لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، ئەو وەختانەی جیهان بە دەست جەنگەوە لەسەر ناسنامە و ئاین دەیناڵاند، لە مزگەوتی قەڵاتێ مۆدێلێکی بێ دەنگ و بێ وێنەی پێكەوەژیانی هەولێر هەبوو كە لە شەوی بەراتدا دەگەیشتە لووتكە.
ئەو شەوە بۆ هەولێرییەکان تەنیا سرووتێكی ئاینی نەبوو؛ بەڵکو ساتەوەختێکی مرۆییی ناوازە بوو، كە خەڵكی شارەكە لە سێبەری ئیماندارانی وەك ڕەشاد موفتی و فەتاح موفتیدا، لەناو بۆنی عەتر و دەنگی بەرزی زیکرەکاندا دەتوانەوە.
لەو سەردەمەدا، ئاین نەدەبووە دیوار، بەڵکو پردێک بوو بۆ كۆكردنەوەی نەتەوە و ئاینە جیاوازەكان.
شەوی بەرات شەوی نیوەی مانگی شەعبانە، كە هیچ كات لە كن هەولێرییەكان بۆنەیەکی ئاینیی ئاسایی نەبووە، بەڵكو لە كۆنەوە قەڵات و خەڵکەکەی چاوەڕێی داهاتنی ئەو شەوەیان دەکرد، چونكە مانایەكی ڕۆحی و کۆمەڵایەتیی ڕەگداکوتاوی هەبوو لە بیرەوەریی پێشیناندا.
هەولێرییەکان لەو شەوەدا، لە مزگەوتە مێژوویییەکەی قەڵات خواپەرستییان تێکەڵ بەخۆشی و شادی دەکرد، نزاکانیان تێکەڵ بە ژیانی ڕۆژانە و ئاینی دەکردە پێناوێک بۆ ڕاستی و پێکەوەژیان و خۆشەویستی.
ئاهەنگی شەوی بەرات لە ئێوارەی ڕۆژی ١٤ی شەعبان دەستی پێ دەکرد. کوڕە گەنج و پیاوەکانی قەڵات ڕوویان لە مزگەوت دەکرد، ژنان و منداڵان ڕوویان لە هۆڵی تایبەت دەکرد، کەشەکە لە ئاهەنگێکی خێزانیی کۆمەڵایەتی و ئاینی دەچوو.
دوای کۆبوونەوەی خەڵکەکە، ڕەشاد موفتیی گەورە زانای ئاینیی کورد، بەدەنگە هێمن و خۆشەکەی خۆیەوە لە دوای نوێژی مەغریب، بە ئاوازی خواپەرستی و نەرمونیانییەوە دەستی بە گوتنەوەی سرووتەکان دەکرد.
جگە لە ڕەشاد موفتی، فەتاح موفتیی براشی، مامۆستا یونس حەداد و مەلاکانی ئەو سەردەمە، مەلا نازم، مەلا مستەفا، مەلا کەمال، مەلا فائیق، مەلا مەردان و مەلا قاسم ئامادەی ئاهەنگی شەوی بەرات دەبوون.
ئامادەبوونی ئەو زانا و مەلا و کەسایەتییانە، کەشێکی ڕۆحی و پڕ لە زانست و یادی خوای بە شەوەکە دەبەخشی. دڵەکان لەو شەوەدا یەکانگیر دەبوون و پێکەوە دەست بە دوعا و ڕوو لە خوا دەبوون.
بۆ چەندین ساڵ بەرنامەی ئاهەنگ و سرووتەکان دیار بوون. سەرەتا سێ جار و بە سێ مەبەستی جودا سورەتی (یاسین) لە قورئانی پیرۆز دەخوێندرا، جارێک بە نیازی بەسەربردنی ژیان بەگوێڕایەڵی خوا، جارێک بە نیازی لاچوونی بەڵا و کارەساتەکان، جارێکیش بە نیازی ڕزق و ڕۆزی.
دوای خوێندنەوەی سورەتی یاسین، خەڵکەکە تێکڕا ڕوو لە قاپی خودا، دوعا و نزایان دەکرد.
ئەوان بە جۆش و خرۆشەوە، بە دڵ داوای لابردنی زەحمەتییەکانیان دەکرد، دەپاڕانەوە بۆ ئەوەی شاد و کامەران بژین، ڕۆزییان فراوان بێت و ژیانیان بەرەو باشتر بچێت. لەو کاتانەدا، سەرتاپای مزگەوت دەبووە وێرد و دوعا و ئامین بۆ هێوربوونەوەی دڵەکان بەر لە هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز.
خەڵکی هەولێرێ لەو شەوەدا هەموویان یەکتریان دەبینی، لە حاڵ و گوزەرانی یەکتریان دەپرسی، دوعای شیفایان بۆ نەخۆشەکانی یەکتر دەکرد.
منداڵان لە شەوی بەراتدا، لە هەمووان دڵخۆشتر بوون. گەمەیان دەکرد. بەئاوازی خۆش و بە دەنگ هەڵبڕین دەیانگوت ”ئەم شەو شەوی بەراتە“، بە هەڵپەڕین و خۆشییەوە دەڕژانە کۆڵانەکان و داوای شیرینییان لە ماڵان دەکرد.
جوانترین هێمای شەوی بەرات لە قەڵاتی هەولێرێ، قووڵبوونەوەی پێکەوەژیان بوو، کە خەسڵەتێکی مێژووییی هەولێرییەکان بووە و لە هەموو سەردەمەکان لەسەری ڕۆیشتوون.
هەولێرییەكانی ئەو سەردەمە، بەبێ ئەوەی بۆ جارێکیش گوێیان لە وشەی پێکەوەژیان بووبێت، بە کردار پێکەوە دەژیان و لە خۆشی و ناخۆشیدا، هاوڕێ و هاوبەشی یەكتری بوون، لە شەوی بەراتیشدا لە مزگەوتی قەڵاتێ ئەو پێكەوەیییە دەگەیشتە لووتكە.
ئەو شەوە تەنها لاپەڕەیەکی زەردی ناو مێژووی هەولێرێ نییە، بەڵکو دەستنووسێکی زیندووە بۆ نەوەكانی ئێستە و داهاتوو، تا لە ڕاستیی شارەكە تێ بگەن. ئەو دەنگانەی لە مزگەوتی قەڵاتەوە بەرز دەبوونەوە، پەیامێکی ڕوونیان بۆ ئەمڕۆ پێیە، شار بە بەرد و چیمەنتۆ نایەتە پاراستن، بەڵکو بەو لێبووردەیی و خۆشەویستییە دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت، کە خەڵكەكە بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
ئێستە کە چەندین دیوار لە نێوان خەڵكدا بەرز دەكرێنەوە، یادەوەرییەکانی پێكەوەبوونی پێكهاتەكانی هەولێرێ لە شەوی بەرات و شەوەكانی دیكەی ساڵدا، لە کۆڵانە بەرتەسكەكانی قەڵات و گەڕەكەكانی دەوروبەریدا بەزیندوویی وەک قیبلەنمایەک دەمێننەوە.