ساڵی ١٩٧٨، پیاوێك لە هەولێرێ بووە یەكەم بازرگان كە دەستپێشخەری پڕۆژەیەکی مۆدێرن بكات، لەسەر داروپەردووی گەراجی تەنەکەدا، بازاڕێكی هاوچەرخی دروست كرد، كە بۆ ئەو كات وەرچەرخانێكی گەورە بوو.
لە حەفتایەکان، بە گەراجی تڕومبێلی گوندەكانی دەوروبەری هەولێرێیان دەگوت گەراجی تەنەکە، لە ناوجەرگەی بازاڕی بوو. بنەماڵەی حاجی خدر خانچی سەرپەرشتییان دەكرد و زەوییەكە هی شێ محەمەدی عوزێری بوو، ڕۆژێك بڕیار دەدات بیكاتە پڕۆژەیەکی بازرگانی.
ئەو وەختی لە بازاڕی قەیسەری، کۆڵان هەبووە تایبەت بە زێڕینگرەکان، کۆڵان هەبووە تایبەت بە خەیاتەکان، هەبووە تەنیا دارتاشی لێ بووە، بۆیە ئەویش بڕیار دەدات بازاڕە نوێیەكەی تایبەت بكات بە جلوبەرگ و پێداویستییەكانی جوانكاریی ئافرەتان.
شێ محەمەدی عەبۆ ساڵی ١٩٧٨ بیسمیلا لە پڕۆژەکەی دەکات، دوو ساڵی پێ دەچێت تا بازاڕێكی دوو نهۆمی دروست دەكات. وەک هاوڕێکانی دەگێڕنەوە، حاجی شێ محەمەد، چەند بازرگانێكی خاوەن بیرۆكەی نوێ بووە، زیاتر بیری نیشتمانپەروەریی هەبووە. ناوی لە کوڕە تاقانەكەی نابوو سیروان، بێ دوودڵی بازاڕەكەشی بەو ناوە كرد و بووە (ئەسواق سیروان).
ئەگەرچی ئەو کات ڕژێمی بەعسی هەڵوەشاوە لە دائیرەی ئەمن بانگی دەکەن و لێی دەپرسنەوە كە بۆچی ئەو ناوە کوردییەی لێ ناوە و داوای لێ دەكەن بیگۆڕێت، ئەو نکۆڵی دەكات و ناوەكە ناگۆڕێت.
شێ محەمەدی عەبۆ ساڵی ١٩٩٢ دەمرێت و بازاڕەكەی بۆ سیروانی كوڕی بەجێ دەمێنێت. سیروان شێ محەمەد لەم بارەوە بۆ (گڵكەند) دەدوێت ”شانازییەکی گەورەیە لۆ من كە ڕۆژانە خەركی شارەكەم، لەگەر ناوهێنانی ئەسواق سیروان، ناوی من دەینن، شانازیی لەوەش گەورەترم ئەوەیە كە ناوەکەم کوردییە. ئەوەندە ساڵەی لە دەرێ ژیام، یەک ڕۆژیش هەستی کوردایەتی و خۆشویستنی هەولێرم لەبیر نەكردییە“.
كوڕی گەورەی سیروان كە لە وڵاتی ڕۆمانیا لەدایک بووە، ناوی نراوە سەرۆک، ناوی لە كوڕێكی دیكەشی ناوە سەرباز. سیروان بەشانازییەوە دەڵێت هەردوو كوڕەكەی بە كوردییەكی پاراو قسە دەكەن و نیشتمانی خۆیان لە بیر نەكردووە.
ئەسواق سیروان، لە هەشتا و نەوەتەکانی سەتەی ڕابردوو، لەبەر ئارامی و پارێزراوییەكەی، کچ دەیانتوانی بە تەنیا بچن. سیروان دەڵێت ”دەیان کچ و کوڕی دەستگیراندار، لەوێ دیارییان بۆ یەکتری کڕیوە. شوێنی پیاسەی سەدان دڵدار و خۆشەویست بوو“.
تەنانەت وەک ئەوەی لەسەری دەگوترێت، هیچ شوێنێک هێندەی ئەسواق سیروان نەبووەتە ناونیشانی یەكتردیتنی دڵداران و جێژوانی عاشقان. هەر ئەوەش وای کردووە، لەو سەردەمەدا کوڕە جاحێرەکانی شار، بۆ تەماشاكردنی كچان، ئەوێ بکەنە هەوارگەی خۆیان.
ئێستەش زۆر ژن بۆ یادگاری، كە دەچنە ناو بازاڕ، سەردانەكی ئەسواق سیروانیش دەكەن، تا بارگە و بنەی بووکێنیی خۆیان بەبیر بێتەوە.
مام واحید کە کۆنترین کەسە لە سەرەتای دروستبوونی ئەسواق سیروانەوە لەوێ مابێتەوە، دەڵێت ئەو تابلۆیەی لەسەری نووسرایە بازاڕی سیروان، لە یەکەم ڕۆژی كردنەوەی ئەسواقەكە هەتا ئێستە پێیوە مایە. باسی ئەوەشی کرد کە دوای چەند ساڵێک لە دروستکردنی، نهۆمی سێیەم بۆ ئەسواق سیروان زیاد كرا.
مام واحید پێی وایە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، دەیان بازاڕی هاوشێوەی ئەسواق سیروان كرانەوە، بەڵام هیچیان شانیان لە شانی ئەو بازاڕە نەدا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یادگارییە زۆرەی خەڵكی هەولێرێ لەگەڵ ئەو شوێنەدا هەیانە، بەهۆی ناودارسی ئەسواقەكەوە، شەقامەكەش بەو ناوە نراوە، كە لە ساردەمەنیی (تاوس)ی جارانەوە دەست پێ دەكات تا سووچی قەیسەری كە بەکۆتری سەلام کۆتاییی دێت.
لە سەردەمێکدا كە شار تژی بووە لە مۆڵ و هایپەر ماركێتە مۆدێرنەكان، ئەسواق سیروان وەک شایەتحاڵێکی زیندووی هەولێری جاران ماوەتەوە. ئەم بازاڕە چیی دی وەكو جاران تەنها شوێنێک نییە بۆ کڕین و فرۆشتنی جلوبەرگ، بەڵكو جێی یادەوەرییەكانی عاشقانی ئەوێ ڕۆژێیە، پردی نێوان ڕابردووی پڕ لە ئەڤین و قەرەباڵغیی ئێستەیە.
ئەگەرچی تابلۆی بازاڕی سیروان كۆن بووە، بەڵام هێشتا چیڕۆکی ئەو پیاوە دەگێڕێتەوە کە لە بەردەم ستەمی بەعسدا نەبەزی و ناوە کوردییەکەی نەگۆڕی.