لە گێمەدێوە بۆ گەڕەکی کوردستان
لە گێمەدێوە بۆ گەڕەکی کوردستان

”ئەو حاردانە ساری ١٩٧٦ فرۆشران، لە جادەی کەرکووکێ لۆ جادەی مەخمووری ٤٠ دۆنم ده‌بوو، دووسەت مەتره‌كمان بەپارەکی کەم کڕی. بەخۆمان لە ٧٨ لە گوندی یەدی قزڵەری هاتبووینە گێمەدێ، ئەو دەمی خانیکردن لەوێندەرێ تەجاوز بوو. پێنجشەممەکی عەسرەکەی چووم هەزار بلۆکم هینا، هێوارەکەی وەستا و عەمەلەم تێ گەیاند، جومعەی لەگەر سۆری سبه‌ینێ وەسـتا سمایل و عەمەلەکانی دەستیان پێ کرد. خانییەکی هاکەزاییمان قیت كردەوە، غورفۆکەک و هەیوانەکمان کرد، لۆ نیوڕانێ تەواو بوو، پاش نیوڕانێ حەفت کاریتە و هەندەک حەسیرمان لەسەر دانا و سەرمان سواق دا. ڕۆژی شەمووی ئەمن و داکم هەندەک شڕ و شیتارمان هینا و چووینە ناو خانی“. ئەمە قسەی سەباح عەبدولعەزیز مەرزیانیی تەمەن ٧٤ ساڵە، باسی قۆناغی پێش دروستبوونی گەڕەكی كوردستان دەكات، لەو سەردەمەدا زەوییەكانی گەڕەكەكە دەشت و ده‌غر بووە.
لەو كاتەی هەولێر هێواش هێواش فراوان دەبێت، مێژووەکی نوێ لە دەوروبەری ناوەندی شار دەست پێ دەكات، لە نزیك جادەی مەخموور، گەڕەکی كوردستان ئاوەدان دەكرێتەوە، کە ئێستە تەمەنی گەیشتووەتە نیو سەتە.
ئێستە كوردستان یەکێک لە گەڕەکە دیارەکانی پایتەختە، لە باکورەوە شەقامی ٤٠ مەتری لە گەڕەکی کورانی جیا دەکاتەوە، لە باشووریشی شەقامی ١٠٠ مەترییە کە گردی کلک ‌مشک و گەڕەکی بەهاری نوێ دەبنە دراوسێی. لە ڕۆژهەڵاتەوە تخوبی لەگەڵ گەڕەکی کرێکاران و نەسیجە، لە ڕۆژئاواشەوە شەقامی چوار سایدی نەورۆز دەورەی داوە.
ئەو گەڕەکە بەهۆی تێكدانی چەند گەڕەكێكی نایاسایییەوە دروست بوو، وەك سەباح عەبدولعەزیز دەگێڕێتەوە ”دەرێن وەكی سەدامی گۆڕ بەگۆڕ بووە نائیب ڕەئیس، سەردانی هەولێرێی كرد، بە جادەی کەرکووکێدا هاتبوو، لەسەر ڕێیەكەی خانییەكانی دیتبوو ناڕێكوپێك بوون، ئەمری كردبوو تێك بدرێن، خانییەكانمان تەخت كرا، هەریەكەی ١٥٠ مەتر حەرد و دوو هەزار دینارمان وەرگرت، لۆ وەی خانی لەو محەلە نوێیەی دروست كەین كە ئێستە بوویتە كوردستان“.
هەروەها لە بارەی ئەو كاتەی لیژنەیەكی تایبەت دروست بووە، بۆ ناونووسكردنی خەڵكی گەڕەكی گێمەدێ و ڕێگەی كەركووك، تا بە پارە و زەوی قەرەبوو بكرێنەوە، سەربووردەیەكی پێکەنیناوی دەگێڕێتەوە كە تا ئێستە لە ناو خەڵکی گەڕەکدا باس دەكرێت. مام سەباح دەڵێت ”کابرایەکی عەنتیکە و سوعبەتچی هەبوو، بەقار بوو، غورفۆکەکی لۆ کەرەکەی بەرامبەر مارێ دروست کردبوو. ئەو ڕەئیس لجنەی لۆ ناونووسینێ هاتبوو، عەرەب بوو، ناوی حەمەد باده‌ڵا‌ بوو، پرسی ئەو غورفە ماری کێیە؟ كابرای بەقاریش لۆ فشەی گۆتی ماری دێزەیە، لجنه‌‌ش ناوی دێزەی قەید کرد. وەکی ناوەکان گەڕانەوە، ناوی دێزەشی تێدا بوو، بەس کابرا نەیوێرا بچتە دو معامەلاتەکەی“.
مام سەباح ئاماژە بەبڕی قەرەبووەكە دەكات كە پارەیەكی كەم بووە و بەشی دروستكردنی خانووی نەكردووە، زۆربەی خەڵك ناچار بوون پارە قەرز بكەن و خانووی پێ تەواو بكەن. بۆ نموونە ئەو بە پارەكە قۆناغی یەكەمی خانووەكەی تەواو كردووە، ٧١٠ دیناری دیكەی پێویست بووە تا بە كەڵكی ئەوە بێت بچنە ناوی.
كەسایەتییەكی دیكەی گەڕەكی كوردستان، سەعید عەبدوڵڵا ئەبابەکرە، كە ‌ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی بەلەبانی دێدەوانێ هاتیته‌ دنیایێ، ساڵی ١٩٧٧ـ هاتووەتە هه‌ولێرێ و لەم بارەیەوە ده‌ڵێت ”وەكی هاتینە هەولێرێ، خانییەکمان بە سێ دیناری بەكرێ گرت، گەڕەکەكە تەجاوز بوو. لە نێزیک مارێ لەگەر پیرەژنێ دەستمان بە خشت بڕینێ کرد، هەتا خشتەکان هیشک بوونەوە. پاشان پێنجشەممەکی پشتی نیوڕانێ دەستمان بە خانی کرد، غورفەکمان دروست کرد، جومعەی تەواومان كرد و سواقمان دا. یەکشەمێ چووینە غورفە خانی، وەكی بەلەدیە هات، کار لە کار ترازا بوو، چونکە مارم بردبووە ناوێ، نەیانتانی بیڕووخێنن، دوایێ حکوومەت قەرەبووی کردینەوە و لەو گەڕەكە نوێیەی‌ خانیمان كرد“.
سەبارەت بە بیناسازی و ژیانی گه‌ڕه‌كی كوردستان، مام سه‌باح دەڵێت ”ئەو گەڕەکە هەندەسی دروست کرا، شارەوانی سەرپەرشتیی دەکرد، خانیکردن بە کەیفی خۆت نەبوو. دوو خەریتەیان هەبوو، دەبووایە یەکیان هەربژێری؛ یەکیان قادرمەی لە دەرێ بوو، یەکیان لە ژۆرێ بوو، لۆیێ زۆربەی مارەکان وەکی یەکن. بیدایەت بازاڕەکی ئەوهای لێ نەبوو، بەس دوکانی بۆرەی هەبوو، بەقارەکان بە کەر و عەرەبانەی دەگەڕان. ئەگەر شتەکی زەروورمان بویستبا، بە جێپی مام سابیری بە دوو درهەمی دەچووینە هەولێرێ و دەهاتینەوە، ئەو دەم ئێرە دوورە شار بوو“.
ئەو گەڕەکە کە ئێستە ناوی (کوردستان)ە، سەرەتا بە ناوی سەدام حوسێنی سەرۆكی لەسێدارەدراوی عێراق كرا، مام سەعید دەڵێت ”شارەوانی ناوی لێ نابوو حەی سه‌دام، عەلاساس بە قەراری وی دروست بوو. بەرام پاش ڕاپەڕین، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا، ناوەکەی گۆڕی و كردییە گەڕەکی کوردستان“.
ئێستە کوردستان تەنیا ناوچەیەكی نیشتەجێبوونی ئاسایی نییە، بەڵکو گەواهیدەری قۆناغێکی گرینگی گۆڕانی هەولێرە لە شارێكی بچووکەوە بۆ پایتەختێکی فراوان. ئەو گەڕەکەی لەژێر ناوی دیکتاتۆرێکدا بە ناچاری دروست کرا، ئەمڕۆ بە ناوی کوردستانەوە بووەتە یەکێک لە جەنجاڵترین و زیندووترین ناوچەکانی شار؛ شوێنێک کە چیڕۆکی ماندووبوونی خەڵکەکەی لەنێو دیوارە ئەندازەیییە هاوشێوەکانیدا، مێژووی نیو سەتە خۆڕاگری دەگێڕێتەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved