ئێستە، كە ژیری دەستكرد ڕیتمی ژیان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر دەگۆڕێت، زانست و تەكنەلۆژیا بەخێرایییەكی سەیر دەباتە قۆناغێكی نوێوە، باسی گەرمی میدیا و کۆڕبەندە جیهانییەکان و ناوەندە ئەكادیمییەكانە، هەولێریش بەشی خۆی دەستی بۆ بردووە. ئەگەر هەتا دوێنێ ژیری دەستکرد وەک ئامرازێکی یاریدەر یان تەنێكی نامۆ و جێ پرسیاری زانستی تەماشا كرا بێت، ئەوا ئەمڕۆ لە زانکۆکانی پایتەختی هەرێمی کوردستاندا، بووەتە بەشێکی سەرەکی و ئەکادیمی.
کردنەوەی بەشە تایبەتەکانی (ژیری دەستکرد و ڕۆبۆتیکس) لە زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان، وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی تیشک و زانکۆی سەڵاحەدین، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستەمی خوێندن و تێڕوانینی نەوەی نوێ بۆ بازاڕی کار.
هێمن فاتیح، سەرۆکی بەشی ژیری دەستکرد لە زانکۆی تیشک، کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لەو بوارەدا، جەخت لەسەر بەتەنها قەتیس نەهێشتنەوەی زیرەكی دەستكرد لە ناوەندە زانستییەكان دەكاتەوە و دەڵێ پێویست بەگۆڕینی تێگەیشتنی خەڵکیش هەیە. بەبڕوای ئەو، نابێت خەڵک ژیری دەستکرد تەنیا لە سەرچاوەیەكی وەك چات جی پی تی و گێمینایدا کورت بکەنەوە.
ئامانجی سەرەکیی کردنەوەی ئەم بەشانە لە زانکۆکاندا، گۆڕینی قوتابییە لە بەکارهێنەرێکی سادەوە بۆ بەرهەمهێنەر. ئەو پسپۆڕە بۆ (گڵکەند) دەدوێت “فەلسەفەی خوێندنەکە ئەوەیە قوتابی فێر بێت خۆی مۆدێلی ژیری دەستکرد دروست بکات. ئێمە لە ساڵی یەکەم و دووەمدا بنەماکانی زانستی کۆمپیوتەریان فێر دەکەین، چونکە هەموومان لەژێر چەتری زانستی کۆمپیوتەر داین، بەڵام لە قۆناغەکانی سێ و چواردا، قوتابی دەبێت بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە. دەبێت خۆیان داتا کۆ بکەنەوە، بەتایبەت داتای کوردی کە ئێمە لەوەدا هەژارین، ئینجا بیکەنە سیستەمێک کە کێشەیەک چارەسەر بکات”.
دەشڵێت خەڵک وا دەزانن ژیری دەستکرد تەنیا چات جی پی تییە، چونکە پێشتر ئەم تەکنۆلۆژیایە تەنیا بۆ کۆمپانیاکان بوو، بەڵام کاتێک کەوتە دەست خەڵکی ئاسایی، ئیتر هەمووان وایان زانی تەنیا ئەوەیە. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوە تەنیا بەشێکی بچووکە.
لە بەرامبەردا، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک یەکەم زانکۆ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی تایبەتی بە ناوی "ژیری دەستکرد و ڕۆبۆتیکس" کردووەتەوە. چیمەن حەیدەر، سەرۆکی بەشەکە لەو زانکۆیە، باسی خواستێکی زۆر دەکات لەسەر بەشەکە و دەڵێت "لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥، ئێمە پلانی وەرگرتنی ٢٠ قوتابیمان هەبوو، بەڵام بەهۆی خواستی زۆرەوە ژمارەکە زیاتر بوو. نمرەی وەرگرتن گەیشتە ٩١.٨، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە قوتابیانی زیرەک و بەتوانا ڕوو لەم بەشە دەکەن”.
سەبارەت بەکادیری ئەکادیمی و شارەزای بوارەکە، چیمەن دڵنیایی دەدات کە پشت بەتوانا ناوخۆیییەکان دەبەستن، ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆران لە دەرەوەی وڵات و پسپۆڕییەکانیان لە بوارەکانی فێربوونی ئامێر (Machine Learning)، بینینی کۆمپیوتەر (Computer Vision) و ڕۆبۆتیکس دایە.
ژیری دەستكرد كە لە ڕوویەكەوە مەترسیی بۆ سەر كەرتی پەروەردە و سیستەمی فێركردن دروست دەكات و چاوەڕێ دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا منداڵ پێویستی بەچوونە قوتابخانە نەمێنێت بۆ فێربوونی زانست و وەرگرتنی پەروەردە، لە ڕوویەكی دیكەوە وڵاتانی جیهان پێشبڕكێیانە لە تێكەڵكردنی ژیری دەستكرد بەكەرتی پەروەردە، لەنێو وڵاتانیشدا ئەستۆنیای بەلقان لە یەكێتیی ئەوروپا بووەتە یەكەم وڵاتی جیهان ئێستە بەفەرمی ژیری دەستكرد بەشێكە لە سیستەمی پەروەردە و فێركردنی، هەروەها ڕێكخراوی یونیسكۆ لە ڕێگەی پڕۆژەیەكی گەورەوە كار لەسەر تێكەڵكردنی ژیری دەستكرد بەپرۆسەی خوێندن دەكات لە جیهاندا. بەڵام جێی سەرنجە كە لە كوردستاندا پرسیارە سەرەكییەکە ئەوەیە داخۆ دەرچووانی ئەم بەشە دەبن بە چی و چ جۆرێك هەلی كاریان دەبێت، لە كاتێكدا ژیری دەستكرد هۆكارێكی سەرەكیی نەمانی هەلی كارە لە داهاتوودا، هێمن فاتیح پێی وایە “لە داهاتوودا ئەوەی ژیری دەستکرد بەکار دەهێنێت، جێگەی ئەو کەسە دەگرێتەوە کە ژیری دەستکرد بەکار ناهێنێت. ئەمە بۆ هەموو پیشەکان ڕاستە، لە مامۆستاوە تا ئەندازیار”.
هەروەها دەڵێت سەردەمی کۆدنووسینی تەقلیدی بەسەرچووە و زمانی داهاتوو زمانی گفتوگۆیە. زمانی داهاتووی کۆمپیوتەر کۆد نامێنێت، بەڵکو قسەکردن بە ئینگلیزی و نووسینی داواکاری (Prompt Engineering). ئەوان قوتابی فێر دەکەن چۆن داوا لە ئامێرەکە بکەن کێشەیەکیان بۆ چارەسەر بکات.
دەرچووانی ئەم بەشانە دوو ڕێگەیان لە بەردەمە، بوون بەپسپۆڕی دروستکردنی مۆدێلەکانی ژیری دەستکرد کە کۆمپانیاکان هەلی كاریان پێ دەدەن، یان بوون بەگەشەپێدەری سیستەم و ئەپڵیکەیشن پشتبەستوو بەژیری دەستكرد.
سەرەڕای گەشبینییەکان، کێشەی ژێرخان هێشتا بەربەستە و بۆ بەشی ڕۆبۆتیکس پێویستی بەتاقیگەی پێشکەوتوو هەیە و چاوەڕوانن لە داهاتوودا حكوومەتی كوردستان دابینیان بكات.
كێشەیەكی دیكەی ژیری دەستكرد لە كوردستاندا، نەبوونی داتای کوردییە. بەبڕوای ئەو پسپۆڕە، مۆدێلەکانی جیهان کاتێک بەهێزن کە داتایان لە بەردەست بێت، بۆیە ئەرکی قوتابیانی کورد قورسترە، چونکە دەبێت سەرەتا داتا کۆ بکەنەوە (وەک دەستنووس، دەنگ، دەق) ئینجا مۆدێلەکە ڕابهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستە مۆدێلی “گێمینای”ی گوگڵ باشترینە بۆ زمانی کوردی و تێگەیشتن لە دەقی فەرمی.
ژیری دەستكرد تەنیا لە بەشە تایبەتمەندەکاندا نییە، ئێستە زانکۆی سەڵاحەدین هەنگاوێكی ناوە بەو ئاراستە مۆدێرنەدا، وەك سامان عەبدوڵڵا بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین ئاشکرای دەکات، بڕیار دراوە وانەی ژیری دەستکرد لە سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆدا بخوێندرێت. جگە لە کردنەوەی بەشێکی تایبەت لە کۆلێژی (IT and Informatics). ئەم هەنگاوەش دەری دەخات کە تێگەیشتنێک دروست بووە لەوەی ژیری دەستکرد تەنیا پەیوەست نییە بە ئەندازیارانی کۆمپیوتەرەوە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ هەموو بوارە زانستی و مرۆیییەکان.
بۆچوونی قوتابیانیش ڕەنگدانەوەی گۆڕانی خەونەكانی گەنجانە. سیما هێمن کچە قوتابییەکە سەرەتا لە بەشی پزیشکی وەرگیراوە، بەخواستی خۆی دابەزیوە بۆ بەشی ژیری دەستکرد و دەڵێت "دنیا بەتەواوی بەرەو ژیری دەستکرد دەڕوات. دەزانم پزیشکی بەشێکی گرینگە، بەڵام ژیری دەستکرد داهاتووی جیهانە و ڕێگەیەكی فرەوانی پاراستنی ژیانی خەڵكە”. ئەم بڕیارەی سیما، ئاماژەیە بۆ دروستبوونی هۆشیارییەک کە تێیدا تەکنۆلۆژیا وەک ڕکابەرێک بۆ پزیشکی نابینرێت، بەڵکو وەک ئاراستەیەکی نوێی ژیان سەیر دەکرێت.
هەروەها ئەمین خەتاب، قوتابیی قۆناغی دووەم، جەخت لەوە دەکاتەوە کە حەزی بەردەوامی بۆ تەکنۆلۆژیا وای کردووە ئەم بەشە هەڵبژێرێت و لە ماوەی دوو ساڵدا فێری جیاوازییەکانی نێوان کۆدنووسینی ئاسایی و فێربوونی ئامێر بووە.
لە هەمان كاتدا ژیری دەستكرد ڕێگەیەكی دیكەی لە بەردەم گەنجاندا كردووەتەوە، كە لە قوتابخانەیان دادەبڕێت، وەك ڕۆما ئەحمەد قوتابییەكی دوا قۆناغی ئامادەیی باسی دەكات، ئەو وازی لە قوتابخانە هێناوە، تەواوی ڕۆژەكانی خۆی بۆ فێربوون لە ڕێگەی ژیری دەستكردەوە تەرخان كردووە. دەڵێت “زۆرتر لەوەی مامۆستا دەیزانێت، لە ژیری دەستكرد بەخێرایی وەری دەگرم و فێری دەبم، پێویستم بەوەی نییە سیستەم كاتی فێربوونم لۆ دانێت، ئێستە لە ڕێی ئەپەكانەوە، هەموو وەختەك لە كولیەم و شتی نوێ فێر دەبم، لۆیێ ئەمن چاوەڕێی خیندنی چار پێنج ساری كولیەی ناكەم، بەو ماوەیە لە ڕێی ژیری دەستكردەوە دەبمە خاوەنی زانست و پیشەیەكی باش”.
ئەوەش ناشاردرێتەوە كە ئەکادیمییەکان نیگەرانن لەوەی ژیری دەستکرد دەبێتە هۆی تەمبەڵبوونی قوتابیان لە گەڕان بەدوای زانیاریدا، چونكە لەمەودوا بەئاسانی توێژینەوەی قووڵ و پڕ لە وردەكاری بە ماوەی چەند خولەكێك ئامادە دەكەن، ئەوەش وا دەكات زانستی ئەوتۆیان دەست نەكەوێت، بەڵام ئەوەی هەموو لایەك كۆكن لەسەری ئەوەیە كە مەحاڵە ڕێگری لەو شەپۆڵی گۆڕانە گەورەیە بكرێت كە ژیری دەستكرد لەگەڵ خۆیدا هێناوە. چارەسەر ئەوەیە شێوازی هەڵسەنگاندن بگۆڕدرێت؛ لە جیاتیی ئەوەی داوای زانیاری لە قوتابی بکرێت، داوای شیکردنەوە و تێگەیشتنی لێ بکرێت.