لە شێستەکانی سەتەی ڕابردوودا لە دەشتی هەولێرێ، كاتێك لە دوورەوە تەپوتۆزی ئۆتۆمۆبێلە موسەلەحەکەی بەدیار دەكەت، ترس و بێدەنگی باڵی بەسەر گوندەکاندا دەکێشا.
دیمەنی گەیشتنی پیاوێکی سامناكی دەوڵەت بوو، کە ناوەکەی بارتەقای زەبری قامچییەكەی، تاوانبارانی دەتۆقاند.
نەقیب عەلی والیی میران بەگ، کە دواتر بە عەلی قامچی ڕەش ناوبانگی دەرکرد، تەنها ئەفسەرێکی پۆلیس نەبوو؛ بەڵكو بەرجەستەی دەسەڵاتێکی بەهێز و سیستەمێکی ئەمنیی توندوتۆڵ بوو.
ئەو پیاوێکی چارشانەی ڕەش ئەسمەر بوو، بەپانتۆڵێکی کورتی تا سەرچۆکانی جلی پۆلیسییەوە، بە قامچییەكی ڕەش لە دەستی، بەناو بازاڕدا دەسووڕایەوە، لە بن برۆ گەورەکانیدا کە لێکیان دابوو، تەماشای خەڵكی دەکرد، هەر کەسێک کارێکی لە دەرەوەی یاسا كردبا، بەتوندی ڕووبەڕووی دەبووەوە و تەنبێی دەکرد.
ئەو سەردەمە لە هەولێر و دەوروبەری، تاوانی کوشتن و دزی و شەڕ زۆر بوو، بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی عەلی و چەند ئەفسەرێكی توندوتۆڵی دیكە، تاوان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كرد، تا ڕادەیەک بنکەکانی پۆلیس چۆڵ بووبوون و شار ئارام بووبووەوە.
كاریگەریی ئەو ئەفسەرە وای كردووە تا ئێستە لە چایخانە و دیوەخانەکانی هەولێرێ باسی بكرێت، بەسەرهاتەكانی وەك پیاوێكی بەدەستوبردی پارێزەری یاسا بگێڕدرێتەوە.
جگە لە ئازایەتییەكەی، شارەزایییەكی سەیری لە دەستگیركردنی تاوانباراندا هەبووە، پێشینان چەندین ڕووداوی سەرنجڕاكێش لەم بارەیەوە دەگێڕنەوە.
عەلی قامچی ڕەش، تەواوی ئەو ساڵانەی وەك ئەفسەرێكی پلەدار لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر دەستبەكار بوو، هیچ داواكراوێكی له دهست دەرباز نەبووە، بەڵكو هەر تاوانێکی ئاڵۆزی کوشتن یان دزی و شەڕ لەناو هەولێرێ یان لە دەشتی هەولێرێ ڕووی دابا، ئەو بۆ یەكلاكردنەوەی دەنێردرا، بەتایبەتی ئەگەر كەسێكی دەستڕۆیشتوو، کەسی بنەماڵەیەكی گەورە یان خاوەن عەشیرەت تاوانێكی كردبا.
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس، لە زانستی ئاشکراکردنی تاوان و دۆزینەوەی تاوانباراندا زۆر شارەزا بووە، لە لاپەڕەکانی کتێب و یادەوەرییەكاندا، چەندین ڕووداوی سەیری لە بارەوە دەگێڕنەوە، تەنانەت لە كتێبی بیرەوەرییەكانی كەسایەتیی ناسراوی سیاسیی هەولێر موحسین دزەییشدا ناوی هاتووە.
هەروەها لە كتێبی (شوڕتەی ئەربیل)ی لیوا فاڕوق ئیبراهیم شەریفدا، وێنەیەكی ئەو ئەفسەرە بڵاو كراوەتەوە كە لە ساڵی ١٩٤٤دا گیراوە.
لە كتێبەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ساڵی ١٩٤٨ خولی ئەفسەرانی عێراقی تەواو كردووە، ساڵی ١٩٦١ بووەتە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیس، پێشتریش وەك ئەفسەر لە شارەكانی زاخۆ، هەولێر، ڕواندز، مەخموور، دیبەگە و سلێمانی خزمەتی كردووە، ساڵی ١٩٦٤ خانەنشین كراوە، ساڵی ١٩٨٢ كۆچی دواییی كردووە.
لای خۆیەوە نووسەری كورد عەزیزی مەلای ڕەش دەڵێ عەلی قامچی ڕەش لە مەخموور مفەوەز شوڕتە بوو. کابرایەکی زۆر توند بوو بەرامبەر تاوانباران. غەدری لە کەس نەدەکرد. بەسەرهاتێكیشی دەگێڕێتەوە ”کاتی خۆی دێوەرەکیان لە نێوان گوندەکانی لهێبان و سلێمان بەخشیان سەربڕی. عەلی قامچی ڕەش خەڵکی دوو گوندەکەی کۆ كردەوە و داوای لێ كردن تاوانبارەكە ئاشکرا بکەن، لێی پرسین کێ ئەو تاوانەی ئەنجام دایە؟ كەس جوابی ناداتەوە. ئەویش ڕوویان تێ دەكات و دەڵێت ئەگەر پێم نەڵێن کێ ئەو تاوانەی ئەنجام داوە، هەمووتان دەستگیر دەکەم. ئەوانیش لە ترسان ناوی سێ تاوانبار ئاشكرا دەكەن، عەلی قامچی ڕەش لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا هەرسێکیان دەستگیر دەکات.
لە بەسەرهاتێكی دیكەی ئەو ئەفسەرەدا خەڵك دەگێڕنەوە، کاتێک بە ئۆتۆمۆبێلە نیمچە سەربازییەكەی كە پێیان دەگوت (موسەلەحە)، لە دەشتی هەولێرێ بەرەو گوندەکان بەڕێ دەکەوت، تەپوتۆزێکی زۆر لە دوورەوە دەبینرا، خەڵک دەیانزانی خۆیەتی، ناوبانگی ئەویان بیستبوو، بۆیە زۆر جار لەگەڵ گەیشتنیدا، تاوانبار لە ترسان بەرەو پیری دەچوو و خۆی ڕادەست دەکرد. هەندێك جاریش لەگەڵ گەیشتنی دەچووە سەر جۆخینان یان لەودەی کا، بەدەنگێکی بەرز هاواری دەکرد، دەزانم هەی تاوانبار خۆت لێرە حەشار داوە، وەرە دەرێ! ئەگەر نا ئاگرت تێ بەردەدەم. تاوانبار لە ترسان دەهاتە دەر، لە بەردەم لوولەی تفەنگەكەی کە جۆری (ماهوزەر) بوو، خۆی ڕادەست دەکرد.
ئەگەرچی هەندێك كەس، بەهۆی توندوتیژی و بێ بەزەیییەکەیەوە، بەخراپ باسی ئەو ئەفسەرە دەکەن، چونكە هەندێك جار بەبێ ئەوەی پێویست بووبێت، قامچیی وەشاندووە و خەڵكی بریندار كردووە، بەڵام زۆربەی شایەتحاڵەكان دەڵێن تەنها بۆ پیاوخراپ و تاوانباران بێ بەزەیی بووە نەوەک بەرانبەر خەڵکی ئاسایی.
عەلی والیی میران بەگ، نموونەی سەردەمێك بوو، کە تێیدا چەقۆکێش و شەقاوە پێش ئەوەی لە دادوەر بترسن، لە سێبەری ئەفسەرێكی پۆلیس و قامچییەكەی دەستی دەترسان.
ئەمڕۆ، چیڕۆکی قامچی ڕەش لە نێوان دوو بەرداشی مێژووییدا دەگێڕدرێتەوە؛ هەندێک وەک پاڵەوانێکی نیشتمانی و پارێزەری ئاسایش دەیناسێنن کە قامچییەكانی تەنها لە پشتی پیاوخراپان دەوەشاند، هەندێکیش وەک هێمایەکی توندوتیژیی بێ بەزەیییانە سەیری دەکەن، بەڵام لە كۆتاییدا كەسێك نەبووە بۆ سەردەمی ئێستە دەست بدات، چونكە چیی دی ڕێگە بە پۆلیس و پیاوانی یاسا نادرێت لە دەرەوەی دادگە توندوتیژی بنوێنن، بەڵام بۆ سەردەمی خۆی، كەسێك بووە، بەڕێوەبردنی شاری پایەدار و شكۆدار كردووە.