کیلۆیەک کاردیی گوێبەرخە بە حەفت هەزار
کیلۆیەک کاردیی گوێبەرخە بە حەفت هەزار

 

هەموو ساڵێ، لە سەرەتای بەهارێوە، سبیانان زوو، كە هێشتا خەڵكی شاری بەخەبەر نەهاتینە، جارێ شەقام و بازاڕ ژاوەژاویان تێ نەكەوتییە، سوپایەکی بێدەنگ لە كچان و ژنانی کۆڵنەدەر لە ناو دڕک و بەردی ئاقار و زوورگانەوە، بەدەستی ماندوو و قڵیشاوەوە خەریكی كۆكردنەوەی بژێویی خۆیان و خۆراكی سەر خوانی ماڵە هەولێریانن.

هەموو بەهارێك، بۆنی گیای تۆركە، قوڕادە، تاڵیشەکە، کاردی، كەنگر، گۆڵمزە، پیفۆک و قێزبەڵە، لە دامێنی قەڵاتەوە هەتا شەقامە قەرەباڵغەکانی شێخەڵڵا، تەیراوە، کوران و جادەی سوورچییان دەگرێتەوە و تێکەڵ بەهەناسەی ڕێبواران دەبێت. بۆنی ئەو گیایانەی سەردەمانێک لە گوندەکاندا تەنیا بۆ تێرکردنی سکی برسی و لە حەسرەتی نەداریدا دەخوران، ئێستە بوونەتە خۆراکێکی گرانبەها و گەشتێکی پڕ لە یادەوەری بۆ شارنشینەکان.

لەم وەرزەدا، هەر گۆشەیەکی شێخەڵڵا، چیڕۆکی چەندان ژنی بەهێز و خاوەن ئیرادەی وەك فاتیمە محەمەدی تەمەن ٧١ ساڵ دەگێڕێتەوە، ئەو خاتوونە كە سیمای ماندووێتیی پێوە دیارە، هەموو جارێ لە قوشتەپەوە بە چەند عەللاگە كەنگر و كاردییەوە خۆی دەگەیەنیتە ناو بازاڕی هەولێرێ.

ماوەی هەشت ساڵە بۆ بژێویی خێزانە نۆ كەسییەكەی، لەگەڵ نەوەکانیدا کە کچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵن و فێری كردوون چۆن گیا بەهارییەكان بڕنن، ڕوو لە بازاڕی هەولێر دەكات بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمەكانیان.

فاتیمە محەمەد بەدەم پاککردنی کاردییەوە بۆ (گڵکەند) قسە دەكاتبەئاسانم دەست نەکەتینە، سبەینان زوو ملی ڕێی دوور دەگرین، نەوەكانم فێر كردینە کوو لە ناو دڕک و بەردان، بەدوی کاردی و كەنگریدا بگەڕێن”.

لە سەرەتای بەهاردا دەشتی هەولێر و مەخموور کاردی و كەنگریان لێ پەیدا دەبێت، بەڵام سەرەتا بڕەکەی کەمە، بۆیە بەشێك لەوانە گیا بەهاری كۆ دەكەنەوە، ڕوو لە چەمچەماڵ، کەلار و کفری دەکەن. لەوێندەرێوە هەریەكەی دەیان کیلۆ کاردیی گوێ بەرخە دەكەن، كە بەتامە خۆشەكەی دەناسرێتەوە و نرخی كیلۆیەكی لە دەوروبەری حەفت هەزار دینارە.

بە تەنیشت فاتمەوە، سەبیحە حەمەد سلێمان لە پشت گونیە پڕ لە گیا بەهارییەكانی دانیشتووە، تەمەنی دەوروبەری ٦٠ ساڵە و ماڵی لە دارەتووە، ئەویان بە دەم چاکكردن و پاککردنەوەی تۆرکەوە دەستی بەقسان كردسبیانان زوو لەگەر چەند ژنەكی جیران دەچینە دەشتێ، تۆرکە لە ئاقاری قوچە بلباس و شێراوە و ئەو دەوراوپشتەی قوشتەپە دەکەین، دەینینە ئەو بازاڕەی، یەكی ڕۆژێ ١٥ هەزارەكمان پێ دەبڕێت”.

ژنەكانی ناو بازاڕی شێخەڵڵا كە لە دانیشتوانی تۆبزاوە، دارەتوو، قوشتەپە و جەژنیکانن، بوونە كەسانی شارەزای سروشتی ناوچەكە، دەزانن لە هەر ئاقارەكی چ گیایەكی جوایەز هەیە و هەموو جۆرەكانی دەناسنەوە. ئەو وەرزە بۆ ئەوان پڕ لە ڕەنجە بۆ دابینکردنی بژێوی.

ئامینە خان ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵی تۆبزاوایییە، ڕۆژانە ڕێی نێوان گوند و بازاڕی هەولێرێ دەبڕێت، دەڵێت "هەندێ مەخۆ فاماندییە لە بەهاران ئەو ئیشەی دەکەین، سبەینان زوو هەتا ئێوارێ دەچینە ئاقاری گوندەکانی لایێ گردعەزەبان و عارەبکەند، تەندوور، ماستاوە، عەوێنە، شێخ شێروان، تەرزان و گوندێ دی. تۆڵگە، گوڵمزە، تاڵیشکە، قوڕادە، کوزەرە، ترشۆکە، گیابژانە، قونێبرە، قێزبەڵە و پیفۆکان خڕ دەکەینەوە”.

