كە بەهار دەگاتە هەولێر، شار جگە لە ڕەنگی سەوز، چەند ڕەنگێکی دیكەش دەپۆشێت؛ ڕەنگەكانی ئاڵایەک کە لە هەموو کات پتر لەبەرچاوان دەشەکێتەوە.
هەموو ساڵێك لەگەڵ نێزیکبوونەوەی ئادار و نەورۆزدا، ئاڵای كوردستان، لە هەموو شوێنێك بەرز دەكرێتەوە. هەولێر پڕ دەبێت لە تابلۆی ڕازاوە بەڕەنگی سوور، سپی، سەوز و زەرد. فرۆشیاران چەندین جۆری ئاڵا بەقەبارەی جیاواز نمایش دەكەن، لەو ئاڵا بچووکانەی بۆ سەر ئۆتۆمۆبێل و مێزی کار بەکار دێن، تا دەگاتە ئاڵا گەورەكانی سەر باڵەخانە بەرزەکان.
ئێستە هاوتەریب لەگەڵ خۆئامادەكردنی خەڵک بۆ جەژنی كوردان، بازاڕێكی نوێ جمەی دێت، ئەویش فرۆشتنی ئاڵای كوردستانە، چونكە جیاواز لە جاران، خەڵك بە گرینگییەوە ڕوویان لە كڕینی ئاڵا كردووە، بۆ ئەوەی بە شانازییەوە هەڵی دەن.
وەرزی بەهار و نوێبوونەوەی ژیان، تژی بۆنەی نەتەوەیییە، لە سەروویانەوە یادی ڕاپەڕین، جاران لەم یادانەدا، لایەنە سیاسییەكان و فەرمانگە حكوومییەكان دار و دیواریان بە ئاڵای كوردستان دەڕازاندەوە، بەڵام ئێستە لە هەولێر، خەڵك ئەو ئەركەیان لە ئەستۆ گرتووە، خۆویستانە پەرچەمی كوردستان لە شوێنی گشتی و تایبەتیش بەرز ڕادەگرن. ئەمەش بەو مانایە دێت كە چیی دی دەربڕینی هەستی نەتەوەیی، تەنیا دروشم و قسە نەماوە، بەڵکو لە ڕەفتار و کرداری ڕۆژانەشدا، لە هەڵگرتن و هەڵواسینی بەردەوامی ئاڵای کورستان ڕەنگی داوەتەوە.
ئەگەر گوزەرێک بەناو بازاڕ و دوکانەکانی پایتەختدا بکەی، لە هەموو شتێک زیاتر ئاڵا و پەرچەمی کوردستانت بەرچاو دەكەوێت. دەیان و سەتان ئاڵای کوردستان لە شوێنی کار دەبینی کە بە شکۆوە لەسەر سەران دەشەكێنەوە.
فرۆشیار لە دوكانەكەیدا، لە ڕێگەی هەڵواسینی ئاڵاوە ڕای دەگەیەنێت كە شوێنەكەی لەژێر شكۆی كوردستانە، بەشێكە لە كیانی هەست و ناسنامەی نەتەوەیی. بێ ئەوەی قسەیەک بکات، لە کڕیارەکەی دەگەیەنێت کە کێیە و شوێنی ئێمە لەم جیهانەدا کوێیە.
لەم ساڵانەی دواییدا، لەسەر تاوەرەكان ئاڵا دەبینی دەشەکێتەوە. لە پشتەوەی پایسکیلی منداڵان و لەسەر ماتۆڕسیكلی دیلیڤەری خواردنیشەوە هەر ئاڵا دەبینی و لەگەڵ بادا دەجووڵێتەوە. تەنانەت لە باڵکۆنی ماڵانی گەڕەكە هەژارنشین و لە شوقە مۆدێرەكانیشدا هەر ئاڵایە دەدرەوشێتەوە.
هەوار محەمەد، دەرچووی بەشی جوگرافیای زانكۆی سەڵاحەدینە، دەڵێت کاتێک لە شوێنە گشتییەکان ئاڵای کورستان دەبینێ، هەست دەکات تەواوی خەڵکی شار یەک دەنگن.
پێی وایە هەبوونی ئەم ئاڵایانە، پەیوەندییەکی تایبەت دروست دەکەن لە نێوان ئەو و خەڵک و شوێنەکەدا. وا دەکات هەستێکی تری بۆ شەقام و کۆڵان و گەڕەک و تەنانەت خەڵکەکەش هەبێت.
لە بازاڕەكاندا تەنها ئاڵای قوماش نابیندرێن، بەڵکو داهێنان لە شێوەکانیدا کراوە، بۆ نموونە لەم زستانەدا چەندین جۆری ملپێچ لە ئاڵا دروست كراون، کڵاو و دەستبەند، هەندێك لە خانمانیش كراسی كوردی بە ڕەنگەكانی ئاڵا دروست دەكەن.
بەڵێن عومەر قوتابییەكی زانكۆیە، دیاردەی هەڵكردنی ئاڵا، بەقۆناغێكی نوێی هۆشیاریی تاک و هۆشیاریی نەتەوەیی دەبینێت، كە وای کردووە شانازیکردن بە ئاڵا و کوردبوون، لە هەستەوە بگۆڕێت بۆ دیمەنی ڕۆژانەی شار.
لەم ڕووەوە کە شەقامە ڕەنگاوڕەنگەکان دەبینی لە ئاداردا، پەیامێکت پێ دەگات کە نەتەوە تەنیا باسوخواسی نێو کتێبە مێژوویییەکان نییە، بگرە چووەتە ناو هەستی ڕۆژانەی خەڵک.
ئاڵا تەنیا پارچە قوماشێکی ئاسایی نییە، بەڵکو هێمای مێژوو و خەبات و بەرخۆدانی میللەتێكە، نیشانەی بوونی گەلە، هەڵواسین و پیرۆز ڕاگرتنیشی، نیشانەی زیندوویەتیی گەلەکەیە.
ئاسۆ ئەحمەد گەنجێکی هەولێرە، بەدەم كڕینی ئاڵایەكی كوردستانەوە دەڵێت “ئاڵایەکی گەورە بۆ سەربانەکەی خۆمان دەکڕم، ئاڵای بچووکیشم لەناو سەیارەكەم هەیە. نەورۆز بێ ئاڵا و گۆرانیی حەسەن زیرەك بێتام دەبیت”.
لە بارەی بازاڕی ئاڵاشەوە، خاوەن كۆشكێكی سەر شەقام كە بە مام نەبەز بانگ دەكرێت، دەڵێت لە سەرەتای ئادارەوە بازاڕیان گەرم دەبێت و لە دەرەوە ئاڵای نایلۆن هاوردە دەكەن و لە ناوەوەی كوردستانیش لەلایەن بەرگدوورەوە، ئاڵا لە قوماش دروست دەكەن.
ئەمڕۆ لە هەولێر، ئاڵا زمانی قسەکردنی شەقامە. گەرموگوڕیی بازاڕی ئاڵا و ئەو داهێنانەی لە شێوازی بەکارهێنانیدا دەکرێت، ڕای دەگەیەنێت كە نەوەی نوێ دەیەوێت بەشێوازێکی جیاواز و مۆدێرن پێوەندیی خۆی بە نیشتمانەوە نوێ بکاتەوە. وەک ئاسۆ دەڵێت، نەورۆز بێ ئاڵا بێتامە، چونکە ئەم پارچە قوماشە ڕەنگینە، مانا بە جەژن و بەهار و بوونی گەلێکی زیندوو دەبەخشێت.