عه‌لى حه‌مه‌ده‌مین هه‌مزه (زاینه‌ى ١٩٣٢) كارمه‌ندى (فه‌رڕاش)ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى چالاكیى قوتابخانه‌كانى هه‌ولێر، خه‌ڵكى گوندى (شاخه پیسكه) بوو ، شاره‌زاى بارى كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕۆشنبیری و فۆلكلۆریی ناوچه‌ى خۆیه‌تى. به‌درێژاییى ماوه‌ى پاش مانگى یازده‌ى ساڵى ١٩٩١ تا ڕۆژى خانه‌نشینیم له چالاكیى قوتابخانه‌كان ساڵى ٢٠١٣، مام عه‌لى و چه‌ند كارمه‌ندێك، بووبوونه سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانم، لێره زاراوچه‌كانى بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه:
بڕنۆ: تفه‌نگه، سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتنی، له ئێرانه‌وە ده‌هات، ئه‌و وه‌خت كه‌م كه‌س ده‌یكڕى، ده‌یانگۆ فافۆنه بارگه ناگرى، ده‌ته‌قێ، پاش جه‌رباندنێكى زۆر، بووه یه‌كه‌م سیلاح و ئه‌وانى دیشى لێ ناسران: بڕنۆ وه‌سه‌ت، بڕنۆ سه‌رتۆپ.
تۆده‌ره: تۆده‌ر، ئه‌و كه‌سه‌یه، به گه‌نم و جۆ زه‌وى تۆ ده‌دا، هه‌روا بێته‌وه: نیسك و كونجى و نۆك. له‌و ده‌شته و هه‌ندێك له نزیك ئاوایى، ئه‌و له‌و ئیشه‌ى مه‌علانه، به‌ده‌ست پێوه‌ر ده‌كات و تۆ به‌خه‌سار نادا.
توورگ: مام عه‌لى ده‌ڵێ له زه‌مانى عه‌بدولكه‌ریم قاسم، توورگ ده‌هاتنه بن هه‌ولێرێ، ده‌یانكرده قووڕه قووڕ، توورگ و چه‌قه‌ڵ هه‌ریه‌كه، به ڕۆژ زۆر ناوێرى بێته ده‌رێ.
خه‌نجه‌رى ده‌بان: جۆره‌كانى خه‌نجه‌ر زۆرن، وه‌ك: قه‌زبێن، شینه‌تیغ. كه‌رمان، ده‌بان، ئه‌مه‌یان جه‌وهه‌رداره و قیمه‌تى زیاتره، ده‌ڵێن شیر هه‌وێن ده‌كات، ماناى تیغه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كى كورت له‌ناو شیر دابندرێ، ده‌یكا به ماست.
خواردنى خۆش: خواردنى خۆشى كورده‌وارى، به زستانان داندۆك، به‌هارانیش دۆغه‌وا.
سه‌گ: مام عه‌لى ده‌ڵێ سه‌گى چاك له بڕنۆ چاكتره، بڕنۆ ئاگات له خۆ نه‌بى چت بۆ ناكا. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ سه‌گ ڕۆژێ به چار نان خزمه‌تت ده‌كا، چونكه به‌سیفه‌ته و زۆر به‌وه‌فایه.
سه‌ى تاقه ماڵ: زۆر دڕه، جگه له ساحێب ماڵ و ژن به‌منداڵه‌وه، هه‌ر كێ بێته لاى ئه‌و ماڵه، به‌رى لێ ده‌گرى و قبوڵى ناكا، ئه‌و سه‌گه خه‌ڵك ناناسى، مه‌گه‌ر تاك و ته‌را، ده‌بێ كه‌سێكیان بێته ده‌رێ، حه‌پینه‌كه‌ى ڕاگرێ و دوورى خاته‌وه، سه‌گه‌كه‌ش بۆ جارى داهاتوو ئاشناى ئه‌و كه‌سه غه‌ریبه ده‌بى. تاقه‌ماڵیش ئى مه‌ڕدارێكه لۆ خۆى له‌و زوورگانه‌ى پڕ له‌وه‌ڕ، به ته‌نیا ڕه‌شماڵى هه‌ڵدایه، له‌وانه‌یه له‌ولا تر چه‌ن ڕه‌شماڵ هه‌بن.
سه‌ى دز: سه‌ى دز ده‌چى له ماڵى خه‌ڵكى (ناو گوند)، كه بزانى چووینه ده‌رێ، یان له‌به‌ر گه‌رماى هاوین، لێ ڕاكشاون ئیسراحه‌تیان كردووه، ماست یان كه‌ره یان هه‌ر شته‌ك بخورێ، ده‌و تێ ده‌نێ كه لێى به‌خه‌به‌ر دێن، ده‌رى ده‌كه‌ن و له‌وانه‌یه خۆراكه ده‌وپێكه‌وتووه‌كه فڕێ بده‌ن، چونكه به‌لایانه‌وه سه‌گ ئاوه‌گڵه، ساحێبى ئه‌و نه‌وعه سه‌گانه تۆڕییان ده‌كا، ئه‌و سه‌گانه زۆر نینه، هه‌ركه كه‌تنه‌كه چه‌ند باره ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وا ده‌رده‌كرێن، دوور ناڕۆن هه‌ر له ده‌وره‌ى گوند له كه‌ند و له‌ندان ده‌سووڕێنه‌وه، ئه‌گه‌ر كه‌لاكى حه‌یوانی (مه‌ڕ و ئیتر)یان ده‌س كه‌وێ، یا ته‌یر و توارێك بگرن و بخۆن، ئه‌وا هه‌ر له‌و جێیه ده‌مینێنه‌وه، ئه‌گه‌ر نا ده‌چنه ئاقارى گونده‌كى دیكه.
سنگ و به‌رۆك: سنگ تا سه‌ر زكى ژن، هه‌نده‌ك ده‌ڵێن (سنگ و مه‌مك)، ئه‌وه‌ى دیقه‌ت و دیدارى كردییه زیاتریش ده‌ڵێ، هه‌یه له ناو مه‌جریسى (كۆمه‌ڵ) بێ ناوهینان و پلار، به‌س كه‌م باسى ده‌كا، چونكه عه‌یبه‌یه، جارى وا شه‌ڕ و ده‌عواى لێ ده‌كه‌وته‌وه.
سنگ و به‌رۆك، قسه‌كه ئى زه‌لامانه له‌سه‌ر ژنان، وایه... گێم لێ نه‌بووه ژن به‌كارى بینى، ئه‌وان باسى (مه‌مك، سنگ) به ته‌نیا ده‌كه‌ن. له ناو حه‌یران و لاوك و هه‌نده جار له حه‌قایه‌تى كورت ناوى دێ، له‌وه‌ش گوند تا گوند و به‌ژن و بێژن، فه‌رقێى هه‌یه.
شه‌ڕه‌سه‌گ: له پشده‌ر و قه‌ڵادزه و سه‌نگه‌سه‌ر، له حه‌فته‌ى ڕۆژه‌ك داندرایه، سه‌گه‌كانیان به‌شه‌ڕ دێنن، لۆ سوعبه‌ت و وه‌خت به‌ڕێكردنه. ئه‌من شوانى مه‌ڕ و بزنى خۆمان بووم، ژماره‌یان زۆر نه‌بوو، شوانه‌ك یا دووان له سونعى خۆم بوون، ده‌هاتینه كن یه‌ك، به‌هاره، گیا و له‌وه‌ڕ زۆر بوو، سه‌گه‌كانمان به شه‌ڕ ده‌هینا، نه‌مانده‌هێشت یه‌كدى عه‌دم كه‌ن، یا بخنكێنن، لێكمان ده‌كردنه‌وه.
هه‌نده‌ك پشده‌رى، ئه‌وانه له بۆ قومارى، شه‌ڕیان پێ ده‌كردن. گوندانى و ئى قه‌زا و نا‌حیه حه‌زیان له‌و به‌زم و شه‌ڕانه‌یه، هه‌بوو له جێى نزیك به‌پیكه‌ب حازر ده‌بوون ده‌هاتنه ئه‌و مه‌یدانه، لێره و له‌وێ گه‌نجى كورده‌وارى حه‌زى له شه‌ڕه كه‌و و شه‌ڕه كه‌ڵه‌باب و شه‌ڕه سه‌گه.
شه‌نه: كلكه‌كه‌ى یا باسكه‌كه‌ى له دار بى دروس ده‌كرێ، هه‌ر پێنج دندوكى له دار گه‌ز یان دار ماز دروس ده‌كرێ، جۆتیار ده‌چته گژ خه‌رمان و به‌و شه‌نه‌یه وه‌ك خاكه‌ناس ده‌غڵى گێره‌كراو هه‌ڵده‌گرى و له‌به‌ر بایه‌ك ئیشه‌كه‌ى ده‌كات.. كزه‌با سه‌برۆكه‌یه و به حه‌موو وه‌خته‌كى هه‌یه، به‌س شەنه‌با به كزه‌با ده‌رناچى بێ قه‌وه‌ته، ده‌بى (با) تۆزێك به‌هێزتر بى، شه‌نه‌با به باى شه‌ماڵ ده‌كرێ. جا به قه‌د به‌ژنى خۆى یا به‌رزتر تێ هه‌ڵده‌داته عاسمان، دنكى گه‌نم قورستره و ده‌كه‌وته پێشه خۆى، كاى سووكیش له‌ولاتر.
شه‌نگه‌بى: شۆڕه‌بى، دار بییه و ڕووى ده‌نۆڕته خوار خۆى، قیته‌كه‌ش بییه.
كه‌ر و پرسیار:
له كه‌رێیان پرسى: كێ له تو كه‌رتره؟
گوتى: ئه‌وى به هه‌موو ده‌مان، فیته‌فیتم لۆ ده‌كا، مه‌عناى هیچ تێنووم نییه، به‌س ئه‌و (له من كه‌رتره) ده‌مباته سه‌ر ئاو و فیته‌م بۆ لێ ده‌دا.
كه‌له‌كه: له بن هه‌نگڵى عیسان (مرۆڤ) تا سه‌ر نێك. له حه‌یران باسى نووستنى (كچى ئۆقره‌نه‌گرتوو ده‌كات، خۆى له‌و ته‌نشته‌ى بۆ ئه‌و ته‌نشت وه‌رده‌گێڕى، شه‌یدایه بۆ گه‌یشتن به‌دۆسته‌كه‌ى).
كزه‌با: كسه‌با، خۆى له هه‌ر چوار فه‌سڵه نه‌رم هه‌ڵی ده‌كات، وه‌خت تا وه‌خت جیایه، به‌س دێ و نایێ... ئه‌دى كو قازانجه‌كى هه‌ر هه‌یه له هاوینان فێنكایه‌تییه.
كورتان: ئه‌وه‌ى كورتان دروس ده‌كا پێی ده‌ڵێن كورتاندروو، هه‌نده‌ك هه‌ولێرى (كورتانچى) به‌كار ده‌ینن، پێشان له بازاڕى گه‌وره‌ى هه‌ولێر، كۆڵانێكى درێژى لێ بوو، له ڕێزه‌كه دوكانێكى گچكه‌ی تێدایه، گوش و پووش و پارچه به‌ڕ و، كه‌رسته‌ى دروسكردن (به‌ن و ده‌رزى ئه‌ستووران)ى له‌ناوه، كابرایه‌كى باڵا به‌رز جلكى كورته‌ك و شه‌رواڵى له‌به‌ره، وابزانم ناوى جبۆیه (جوبرائیل)، به‌رده‌وام شوژنى له ده‌سته، بۆ ئه‌و زه‌مان كۆڵانه‌كه ته‌سك نه‌بوو، خه‌ڵك كه‌م ڕه‌ت ده‌بوو، جارى وا هه‌بوو، له ناو دوكانه‌كه‌ى سێ چوار كورتانى حازركراى داندرا بوو، خۆى له پێش دوكانه‌كه‌ى به ڕاوه‌ستان و دانیشتن، خه‌ریكى دروستكردنى كورتان بوو، ڕێیه‌كه‌ى تێپه‌ڕبوونى ته‌سك ده‌كرد، ئه‌و حه‌موو جۆره كورتانه‌كى ده‌دوورى: ئێ كه‌ر و هێستر، زۆریان له‌و گوندانه‌ى نزیك و دوور ده‌هاتن بۆ كڕینى كورتان.
مام عه‌لى گوتى: له كورده‌واریى خۆمان، سه‌رده‌مى زوو، منداڵه‌ك تووشى گه‌شكه ببا، به‌ینه‌ك له ناو كورتانى كه‌ریان ده‌نا، چاك ده‌بوو.
میینه‌ك: مینه‌ك، ئه‌وه‌ى به‌كاروان، مامه‌ڵه‌ت و سه‌وداییى ده‌كرد، له خۆشناوه‌تى حاسه‌لاتى میوه و به‌ڕوو و ئه‌شت ئه‌وهاى ده‌هینا ده‌شت و گوندى خواره‌وه و، كابرا سوارى میینه‌ك ده‌بوو و نان و مانیشى، پێ هه‌ڵده‌گرت. لۆ ئه‌و ئیشه‌ى به هێستر و وڵاغیش هه‌ر ده‌گوترا میینه‌ك.
تێبینیى نووسه‌ر: تكایه هه‌ر كه‌سێ بۆ نووسینى خۆى، زانیاری له‌م وتاره وه‌رگرێ، ئاماژه به (گڵكه‌ند)ى سه‌رچاوه بدات.