هەولێر شێر هەناردە دەکات
هەولێر شێر هەناردە دەکات

لە ناوەڕاستی نۆهەتەكانی سەتەی ڕابردوودا، كاتێك هەولێر لەناو تەنگژەی ئابووری و دووكەڵی شەڕدا بوو، خەلیل کاوانی بڕیارێکی سەیر دەدات، باخچەیەكی ئاژەڵانی بچكۆڵە دەكاتەوە، بە قاچاخ شێر و چەند ئاژەڵێكی دڕندەی دیكە لە دەرەوەی وڵات پەیدا دەكات.

ئەمڕۆ، ئەو پیاوە بە (پادشای شێرەکان) ناسراوە، چیی دی تەنها خاوەن باخچەیەکی سادە نییە، بەڵکو لە (هەواری تازە)، خەریكی بەخێوكردن و بەرهەمهێنانی دڕندەترین ئاژەڵەكانی ئەفریقیایە لە ڕێگەی زاوزێوە، وای لێ هاتووە لە ئیمارات، کوێت، لە تورکیا و ئێرانەوە شێری لێ دەكڕن.

مام خەلیل كە یەکەم كەسە باخچەیەكی ئاژەڵانی لە کوردستان دامەزراندبێت، لە ساڵی ١٩٩٦، بەئیرادەیەکی بەهێزەوە پەنجەرەیەکی ئومێدی کردەوە، باخچەیەكی ئاژەڵانی لەسەر ڕووبەری ٨٠٠ مەتر لەناو پاڕكی گڵكەند كردەوە.

سەرەتا لەگەڵ چەند وەبەرهێنێك مۆڵەتەكەیان لە شارەوانی وەرگرتبوو، بەڵام دوای كردنەوەی پڕۆژەكە، بەتەنها مایەوە و ئەركی سەختی ئاوەدانهێشتنەوەی پاڕكەكەی لە ئەستۆ گرت. لەم بارەوە بۆ (گڵكەند) دەڵێت "ئەمن کە هاتمە ناو پڕۆژەکە لە چار بەش، خاوەنی بەشەک بووم، دوای مانگێک بەشەکانی دیم کڕییەوە و بوومە تاکە ساحیبی حەدیقەکە".

مام خەلیل بووە یەكەم كەس شێر و ورچ بەقاچاخ لە سووریاوە بێنێتە هەرێمی كوردستان، خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی ئەم باخچە بچووكەوە، توانییان بۆ یەكەم جار ئاژەڵە دڕەندە کێوییەكان بەچاوی خۆیان ببینن. لەو سەردەمەدا باخچەی گڵكەند، تاكە ڕووگەی دڵخۆشكەری منداڵان و خێزانەكان بوو.

هەرچەند سەرەتا ژمارەی ئاژەڵەکان کەم بوو، لە دوو شێر، ورچێک، چەند مەیموون و وشترێک، گورگێك و چەند ڕێوییەكی تێپەڕ نەدەکرد، بەڵام وەک مام خەلیل ئاماژەی پێ دا "حەدیقەکە لۆ منداران و گەورانیش بووبووە جێی حەوانەوە و درخۆشی و پێكەنین، سێ چار ساری ئەوەلی ڕۆژانە خەرکەكی زۆر دەهاتن لە دەوری ئاژەڵە دڕندەکان خڕ دەبوونەوە، چونکە پێشتر خەرک حەیوانی ئەوهایان بەس لە تەلەفزیۆنی دیتبوو".

دوای چەند ساڵێك، چیی دی ئەو ڕووبەرە گچكەیە بەشی ئاواتەکانی مام خەلیلی نەدەکرد، بۆیە پەرە بەپڕۆژەكەی دەدات و لە ٢٠١٣دا باخچەکەی دەگوازێتەوە  شوێنێكی نوێ لە نێوان بنەسڵاوە و کەسنەزان، پێنج هەزار مەتر دەكاتە باخچەی ئاژەڵان.

بەهۆی دووریی شوێنەکەوە، خەڵكێكی كەمتر سەردانی باخچەكەیان دەكرد، بەڵام ئەم دۆخە نوێیە بووە دەرفەتێک بۆ ئەوەی مام خەلیل بیر لە لایەنێكی نوێی كارەكەی بكاتەوە، ئەویش پەرەپێدان بوو بە زاوزێی شێرەکان. لەم بارەوە دەڵێت "وەكی گواستمانەوە، جێیەكە دوور و چۆڵ بوو، خەرک کەمتر دەهاتن، لۆیێ فکرمان کردەوە دەست بە زاوزێ و زیادکردنی ئاژەڵەکان بكەین، بەتایبەتی شێر.”

ناوی لە باخچەكەی ناوە (هەواری تازە)، ئێستە ١٠ شێری ئەفریقیی هەیە، بەهۆی ٣٠ ساڵ شارەزایییەوە، ناوبانگێکی وای پەیدا كردووە لە وڵاتانی دراوسێشەوە داوای بەچکە شێری لێ دەکەن.

شێرەکانی مام خەلیل ١٢٠ بۆ ١٣٥ ڕۆژ جارێک زاوزێ دەکەن، سێ تا شەش بەچکەیان دەبێت،کەس نییە لە عێراق وەکی من بەچكە شێر بەرهەم بێنێت، ٣٠ سارە خەریكی بەخێوكردنی ئەو دڕندەیەم، دەزانم كوو ڕایان گرم و گەورەیان كەم”. ئەو كارە بەجۆرێك دەكات كە بۆ ماوەی ٤٠ تا ٤٥ ڕۆژ بەچكەكان لە دایکیان جیا ناکاتەوە، دواتریش كە جیایان دەكاتەوە، جەرگ و سینگی مریشکیان پێ دەدات تا بەهێز دەبن. شانازییش بەوە دەكات كە بەچكە شێرەكانی نامرن و خەڵك زۆر متمانە بەكارەكەی دەكەن.

