لە هەولێرێ، بۆ ماوەیەكی درێژ کاتبەسەربردنی گەنجان لە پشت مێزی چایخانە و کافێیەکان بوو، لەناو دووکەڵی جگەرە و نێرگەلە، بەڵام خەریكە ڕیتمێكی نوێ جێی دەگرێتەوە، ڕیتمێكی پڕ لە دەنگی كێشان بە تۆپدا، دەنگی هاواری تۆماركردنی خاڵ لە دژی بەرانبەر و سەركەوتن.
ئێستە یاریگە و ناوەندە وەرزشییەكان بوونەتە شوێنگرەوەیەكی باش، بۆ نموونە ناوەندی World of Padel تەنها شوێنێك نییە بۆ وەرزش، بەڵکو پێشەنگی شۆڕشێكی بێدەنگە بۆ گۆڕینی شێوازی كاتبەسەربردنی گەنجانی هەولێر.
گۆڕانێكی گەورەیە، گەنجان لە جێی دانیشتنی درێژخایەنی كافێیەكان، ڕوو لە ناوەندێكی وەرزشیی وەك وۆڕڵد ئۆف پادڵ بكەن لە (ئەربیل ئەڤینیو)، لەوێ جگە لە فێربوون و یاریكردن، لەگەڵ هاوڕێیانیش كۆ دەبنەوە و قاوەیەك دەخۆنەوە.
ئەو ناوەندە وەرزشییە كە كورتكراوەكەی (WOP)ە، تەنها یاریگەیەک لە خۆ ناگرێت؛ بەڵكو وەك عەدنان چالی بەڕێوەبەری جێبەجێکار(CEO) دەڵێت ”یەكەم جارە لە كوردستان و عێراقیشدا، ناوەندێك بۆ یاریی پادڵ بەم كوالیتییە بەرزە بكرێتەوە، كە چوار یاریگەی داخراو و دوو یاریگەی كراوە لە خۆ دەگرێت“.
ڕۆژانە نزیكەی ٢٨٠ کەس لەوێ یاریی پادڵ دەکەن، ژمارەیەكی زۆریش بۆ سەیركردنی یارییەكان دەچن.
بەڕێوەبەری جێبەجێکار، كە ئەندازیاری پیشەسازیی تەکنۆلۆجییە، پێشتر لە وڵاتی سوید لە ناوەندێكی وەرزشیی پادڵ پشكی هەبووە، هەر لە سوید بڕاندێكی بەناوی (ئەڤیڤان) داناوە کە ناوێكی كوردییە و بە مانای (شازادەی میزۆپۆتامیا) دێت. ئەو بڕاندە تایبەتە بە دروستكردنی پێداویستییەكانی یاریی پادڵ، وەك تۆپ، جلوبەرگ، جانتا و ڕێکت.
ئاماژە بەوە دەدات كە ناوەندە وەرزشییەكەی لە هەولێر، لە ڕووی لوكژووری و جۆریەتییەوە، لەوانەی سوید و ئەوروپاش پێشكەوتووترە، تەنانەت یاریگەكانی لەلایەن كۆمپانیای پریمیەم پادڵەوە دروست كراوە كە پاڵەوانیەتی جیهانیی پادڵ بەڕێوە دەبات.
لە لایەكی دیكەوە بەشداریكردن و ناو تۆماركردن بۆ یاریكردن لە WOP هاوشێوەی ئەوانەی وڵاتانی ئەسكەندەنافیا و لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنی مۆبایلەوە بە ئۆنڵاین دەكرێت، بەشداریكەر دەزانێت چ كاتێك یاریگەی بەتاڵ هەیە، بۆ ئەوەی دەستنیشانی بكات و دواتر لە كاتی دیاریكراودا ئامادە بێت. ئێستە ئەو یارییە لە هەولێر كۆمیونیتییەكی هەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و واتسئەپدا، ژمارەی بەشدارانی دەگاتە پێنج هەزار ئەندام.
”پێشتر لەگەر برادەران دەچووینە كافێ، هەبوو نێرگەلەی دەكێشا، بە سەعات دادەنیشتین، بەس لە وەتەی ناومان لێرە تەسجیل كردییە، حەفتەی دوو جار دێین پادڵی دەكەین. وەكی ماندیش دەبین لۆ خۆمان هەر لێرە قاوەكی دەخۆینەوە و بەحسی ئەو دنیایەی دەكەین“. بەڵێنی تەمەن (٣٤) ساڵ ئەوها باسی ئەو ئێوارانەی كرد كە بۆ كاتبەسەربردن ڕوو لە WOP دەكات. ئەمە هەستی هەزاران گەنجی كچ و كوڕی هەولێرە كە ئێستە یاریی پادڵیان كردووە بە خووی هەفتانەی خۆیان.
ئەگەرچی یاریی پادڵ بۆ گەنجی هەولێر نوێیە، بەڵام خاوەنی یاریگە مۆدێرنەكە بۆ یەكەم جار لە ٢٠١٤ لە ئیسپانیا بۆ خۆشی دەستی داوەتە ڕێكت و لە یەكەم یاریدا سەرسام بووە، كە دەگەڕێتەوە سوید دەستی لێ بەرنادات و بەردەوام دەبێت لە یارییەكە، لە ٢٠١٨دا دەست دەكات بە بزنس لە بواری یارییەكە. دواتر بیر لەوە دەكاتەوە یارییەكە بێنێتە کوردستان، چونکە سەرگەرمییەکی وەرزشیی ئەوها لە كوردستاندا نییە، هەرچی هەیە ڕوو لە کافتریاكان دەكات، وەك خۆی دەیگێڕێتەوە لێرە پێیان گوتووە بیر لەو پڕۆژەیە نەكاتەوە، چونكە سەركەوتوو نابێت.
عەدنان چالی ئێستە پڕۆژەكەی لە هەڵكشانی جەماوەری دایە، ئاماژە بەوە دەكات كە لە یاریگە نوێیەكەی لە هەولێر، ڕۆژانی هەینی و شەمووان، دوو پاڵەوانیەتیی ناوخۆیی بەڕێوە دەبات، ٩٦ یاریزان بەشدار دەبن. كۆتاییی ساڵی ڕابردووش پاڵەوانیەتییەكیان لەسەر ئاستی عێراق ئەنجام دا و ٣٢ تیم بەشدارییان تێدا کرد.
ئەو گەنجە كوردە كە خۆی یاریزانی پادڵە، پێی وایە كورد ناتوانێت بەئاسانی لە یارییە بە كۆمەڵەكانی وەك تۆپی پێ بە ئاسانی لە جیهان ناو دەربكات، بەڵام لە یارییەكی نوێی وەك پادڵ، ئەگەر ئەکادیمیای باش هەبێت، دەتوانن ناوێکی گەورە بۆ كوردستان لەسەر ئاستی جیهان دروست بکەن.
عەدنان چالی ئێستە خەریكی دروستكردنی دوو ناوەندی دیكەی وەرزشیی پادڵە لە پیرمام و سۆران، هەروەها لە شاری دهۆک و زاخۆ لە قۆناغی دیزاینكردنی دوو ناوەندی دیكەن. لە هەمان كاتدا خەریكی پەرەپێدانی ناوەندەكەی هەولێرە و لە ڕێگەی ڕاهێنەری بیانییەوە، كە لە نێویاندا ڕاهێنەرێكی ئیسپانی هەیە، ئەكادیمیای تایبەت بە فێركردنی یارییەكەی كردووەتەوە و ڕۆژانە نزیكەی حەفت كۆرسی تێدا دەگوترێتەوە. هەر لەناو WOPدا شوێنێك بۆ یاریی ئاسن و خۆئامادەكردن تەرخان كراوە، بۆ ئەوەی یاریزان لە كاتی یاریدا تووشی پێكان نەبێت.
یاریی پادڵ بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٦٩ لە شاری ئاکاپولکۆی مەکسیک لەلایەن بازرگانێکەوە بە ناوی ئینریکی کۆرکوێرا بە ڕێكەوتێكی سەیر پەیدا بوو، كاتێك بازرگانەكە دەیویست یاریی تێنس لە باخچەی ماڵەکەیدا بکات، بەڵام شوێنەکە بچووک بوو و نەیدەویست تۆپەکە بچێتە ناو ماڵی دراوسێکان، بۆیە بڕیاری دا یاریگەیەکی بچووکتر دروست بکات و دیوار بەدەوریدا بگرێت. ئەو یاسایەی دانا کە تۆپەکە دەکرێت بەر دیوارەکە بکەوێت و یارییەکە بەردەوام بێت، ئەمەش بووە بنەمای سەرەکیی یاریی پادڵ.
لە ١٩٧٤، هاوڕێیەکی ئیسپانی کۆرکوێرا بە ناوی شازادە ئەلفۆنسۆ سەردانی مەکسیکی کرد و سەرسام بوو بەیارییەکە، کاتێک گەڕایەوە بۆ ئیسپانیا دوو یاریگەی پادڵی لە شاری ماربێیا دروست کرد و زۆر بەخێرایی بڵاو بووەوە. لە هەشتاکانی سەتەی ڕابردوودا پادڵ گەیشتە ئەرجەنتین، لەوێ بوو بەدیاردەیەکی وەرزشیی گەورە و بوو بە دووەم یاریی جەماوەری لە دوای تۆپی پێ.
ئێستە پادڵ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی (FIP) هەیە، كە لە ١٩٩١ەوە دامەزراوە و بارەگەی لە شاری لۆزانی سویسرایە. پاڵەوانیەتی جیهانی و خولی (Premier Padel) ئەنجام دەدات.
ئێستە پادڵ وەک تێکەڵەیەک لە هەردوو یاریی تێنس و سکواش دەبینرێت، بەهۆی ئاسانیی فێربوون و لایەنە کۆمەڵایەتییەکەیەوە، لە هەموو تەمەنەکاندا یاری دەکرێت.