گۆرانییەک دوای 19 ساڵ دەیگەڕێنێتەوە باوەشی باوکی
گۆرانییەک دوای 19 ساڵ دەیگەڕێنێتەوە باوەشی باوکی
February 19, 2026

لە هەولێرێ، كە هەمیشە وێستگەی سەربووردە هەست بزوێنەکان بووە، ڕووداوێک پتر لە ئەفسانە دەچێت، ڕاستییەکی تاڵ و شیرینی ژیانی هونەرمەند کاوە کاوانی دەگێڕێتەوە، دوای ئەوەی ئازارێكی قووڵی خۆی کرد بە گۆرانی، گۆرانییەكەی بووە پردی پەڕینەوە لە دەریای دابڕان.
سەربووردەكە دەگەڕێتەوە بۆ نەوەتەکانی سەتەی ڕابردوو، ئەو کاتەی شەڕی ناوخۆ و دۆخی نالەباری کوردستان، خەونی گەنجانی خستبووە سەر کۆڵی کۆچ.
کاوە کاوانی، وەک هەزارانی دیكە، بڕیار دەدات ڕوو لە تاراوگە بکا.
لە ڕێگەی چوونە ئەوروپادا، لە ئیستەنبوڵ ماوەیەك دەگیرسێنەوە، لەو کاتەدا کچێکیان دەبێت ناوی دەنێن دەریا، كچەكە تەمەنی دەبێتە سێ مانگ، لە تورکیاوە ڕوو لە ئەوروپا دەكەن، بەڵام كاوە لەناو ئیستەنبوڵ دەستگیر دەکرێت، هاوسەرەکەی و دەریای كچیشی بەقاچاخ دەگەنە ئەوروپا.
لەوێوە پەیوەندییەکان دەپچڕێن، باوکێک لە جگەرگۆشەکەی دادەبڕێت.
ساڵ تێ دەپەڕن، کاوە لە زیندان ئازاد دەبێت، بەڵام لە زیندانی تەنیایی نا، بۆ چەندین ساڵ بە ئەوروپادا دەگەڕێت تا كچەكەی بدۆزێتەوە، بێ ئەنجام دەبێت. ئەو نەیدەزانی کچەکەی لە کوێیە، بەڵام دڵنیا بوو ڕۆژێک هەر دەیدۆزێتەوە.
تا لە ٢٠١٢دا، کاتێک بێ ئومێدی باڵی بەسەردا کێشا بوو، پەنا بۆ دوا چەک دەبات، كە هونەرەكەیەتی، گۆرانیی (دەریا) تۆمار دەكات؛ گۆرانییەک کە تەنها ئاواز نەبوو، بەڵکو نامەیەکی کراوەی باوکێک بوو بۆ کچە ونبووەکەی.
بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکە دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو. کاتێک بە سۆزەوە دەیگوت ”ڕۆژێ دەمرم بەم داخەوە، گەر تۆم لە بیر نەچێتەوە”، لەوسەری دنیاوە، دەریای تەمەن ١٥ ساڵ، لە ڕێگەی دۆست و ناسیاوەکانیەوە گۆرانییەک دەبیستێت کە ناوی ئەوی لەسەرە. پێی دەڵێن ”ئەم دەنگە پڕ سۆزە، دەنگی باوکی تۆیە“. دڵە بچووکەکەی دەریا دەکەوێتە لێدان، گومان و ئومێد تێکەڵ دەبن. بڕیار دەدات بەدوای ڕاستییەکەدا بگەڕێت.
دەریا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە، کاوە دەدۆزێتەوە.
بەترسەوە نامەیەک دەنێرێت و لێی دەپرسێت ”ئایا تۆ باوکی دەریایت؟“. کاوە سەرەتا وەک هەر نامەیەکی دیكە سەیری دەکات، بەڵام کاتێک چاوی دەچێتە سەر پڕۆفایلی کچەکە، ڕادەچڵەکێت، لە پڕۆفایلەکەدا نووسراوە “سارە دەریا عەبدولڕەزاق”.
سارە نازناوی دەریایە و عەبدولڕەزاقیش ناوی باوکی کاوەیە.
کاتێک کاوە ناوی باوکی خۆی عەبدولڕەزاق لە ناسنامەی کچەکەیدا دەبینێتەوە، دڵنیا دەبێتەوە کە ئەمە ئەو دەریایەیە کە ١٥ ساڵە بەدوایدا دەگەڕێت. ئەو ساتە، پڕ لە فرمێسک و شۆک بوو؛ گفتوگۆکانیان گەرمتر دەبێت و هەردوولا دڵنیا دەبنەوە کە باوك و كچی یەكدین.
دوای چوار ساڵ پەیوەندیكردن، لە ٢٠١٦دا دەریا بڕیاری دا کۆتایی بەم دوورییە بهێنێت. لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، ئەو شارەی باوکی لێوەی ڕۆیشتبوو، دەگەڕێتەوە كوردستان و دوای ١٩ ساڵ بە دیداری یەكدی شاد دەبنەوە.
گۆرانییەکەی کاوە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک شیوەنێک بوو بۆ دەریا، بووە سروودی سەرکەوتن و گەیشتنەوە بەكەناری هیوا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved