شایەتحاڵی مێژووی دەشتی کۆیە و پەناگەی ڕزگاربوون
لە دەشتی بەرینی کۆیە، لە نێوان گوندەکانی تیمارۆک، بەجەوان، قوڕەبەرازە و بامرتکان، دارێکی گەورە و شکۆدار بە تەنیا وەستاوە، بە شێوە چەترییەکەی سێبەری خۆی بەسەر دەوروبەریدا کێشاوە و هەندێك دەڵێن تەمەنی دەگاتە هەزار ساڵ.
داربەڕوویەكی کۆنە، بەهۆی هەڵکەوتنی لەسەر گردۆڵکەیەکی بەرز، ناوی نراوە دارەقوتە و بووەتە ئایكۆنی سروشتی دەشتی كۆیە. تایبەتمەندییەكی دارەقوتە ئەوەیە لە هەر گۆشەیەکی دەشتی کۆیەوە سەیری بکەیت، بە ئاسانی دەیبینیت.
دارەكە تەنیا جوانییەکی سروشتیی نییە، بەڵکو یادەوەریی دەیان نەوە و چیڕۆکی خۆڕاگری و ڕزگاربوونیشی لە خۆ گرتووە. ئێستەش بووەتە سێبەرێکی فێنک بۆ جووتیاران و بنكەی حەوانەوەی شوان، هەروەها گەشتیار و خەڵکی ناوچەکەش بۆ پشوودان ڕووی تێ دەکەن.
فەقێ فەتاح پیاوێکی بەتەمەنی گوندی تیمارۆکە، یادەوەرییەکانی تەمەنی لەگەڵ ئەو دارەدا بەش كردووە، لە باسی دارەقوتەدا دەڵێت “لە كۆنەوە مایەی خێر و بەرەکەتی ناوچەکە بووە. دارێکی دەگمەنە، لە ڕووی گەورەیی و جوانی و هەڵکەوتنی شوێنەکەشەوە، هاوشێوەی نییە”.
ئەو، بەپشتبەستن بەوەی لە باوباپیرانییەوە بیستوویەتی، دەڵێت “دارەکە دوو ناوی هەیە، داربەڕوو و دارەقوتە. بەهۆی ئەوەی لە شوێنێکی بەرزە، لەوێندەرێوە هەموو دەشتی کۆیە و تەنانەت تا سنووری ئاغجەلەر و قەڵاسێوکەشت لێ دیارە، ناویان لێ نایە دارەقوتە".
بەپێی گێڕانەوەی ئەو، تەمەنی دارەکە زیاتر لە ٨٠٠ ساڵە، بە درێژاییی سەتان ساڵ خۆی ڕاگرتووە. شوێنی دارەکەش لە کۆندا گۆڕستان بووە، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات گۆڕستانەکە نەماوە و بووەتە زەویی کشتوکاڵی و دارەكە بەتەنها وەک شاهیدێکی مێژوو لە جێی خۆی ماوەتەوە.
خەڵکی ناوچەکە، تا بۆیان کرا بێت خزمەتی دارەكەیان کردووە، دەوروبەریان پاک کردووەتەوە، بەڵام بەهۆی تەمەنە زۆرەکەیەوە، بەم دوایییە لەگەڵ ڕەشەبادا، هەندێک لە لق و پۆپەکانی شکاون، ساڵانەش بەشێکی وشک دەبێت.
چیڕۆکی ئەم دارە تەنیا لە جوانی و تەمەنە درێژەکەیدا کورت نابێتەوە. بەڵكو دارەقوتە لە کاتی مەترسیدا ڕۆڵی پەناگەیەکی ئەمینیشی بینیوە. فەقێ فەتاح دوو ڕووداوی مێژوویی دەگێڕێتەوە، کە ژیانی دوو کەسی تێدا ڕزگار بووە، یەکەمیان لە ساڵی ١٩٦٣ بووە، کاتێک جووتیارێک بە هێستر و گایەکەوە خەریکی کێڵانی زەوییەکەی دەبێت، فڕۆکەیەکی جەنگی هێرشی دەکاتە سەر.
هێستر و گایەکەی بریندار دەبن، بەڵام جووتیارەکە بەخێرایی خۆی دەگەیەنێتە دارەکە و لەناو لق و پۆپە چڕەکەیدا خۆی حەشار دەدات، بەو شێوەیە گیانی سەلامەت دەبێت.
دووەمیان بۆ ساڵی ١٩٨٨ دەگەڕێتەوە، کاتی کارەساتی ئەنفال، شوانێکی هەڵاتوو (فیرار) لە ناوچەکەدا دەبێت، لە ناکاو دەبینێت سەرباز و جاش بەرەو ڕووی دێن. ئەویش بە پەلە ڕادەکات و دەچێتە سەر دارەکە، لەسەر تەپڵی دارەکە خۆی دەشارێتەوە. سەربازەکان دێنە ژێر دارەکە، تەقەش دەکەن، بەڵام شوانی هەڵاتوو لە چڵەپۆپە چڕەکاندا نابینن. دوای ماوەیەک شوێنەکە جێ دەهێڵن و شوانەکەش ڕزگاری دەبێت.
پیاوە پیرەكەی تیمارۆكە پێی وایە ئێستەش وەک جاران، بن دارەکە پڕە لە خێر و بەرەکەت. لە کاتی دروێنەدا دەبێتە شوێنی حەوانەوەی خاوەن دەڕاسە و جووتیارە ماندووەکان. لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا خەڵک سەردانی دەکەن و لە ژێر سێبەریدا پشوو دەدەن. ئێستە ئەو دارە بۆ ئەوان زۆر پیرۆزە.