناوی ئەو ژنە ماندووانە بوو کە ژمارەیان لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ کەس دەبوو. كە لە بەیانیی زووەوە دەهاتن و تا پاش نوێژی عەسر لەسەر قاچەکانیان یان لەسەر زەوییە ساردەکە دەمانەوە، ئەو ئیشە بۆ زۆربەیان، سەرچاوەی بژێوی بوو.
هەموو ڕۆژانێكی هەینی، بازاڕەکە دەگەیشتە لووتکەی قەرەباڵغی، تا ئێستەش ئەو بازاڕە لە هەولێرێ ماوە و لە نزیك مزگەوتی شێخ مستەفای بن قەڵاتێ گیرساوەتەوە، بەڵام ئێستە زیاتر بە بازاڕی كۆنەی شێخ مستەفا ناوی دێت و ڕۆژانی هەینی جمەی دێت لە فرۆشیاری كۆنە و كڕیار، ڕەنگە جیاوازییەكی گەورەشی ئەوە بێت كە چیی دی بازاڕەكە هی پیرێژنان نییە.


مێژووی ئەو بازاڕە لە تەمومژی ڕابردوودا ونە، بەڵام یادەوەرییەکانی عەزیز عومەر نەخشەیەکمان بۆ دەکێشێت. ئەو بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە ”لە وه‌تەی فامم کردییە ناوی ئەو بازاڕەم بیستییە‌، نازانم چەند سار پێشی من هەبووە، بەس دەزانم یەکەم جار لەناو قەیسەریی هەولێرێ و بەدیاریکراویش لە کۆرانی زێڕینگران بوو. هه‌ینێ زێڕینگری لێ نەبوو، دوکانەکان کەلاوە بوون، پاشی تەعمیرکردنەوەی قەیسەری، چوونە کن نافوورەی ئێستە و لە بەینی مزگەفتی خانەقا و مزگەفتی شێخە ڕەشکەی بوون. دوایێ گوازرانەوە لۆ کۆرانەکی ناو بازاڕی شێخەڵڵای“.
میکانیزمی کارکردنی ئەم بازاڕە، چیڕۆکێکی سەرنجڕاکێشی دابەشکردنی سەروەتە لەناو کۆمەڵگەی جارانی هەولێرێ. ژنەكان، وەک بازرگانێکی گەڕۆک، لە دەرگەی ماڵە دەوڵەمەند و خانەدانەکانی هەولێرێیان دەدا، کەلوپەلی كۆن و بەکارهاتوو و زیادەیان لێ کۆ دەکردنەوە. هەندەك جار لەناو کەلوپەلەكاندا ئەنتیك و شتی گرانبەهاش دەدیترانەوە. پاشان دەیانبردە بازاڕەکە و بە نرخێکی هەرزان بە خەڵكی هەژاریان دەفرۆشتەوە، ئەوانەی دەستیان بە کڕینی کەلوپەلی نوێ ڕانەدەگەیشت.
ئەو ژنانە، زۆربەیان خەڵکی هەولێرێ بوون یان لە گوندەکانی دەوروبەری وەک باداوەوە دەچوون، هەمیشە سیمایان بە پێچە و عەبا دەشاردەوە. لەو سەردەمەدا خۆداپۆشین بەشێکی گەورە بوو لە دابونەریتی کۆمەڵگە، بۆیە ژنەكانی سەر شەقام، نەدەناسرانەوە.
سەرمایەی ئەو پیرێژنانە، هەر هێندە بوو کە لەناو چارۆگەیەکدا جێگەی دەبووەوە. چارۆگە، هەم دوکانەکەیان بوو، هەمیش ئامرازی گواستنەوە؛ بەیانیان پڕیان دەکرد و دەریان دەهێنا، ئێوارانیش ئەوەی دەمایەوە كۆیان دەكردەوە و بە کۆڵیاندا دەدا و بەرەو ماڵ دەبوونەوە.
هەموو چیڕۆکێک کۆتایییەکی هەیە، لەگەڵ گۆڕانی ئابووریی ناوچەكە لە سەرەتای دووهەزارەكان و باشبوونی گوزەرانیی خەڵك، ئەو هەژارانەی پێشتر بۆ کڕینی کترییەکی کۆن یان کراسێکی بەکارهاتوو ڕوویان لەو پیرێژنانە دەکرد، توانای کڕینی کەلوپەلی نوێیان پەیدا کرد و ڕوویان لەوێندەر نەكردەوە.
عەزیز عومەر بە خەمێکی شاراوەوە باس لە دیارنەمانی ئەو دیمەنانەی جاران دەکات، ئێستە، نە چارۆگەی ئەو ژنانە لە کۆڵانەکانی شێخەڵڵا ماون، نە ئەو دەنگە کپانەی لەپشت پێچە ڕەشەکانەوە مامەڵەیان دەکرد، بەڵام ناوی بازاڕەكە وەک بەشێک لە مێژووی هەژارانی شار، لە بیرەوەریی هەولێرییەکاندا دەمێنێتەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved