هەر کاتێک سەر بەماڵەکەیدا بکەی، بەجلوبەرگی کوردییەوە دەیبینی، پلکە لاجان کە لە حەفتاکانی تەمەنی دایە، چەند ساڵێكە بەیەكجاری لە ڕواندزێوە باری تێك ناوە و لە هەولێرێ گیرسایتەوە، بەڵام شێوازی پۆشین و جلوبەرگە کوردییەكانی خۆی نەگۆڕیوە، بەڵكو جلوبەرگەكەی بەشێکە لە کەسایەتی و كیانی ئەو، کە پێناسی ڕەسەنایەتییەكەی دەكات.
سەرباری گۆڕانە گەورەكانی بەسەر شێوازی پۆشینی جلوبەرگدا هاتوون، هێشتا بەشی زۆری بەتەمەنەكان، لە ژن و پیاوانی کوردستان، بەردەوام جلی کوردی لەبەر دەکەن، لە کاتێکدا زۆرێک لە میللەتانی جیهان پۆشینی جلی نەتەوەییی خۆیان بە بۆنە تایبەتەکانەوە بەستووەتەوە.
مێژووی داهێنانی جلوبەرگی کوردی تۆمار نەكراوە، بەڵام وەک بەشێکی ڕەسەن لە ناسنامەی نەتەوەیی و تیتۆڵێکی سەرەکی لە کولتووری ناوچەكە، مێژوویەکی درێژی هەیە. هەندێک سەرچاوەی زانستی، ڕیشەی بۆ سەردەمی مادەکان دەگەڕێننەوە، شێواز و دیزاینەکەی لەسەر تاتە قوڕەکانی سەردەمی هەخامەنیشی نەخشێنراوە.
بەپێی کات و سەردەمیش، جلوبەرگی کوردی لە ڕووی دیزاین و پێکهاتە و قوماش و ڕەنگەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، دەگوترێت لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی سەفەوییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و عوسمانییەکان لە باکور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، جلوبەرگی کوردیی ئافرەتان زیاتر ئاڵ و واڵا بوون.
بەشێک لە مێژوونووسان ئەم گۆڕانکارییە بەرچاوە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە لەو سەردەمەدا بازرگانیی قوماش لە هیندستانەوە بەرەو ئەم ناوچەیە زیاتر بوو و قوماشی ڕەنگاوڕەنگ بەنرخێکی گونجاوتر بۆ چینی مامناوەندی کۆمەڵگە بەردەست بوو.
نەک تەنها سەردەم و سەتە، بەڵکو ناوچە و جوگرافیا و تەنانەت کەشوهەواش کاریگەری لەسەر شێواز و دیزاین و پێکهاتە و قوماشی جۆرە جیاوازەکانی جلوبەرگی کوردی هەبووە. بۆ نموونە لە ناوچە شاخاوییەکان جلوبەرگی کوردی بۆ ئافرەتان و پیاوان بەشێوازێکە کە چەند کوتلەی جیاواز بە قوماشی ئەستوور لە خۆ دەگرێت، لە دەشتێ کە کەشوهەوایان گەرمترە، قوماشی تەنكتر بەكار هاتووە.
لەناو جلوبەرگی ناوچە جیاوازە بەرفرەوانەكانی كوردستاندا، جلوبەرگی کوردیی ژنانی ناوچەی ڕواندز پێگەیەكی تایبەتی هەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە سەردەمێکدا ڕواندز ناوەندێکی گرینگی سیاسی و کولتووری بووە.
جلوبەرگی ژنە ڕواندزییان لە چەند پارچەیەکی جیاواز پێك دێت، کراس، کەوا، دەلینگ، چارۆگە و کڵاو. کراسەكە هەمیشە بە قوماشی نەخشدار و گوڵ گوڵی دەناسرێتەوە.
زۆر جار لە کەمەرەوە بە لاستیک جێگیر دەکرێت یان بەشێوازی شکاکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدوورێت و بەشی پێشەوە لێك دەدرێت، بۆ ئەوەی ویقارێکی تایبەت بە باڵای ژن ببەخشێت. لەسەر کراسەکەشەوە کەوا لەبەر دەکرێت کە بەپێی وەرزەکان جۆر و قوماشەکەی دەستنیشان دەکرێت.
بۆ بەهار و هاوین تەنکۆکە و سادە یان نەخشدارە، بەڵام بۆ زستانی سەختی ڕواندز، کەوایەکی ئەستوور لەبەر دەکرێت. وەک بەشێک لە دیزاین و نەخشاندن، کەواکان بە حەفت یان نۆ پارچە دەدوورێن، بێ ئەوەی هۆكاری ژمارەكە ڕوون بێت.
لە کۆندا، کراس و کەوا پڕ بوون لە نەخش و ڕەنگی تێکەڵ، بەڵام ئێستە گۆڕاوە و هەندێک جار هاوسەنگییەک دروست دەکرێت، کراسی سادە لەگەڵ کەوای نەخشدار، یان بەپێچەوانەوە بەیەکەوە دەگونجێنرێن.
بەپێی دابونەریتی کۆنی ناوچەکە، ئافرەتان لەژێر کەواکەوە، ئێلەگیان لەبەر دەکرد، كە خۆی بەتەنیا پێکهاتەیەکی سەرنجڕاکێشی جلەکان بوو.
لە دیوی پشتەوەش، ئێلەگەکان سادە بوون، بەڵام لە پێشەوە بە نەخش و نیگار دەڕازێنرایەوە بۆ ئەوەی جوانییەکەی دەربخات.
لە ژێری جلەکانەوە بۆ بەشی خوارەوە، پارچەیەکی سەربەخۆ لەبەر دەکرا کە لە ڕواندز دەلینگی پێ دەگوترێت.
دەلینگ نەک تەنها بۆ پۆشتەیی بوو، بەڵکو لە زستاندا بۆ خۆپارێزی لە سەرمای سەختی ناوچەکەش زۆر گونجاو بوو. لای کەمەری لاستیک و سادە بوو، بەڵام خوارەکەی، واتە پاچەکەی، هەمیشە پڕ بوو لە باق و بریقە و ڕەنگی تێکەڵ، کە لە کاتی ئاهەنگگێڕان و بەتایبەتیش هەڵپەڕکێدا، ئەو کاتەی ئافرەتان دامەنیان لە کەمەر دەدەنەوە، جوانییەکی سەرنجڕاکێشی بە فۆڕمی گشتیی جلوبەرگەکان دەدا.
چارۆگە بەشە سەرنجڕاكێش و سەرسامكەرەكەی جلوبەرگی ژنانی ناوچەكەیە، كە پارچە قوماشێکی تەنکە، زۆر جار نەخشی جۆراوجۆری لەسەرە و بەسەر کەواکەدا دەدرێت.
لە کۆندا، شێوازی بەستنی چارۆگە خۆی زمانێکی بێ دەنگ بوو بۆ دەربڕینی تەمەن و پێگە. ئافرەتە بەتەمەنەکان کە زیاتر تێکەڵاوی کۆڕ و دانیشتنی پیاوان دەبوون، هەمیشە گرێی چارۆگەکەیان لە خوارەوە دەبەست بۆ داپۆشینی بەشی پێشەوە و هاوکات دەرکەوتن بە سەنگ و ویقارەوە. بەڵام کچە گەنجەکان چارۆگەکەیان دەخستە سەر لایەکی شانیان و گرێیەکەیان لەلاوە دەبەست، کە نیشانەی گەنجی و سەلیقە بوو.
تاجی سەری ئەم تابلۆ ڕەنگاوڕەنگە (کڵاو) بوو. ژنان بەپێی ئارەزوو شەدەی سوور، سپی، ڕەش، یان خەت خەتی سپییان دەبەست. بۆ بۆنە تایبەتەکانی وەک نەورۆز، بە زێڕ و دراو دەیانڕازاندەوە. هەندێکیان (تاسە)ی زیویان پێوە دەکرد، جا چ تاسەی ڕەسەنی ڕواندز بێت یان تاسەی ئاکرێ.
هەریەک لەم پێکهاتانەی جلوبەرگی کوردی، خۆی بە تەنیا کۆڵەکەیەکی بەهێزی کولتووری نەتەوەیییە کە پێناسەی مێژووی ئەو گەلە دەکات. ئەمە ئەو ڕەگەزەیە لە کەلەپوورمان، كە شکۆی نەتەوەیەک بە هونەری دوورمان و دیزاین پێشان دەدات.
سەرباری چارۆگەی سەرنجڕاكێشی ژنانی ڕواندز، هونەرمەند حەسەن زیرەك لە گۆرانییەكی ناوداری خۆیدا پەسنی چارۆگەی كیژە هەولێرییان دەكات و دەڵێت:
چاوی ڕەشت ڕەش و پێشن
ئەبرۆت بە جووت قەلەمكێشن
وەك ماری ڕەش بێ ئەندێشن
چارۆكەت هەولێرییە كۆڵوانەت هەولێرییە