لەگەڵ هەر هەنگاوێکی فراوانبوونی هەولێر و کێشانی شەقامە بازنەیییە نوێیەکانی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری، شێوەی شار دەگۆڕێت، بەڵام ئەم گۆڕانە تەنیا لە کۆنکرێت و شووشەدا نییە، بەڵکو شەڕێکی بێ دەنگ لەسەر زمان، ناسنامە و شوێنەوار لە ئارادایە.
کاتێک زەوی بەناوە مێژوویی و شوێنەوارەکانیانەوە دەناسرێن، کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بەناوە بیانییەکانی وەک گۆڵدن سیتی و ئێم ئاڕ ئێف پاشخانە فەرهەنگییەكەی دادەپۆشن.
ناوە کۆنەکانی گەڕەک و گوندەکانی هەولێر ئاوێنەی ژینگە و مێژووی ڕابردوون، تەنیا وشە نین، بەڵکو کۆدی ژینگەیی و مێژوویین کە وێنای ڕاستەقینەی ناوچەکەیان بۆ کێشاوین.
گەڕەکی (گۆمە گوڕوو) ناوەکەی لەوەوە هاتووە کە گۆمێکی لێ بووە و ئاوەکەی پاک نەبووە، ئەمە زانیارییەکی جوگرافیی گرینگمان پێ دەدات. یان (کونە گورگ)، کە ئێستە بەگەڕەکی ڕۆشنبیری دەناسرێت، ئاماژەیە بۆ سروشتی کێوی و پاشخانی جوگرافیی ئەو شوێنە کە ڕۆژگارێک جێگەی دڕندەکان بووە.
گەڕەکی (مامزاوە)، نموونەیەکی ناوازەی مێژووی ژینگەیییە؛ ناوەکە پێمان دەڵێت کە دەشتی هەولێر ڕۆژانێک مەڵبەندی ڕەوە مامز بووە. کاتێک ناوەکە دەپارێزین، لە ڕاستیدا پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لە نێوان مرۆڤ و زەوییەکەدا دەپارێزین.
گۆڕینی ئەم ناوانە بۆ ناوی بیانی، بەواتای بڕینی ئەو پەتە دێت کە نەوەی ئێستە بەمێژووی خاکەکەیەوە دەبەستێتەوە.
زۆر جار وەبەرهێنەران وا بانگەشە دەکەن کە ناوی بیانی بۆ ڕاکێشانی گەشتیار و بازرگانی جیهانی پێویستە. بەڵام ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە؛ ناوی ڕەسەن نەک نابێتە گرفت، بەڵکو دەبێتە "بڕاندێکی" تایبەت. بەکارهێنانی ناوی کوردی بۆ پڕۆژەکان، نەک هەر گرفت بۆ تێگەیشتنی بیانی دروست ناکات، بەڵکو مۆرکێکی تایبەت بەپڕۆژەکە دەبەخشێت کە لە هیچ شوێنێکی تری جیهان وێنەی نییە. گەشتیار و بیانییەکان بەدوای ناسنامەی ناوچەکەدا دەگەڕێن، نەک کۆپییەکی شێواوی ناوی شارەکانی خۆیان.
بیانووەکی دیكە، نەبوونی ناوی نوێیە، بەڵام مێژووی کوردستان پڕە لە ناوی دووبارە کە هیچ کێشەیەکی دروست نەکردووە. وەک چۆن لە ڕابردوودا کورانی ئەلبان و کورانی عەنکاوە هەبووە، دەکرێت ناوی گەڕەکە سەرکەوتووەکان دووبارە بکرێنەوە.
لە جیاتیی فڵۆرێنس سیتی یان کینگ سیتی، دەکرێت ناوی وەک ئازادیی نوێ، ئازادیی دوو یان ئازادیی سێ بەکار بهێنرێت. ئەمە نەک هەر ناسنامەی ناوچەكە دەپارێزێت، بەڵکو بەردەوامییەکی دەروونی لای هاووڵاتی دروست دەکات و، وا دەکات هەست بکات پڕۆژە نوێیەکە درێژکراوەی ڕەسەنایەتیی هەمان ئەو شارەیە کە لێی گەورە بووە.
زیندووکردنەوەی ناوی کۆنی شوێنەکان لە ناو پڕۆژە نیشتەجێبوونەکاندا، گەورەترین خزمەتە بەفەرهەنگی کوردی.
کاتێک کۆمپانیایەک ناوی پڕۆژەکەی بە ناوی مێژووییی ئەو زەوییە دەكات كە لەسەری بنیات نراوە، ئەو ناوە لە فەوتان دەپارێزێت، دەبێتە هۆی ئەوەی ناوە جوانە کوردییەکانی وەک مامزاوە، کوران، باداوە زیندوو بمێننەوە، هەروەها ناسنامەی زمانەوانیی شارەکە لە بەرامبەر جیهانگیرییەکی بێ مانا بپارێزرێت. پەیوەندیی نەوەکانیش بەیەکەوە گرێ بداتەوە و مێژووی شوێنەکە بۆ نەوەی داهاتوو بگوازێتەوە.
پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەوانیی هەولێر، ڕێنماییی نوێ بۆ ناونانی پڕۆژەکان دەربکەن کە تیایدا ناوە کۆنەکان لە بیر نەکرێن و وەک سەرمایەیەکی مەعنەوی سەیر بکرێن.
شاری مۆدێرن تەنیا بەباڵەخانەی بەرز ناناسرێتەوە، بەڵکو بەو ڕۆح و مێژووە دەناسرێتەوە کە لە ناو ناوی کۆڵان و گەڕەکەکانیدا هەناسە دەدات. کاتی ئەوە هاتووە لە جیاتیی پەنابردن بۆ ناوی بیانی، بگەڕێینەوە بۆ باوەشی ئەو ناوانەی کە ڕەگیان لە ناو خاک و مێژووی ئەم شارەدایە.