بەپێی بەڵگەنامەیەكی فەرمیی شێستەكانی سەتەی ڕابردوو، چایخانەكانی هەولێر وەك مەڵبەندێكی ڕۆشنبیریی سیاسی لەلایەن ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەكار هاتوون.
وەلید سلێمان بەڕێوەبەری ئەمنیی لیوای هەولێر لەسەر داوای موتەسەڕیفییەت، چاودێریی چەند کەسایەتییەک و دوو چایخانەی كردووە لە ناو شاری هەولێر، ئەنجامی چاودێرییەکەشی بۆ موتەسەڕیفییەت ناردووەتەوە.
ڕۆژی ٣/١٠/١٩٦٤، وەلید سلێمان بەنووسراوێکی فەرمی، موتەسەڕیفییەتی لیوای هەولێری لە چاودێریکردنی خەلیفەیەکی تەریقەت و مزگەوتێک و دوو چایخانە لە گەڕەکی مستەوفی ئاگەدار کردووەتەوە.
بەڕێوەبەری ئەمنیی لیوای هەولێر ئاماژەی بەوە داوە كە هیچ جموجۆڵێکی نائاسایییان لە مزگەوتی سەیداوە نەبینیوە. هەروەها زانیویانە خەلیفە محەمەدی تەکیەی شێخی هیران لە تەیراوە، لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستانە و ڕۆژی ١/٩/١٩٦٤ هەولێری بەجێ هێشتووە و چووەتە سنووری هیران.
لە بارەی چایخانەکانی مەلا یاسین و باپیر حاجی سەعیدیشەوە کە لە بەرامبەر یەکتر بوون، شوێنی کۆبوونەوە و یەکتربینینی ئەندامانی پارتی و پێشمەرگەیە، لە پێش دەرگەی هەر یەکێک لەو چایخانانەش، جێبێک بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری حزبیی ئەندامانی پارتی، ڕاگیراون.
چایخانەکانی هەولێر لە سەردەمە جیاوازەکاندا مەڵبەندێکی نەتەوەیی بوونە، بیروبۆچوونە سیاسییەكانیان تێدا ئاڵوگۆڕ كراوە، بەتایبەتی لە مێژووی هاوچەرخدا، بۆیە لەلایەن حکوومەتی ئەوكاتی عێراقەوە چاودێری كراون.