ئاماژەش بەوە دەکات کە بارانی ئەمساڵ وای کردووە زەوی بەخێرایی بەخششەکانی دەربخات و دەڵێت "ئەوسار باران باش بوو، لە هەموو جێیان زوو گیا دەرکەتن”.

ئەو ژنانە، دەیان جۆر گیای دەگمەن دەهێننە بازاڕ، کە هەریەک تام و بۆنی خۆیان هەیە، کڕیار بەتایبەت بۆ دۆزینەوەیان ڕوو لە باژێڕی دەكەن. بەگوتەی ئەوان، کڕیارە شارەزاکان یەکسەر دەزانن هەر گیایەک لە چ خاکێکەوە هاتووە و لەلای کێ دەست دەکەوێت.

ڕۆستەم مستەفا (تەمەن ٦٣ ساڵ)، کە بازرگانێکی گوندی دەربەندی گۆمەسپانە، ٤٠ ساڵە لە هەولێرێ دەژی، کڕیاری هەمیشەییی گیا بەهارییەكانی ئەو بازاڕەیە و هەفتەی جارێک سەردانی دەكات. دەڵێت چی پێ خۆش بێت، بێ گوێدانە نرخ، یەكسەر دەیکڕێت، چونكە خۆشیی بەهار لەوەدایە هەفتەی دووسێ ژەم کاردی، كەنگر، تۆرکە و گۆڵمزەی بخۆن.

ئاشتی ڕەشید (تەمەن ٤٠ ساڵ)، فرۆشیارێکی ناسراوی تەیراوەیە، بەدەم نیشاندانی کاردی و كەنگری مەخموور و دەربەندی گۆمەسپانەوە، دەیگوتوەكی تازە پەیدا دەبن، سعریان زۆرە، كیلۆیەك دەگاتە ١٠ هەزار”. لە بارەی پەیدابوونی جۆرەكانیشەوە ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستە کاردیی گوێ بەرخە لە بازاڕ هەیە، بەینەكی دی کاردیی ڕیشۆڵەش دێت، ئەودەم نرخەكان بۆ دووسێ هەزار دادەبەزن. دەشڵێ کاردیی سووری و كەنگری ئێرانیش لە بازاڕی هەن، بەڵام تامیان خۆش نییە و کڕیاریان کەمە.

چەند بەرهەمێكیش لە سەرەتای بەهاردا بە نرخی زۆر بەرز پەیدا دەبن، وەك ئاشتی ئاشكرای دەكات ئێستە دۆمبەڵانی مەخمووریان هەیە نرخی کیلۆیەكی دەگاتە ٨٠ هەزار دینار.

ئەگەر جاران گیای بەهاری لەبەر نەداری، بۆ تێرکردنی سک بووبێت، ئەوا ئێستە بەشێكە لە زیندووکردنەوەی یادەوەریی نەوەی پێشوو و بەتەمەنەكان. گەڕانەوەیە بۆ ئەو بۆن و بەرامەی لە منداڵییەوە پێی ئاشنا بوون، سەرباری سوودە تەندروستییەكانیان كە لە ژمار نایەن. عەلی گەڵاڵەیی پسپۆڕی هەمەجۆریی ڕووەکی لە کۆلێژی زانستە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، ڕەهەندێکی زانستیی ئەم سوودانە دەخاتە ڕوو و دەڵێت "گیای بەهاری تەنیا سەرچاوەی خۆراک نین، بەڵکو بەگوێرەی توێژینەوەیەکی مەیدانی کە ساڵی ٢٠٢١ لە ناوچەی حوجران ئەنجاممان دا، دەرکەوت كە ئەم گیایانە دەشێ بۆ مەبەستی دەرمانسازییش بەکار بهێندرێن”.

ئەو پسپۆڕە کە خەڵكی باڵەکایەتییە، باس لە دەوڵەمەندیی جۆرەکان دەکات و دەڵێت "جگە لە گیا باوەکان، بە دەیان جۆری وەک کاشمە، لووشە، لیشەشینکە، هەندرێشە، چۆرین، تۆڵاترش، مەندۆکە، قەلەندۆر، کەپرۆکە، مژمژۆکە، نانەشوانە، قازیلە، مێکوک، چاوبازە، کوارگی کەرکۆل و تالیتۆز هەن، کە بەشێوەی فرێش یان لێنان دەخورێن. بەهۆی ئەو بەها خۆراکییە بەرزەی هەیانە، خەڵکی گوندەکانی ناوچە چیایییەکان لە چاو خەڵکی شار لەشساغتر و تەندروستترن”.

چیڕۆکی گیا بەهارییەکانی هەولێر، لەوە قووڵترە تەنیا وەك مامەڵەیەکی بازرگانیی وەرزیی بازاڕی شێخەڵڵا ببیندرێت، ئەو کاردی و کەنگرەی ئەمڕۆ لەسەر خوانی ڕازاوەی شارنشینان دادەنرێ، هەڵگری ڕەنجی دەیان خاتوونی کۆڵنەدەرە، کە بەدەستە ماندوو و قڵیشاوەکانیان، پارچەیەک لە مێژوو و سروشتی ئەم خاکە شیفابەخشە دەگوازنەوە بۆ ناو جەرگەی شار.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved