كچە هونەرمەندێكی زیندەوەرناس، لە نێوان تاقیگەی زانستی و هونەری شێوەکاریدا، لە سایەی سروشتی دڵڕفێنی کوردستانەوە داهێنانێك دەكات، ژینگەدۆستانە فڵچەکەی لە ماددە کیمیایییەکان پاک دەکاتەوە، ڕەنگ لە بەرد و خاکی چیاکان دەردەهێنێت، بەرهەمێك دێنێتە كایەوە، گوزارشت لە ناسنامەی نیشتمان بكات.
شیلان شەعبان كچە ئاكرەیییەكی تەمەن ٢٤ ساڵە، دەرچووی زیندەوەرناسییە لە کۆلێژی زانستی؛ زانکۆی دهۆک. لە هەولێر دەستی داوەتە كارێك، كە لە ١٦ ساڵییەوە خولیای بووە، بەم هۆیەوە ئاراستەی ژیانی لە زانستێکی وشکەوە بۆ جیهانێکی پڕ لە ڕەنگ دەگۆڕێت.
ئەو بەردەوام وەک هونەرمەند، ئەو پرسیارەی لە لا دروست دەبوو کە ڕەنگەکان لە کوێوە دێن؟ لەم بارەوە بۆ (گڵكەند) دەدوێت و دەڵێت ”کاتەک زیندەوەرناسیم خوێند، بۆم دەرکەوت زۆربەی ئەو ڕەنگانەی لە بازاڕدا هەن، پڕن لە ماددەی کیمیایی و پلاستیک، دواجار دەچنەوە ناو ژینگە، شی نابنەوە و پیسی دەكەن“. بەبڕوای ئەو، نابێت هونەر تێكدەر بێت، بەڵكو پێویستە هونەر مرۆڤ و دەوروبەری باشتر بکات نەک خراپتر، بێ شك دەڵێت هونەرێک ژینگە پیس بکات، هونەر نییە، بۆیە دوای ئەوەی هەستی كرد بە تابلۆکانی ژینگە پیس دەکات، دەستبەرداری ئەو جۆرە ڕەنگانە بوو، بیری لە ڕێگەیەكی نوێ كردەوە.
هۆشیاریی ژینگەیی، بووە خاڵی وەرچەرخان. شیلان لە جێی ئەوەی دەستبەرداری خولیاکەی بێت، گەڕایەوە بۆ باوەشی سروشت، ڕێگەیەکی نوێی لەناو نهێنییەکانی بەرد و خاکی کوردستان دۆزییەوە.
بیرۆکەی دروستکردنی ڕەنگی لە سروشتەوە بۆ هات، ئەویش لە گەشتە شاخەوانییەکانی خێزانەکەی بۆ چیاکانی کوردستان. ئاکرێ کە بە سروشتە شاخاوی و بەردینەکەی ناسراوە، بووە یەکەم سەرچاوەی ئیلهام.
شیلان دەڵێت ”لە کاتی شاخەوانیدا لەگەڵ باوکم و براکەم، چەند بەردێکی ڕەنگ سەرنجڕاکێشم دیت. بیرم لەوە کردەوە كە پێش شۆڕشی پیشەسازی، مرۆڤ هەر لە سروشتەوە ڕەنگی دەست کەوتووە. بۆیە بەردەکانم لەگەڵ خۆم بردەوە و بڕیارم دا تاقیکردنەوەیان لەسەر بکەم“.
ئیشەكە ئاسان نەبوو، لە ٢٠٢١ـەوە، شیلان خەریکی کۆکردنەوەی بەرد بوو لە چیاکانی سەفین، ئاکرێ و زرارەتی، بەشێوەیەكی زانستی دەست بەوردکردنی بەرد دەكات و پاشخانە ئەکادیمییەکەی بە هانایەوە دێت. دەتوانێت تێکەڵەیەکی ڕەنگیی تەواو سروشتی دروست بکات، ئەویش بە بەکارهێنانی بنێشتی کوردی وەک ماددەی پێکەوەبەستن، تا تۆزی بەردەکان بکاتە ڕەنگێکی شل، لە دروستكردنی تابلۆدا بەكاری بێنێت.
وەک زۆربەی چیڕۆکەکانی سەرکەوتن، سەرەتاکەی تژی بەربەست بوو. لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆر جار هونەر وەک سەرچاوەی بژێوی سەیر ناکرێت، بڕیاری شیلان لە تەرخانکردنی کات و وزەی بۆ هاڕینی بەرد، نامۆ بوو. ئەو بەزەردەخەنەوە باسی ئەو ڕۆژانە دەکات ”سەرەتا دەیانگوت تۆ تەنیا کات دەکوژی، بۆچی بەرد دەهێنی و کاتێکی زۆر بەفیڕۆ دەدەی؟“. بەڵام کاتێک ماڵەوەیان بەرهەمەکەی دەبینن، هەست بە جیاوازییەكە دەكەن و دەبنە پاڵپشتییەكی گەورە بۆ داهێنانەكەی.
خاڵی وەرچەرخانی ڕاستەقینە ئەو کاتە بوو کە شیلان داهێنانەكەی دەكاتە بڕاندێکی بازرگانی. دوای سێ ساڵ لە تاقیکردنەوە و دڵنیابوونەوە لە جۆر و مانەوەی ڕەنگەکان، بڕاندی شیلە پیگمێنتس Shila Pigments ڕادەگەیەنێت.ئێستە بڕاندەکە خاوەنی نزیکەی ١٠ ڕەنگی سەرەکییە، لەوانە؛ زەرد، شین، سووری مەیلەو پەمەیی، ڕەش، سپی، ڕەنگی خاکی (زەیتوونی) و قاوەیی. ئەم ڕەنگانە هەمان ئەوانەن کە سروشتی کوردستانیان پێ نەخشێنراوە، تەنانەت هەندێک ڕەنگ لە توێکڵی هەنار و چەوەندەر بەرهەم دەهێنێت. شووشە و قوتووی ڕەنگەكانیشی، دۆستی ژینگەن، دوای بەكارهێنان، دەتوانرێن جارێكی دیكە پڕ بکرێنەوە.
ئەو بڕاندە، تەنیا بە فرۆشتنی ڕەنگەکان نەوەستاوە. بەڵكو لە دەستپێشخەرییەكدا بۆ ئەوەی چەمکی ”من وێنەکێش نیم“ لە تێڕوانینی خەڵکدا بسڕێتەوە، لە ڕێگەی وۆرکشۆپی هەفتانەوە لە کافتریا و شوێنە گشتییەکانی هەولێردا، دەرفەت بۆ هونەردۆستان دەڕەخسێنێت كە دوور لە جەنجاڵی تەکنەلۆژیا و فشاری کار، دەست بۆ فڵچە و ڕەنگ ببەن.
شیلان لەم بارەوە دەڵێت ”هەموومان لە منداڵیدا وێنەمان کێشاوە، بەڵام کە گەورە بووین ئەو بەشەی مێشکمان کوژاندەوە. من دەمەوێت خەڵک بێن و تەنیا هەستەکانیان دەربڕن. ئێمە فێریان ناکەین چۆن وێنە بکێشن، بەڵکو فێریان دەکەین چێژ لە وێنەكێشان وەرگرن“.
تا ئێستە نزیکەی ٦٠٠ کەس ڕەنگەکانی شیلەیان بەکار هێناوە، لە چین و توێژە جیاوازەکان، لە تەمەنی سێ ساڵییەوە تا ٧٠ ساڵی، بەشدارییان لە چالاکییەكانیدا کردووە. وۆرکشۆپەكانی بوونەتە وێستگەیەک بۆ ئارامیی دەروونی و بەسەربردنی کاتێکی پڕ چێژ لە کۆتاییی هەفتەدا.
سەربووردەی شیلان شەعبان، چیڕۆکی سەرکەوتنی کچە کوردێکە کە سەلماندی دەکرێت لە خاکەوە جوانترین هونەر بەرهەم بهێندرێت. ئەو بەردانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان تەنیا بەشێک بوون لە شاخەکان، ئێستە لەسەر کانڤاسی هونەرمەندان دەدرەوشێنەوە، چیڕۆکی خاکێکی ڕەنگین دەگێڕنەوە.