ناوبانگی مام خەلیل سنوورەکانی بڕیوە و زیاتر لە ١٠٠ شێر و بەچكە شێری هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیكەی دراوسێ كردووە.

ئەو كە بە هێنانی دوو بەچكەشێری سپی و دەگمەنی تەمەن شەش مانگ لە وڵاتی چیکەوە، پڕۆژەکەی گەیاندە ئاستێکی جیهانی، دەڵێت "شێرە سپییەکانم لەسەر مستەوای ئەو مەنتیقەیە شازن، سێ سارە دەستیان بە زاوزێ کردییە، هەوكە حەدیقەکەم لە مستەوای ئیمارات، ئوردن، کوێت، تورکیا و ئێران شوهرەتی پەیدا كردییە، لە هەموو لایەکەوە دێن، لۆ وەی شێریان پێ بفرۆشم”.

سەرەڕای سەرکەوتنەکان، ئێستە بازاڕی شێر ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی گەورە بووەتەوە و نرخ لە سێ هەزار و ٧٠٠ دۆلارەوە بۆ خوار یەك هەزار و ٥٠٠ دۆلار لێژ بووەتەوە.

هۆکارەکەش بۆ ڕووداوەکەی شاری حیللە دەگەڕێتەوە، کە تێیدا شێرێک خاوەنەکەی کوشت و وای کرد حکوومەتی عێراق فرۆشتنی شێر بە هاووڵاتیان قەدەغە بکات.

مام خەلیل لە بارەی بازاڕەکەوە دەڵێتسعری شێر دابەزییە، وەکی جاران شێرە زەردەکان نافرۆشرێن، بەس لەبەرئەوەی ئینتاجی کوردستان لە ئی ئێران، سووریا و عێراقیش باشترە، هێشتا بازاڕمان هەیە، فەرخەی شێرە سپییەکان بەبەر ناكەون، جۆتی ١٥ هەزار دۆلار دەکات”.

شێر، لەبەرئەوەی ئاژەڵێكی دڕندە و دەگمەنە، بەشێوەیەكی گشتی شوێنی تایبەت و تەرخانكراوی پێویستە و هەموو كەس توانای خاوەنداریەتیی نییە، یاخود كەم كەس دەیانەوێت شێر وەكو ئاژەڵی ماڵی بەخێو بكەن، بەڵام ماوەیەكە دۆخەكە لە كوردستان و ناوچەكەش گۆڕاوە، وەك مام خەلیل دەڵێتبێجگە لە ساحێب حەدیقەكان، هەندەك جار گەنج و كیژە فەنان و مۆدیلیش لۆ پۆزلێدانێ فەرخەشێری دەکڕن، هەشە فەرخەشێرەكی لۆ دووسێ ڕۆژان بە دووسێ وەرەقان بەكرێ دەبات”.

باس لەوەش دەكات كە خەڵكانێك فێر بوون بۆ كاسبی و زاوزێكردن، شێری نێر و مێ  دەکڕن، تا بەچكەیان بفرۆشنەوە، جگە لەوەی لە وڵاتانی کەنداوەوە، لە ئیمارات و کوێتەوە کڕیاریان هەیە، ئەوانە دێن لە هەولێرەوە شێر دەكڕن.

بەخێوکردنی شێر تێچووی زۆرە، هەر شێرێک ڕۆژانە نزیکەی ١٠ مریشک دەخوات. مام خەلیل لە ڕێگەی تاقیگە و قەسابەکانەوە خۆراکیان بۆ دابین دەکات و دەڵێتهەر شێرەك ڕۆژی ١٥ بۆ ٢٠ كیلۆگرام گۆشتی مریشك دەخوات. ئەوەش مەسرەفەكی زۆرە، بەس خوا خێری موختەبەراتی بەیتەری بنووسی، تەنسیقم لەگەر كردینە، ڕۆژی ١٥ لۆ ٢٠ فەردە مریشکمان دەدەنێ، لەوانەی لە دەواجینەکان لۆ فەحسی وەریان دەگرن، حەیواندار و قەسابیش وەكی حەیوانەکیان دەمریت، پێش ئەوەی بۆگەن بکات، ئاگەدارمان دەکەنەوە، ئەمەش لێیان وەردەگرین و دەیدەینە شێرەکان”.

جگە لە شێر، باخچەکەی مام خەلیل ئاژەڵی جیاوازی وەک پڵنگ، ئەسپی پۆنی، مەیموون و وشتر و بەرازی کوردی و چەند ئاژەڵ و پەلەوەری دیکەی تێدایە. کرێی چوونە ژوورەوە بۆ منداڵ ٥٠٠ دینارە و بۆ گەورە ١٠٠٠ دینارە، ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ كەس دەچن، مام خەلیل دەڵێت ئەو داهاتە زۆر كەمە و بەشی ناکات، چونكە جگە لە خەرجیی خواردن و پاراستنی شێرەكان، باخچەكە پێنج کرێکار و دوو پاسەوانیشی هەیە، بەڵام لە كۆتاییدا پشت بەداهاتی زاوزێی شێرەکانی دەبەستێت.

ئەمە چیڕۆکی پیاوێکی دەگمەنە، کە لە ڕێگەی مانەوەی لە نێوان ئاژەڵە دڕندەكاندا، خەونە بچووکەکەی پاڕکی گڵکەندی کردە بازرگانییەکی گەورە و سنووربڕ.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved