11 هەزار کۆمپانیای نوێ تۆمار کراون
11 هەزار کۆمپانیای نوێ تۆمار کراون
February 16, 2026

لە ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٥، کەرتی بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان وەرچەرخانێکی مێژوویی و گۆڕانێكی ڕیشەییی بینی. بەپێی ئاماری فەرمی، لەم شەش ساڵەدا ١١ هەزار و ٥٦٧ کۆمپانیای نوێ دامەزراون، كە ١١ هەزار و ٣١٩ كۆمپانیای ناوخۆیی و ٢٤٢ كۆمپانیای بیانی و ٣٥٤ كۆمپانیای عێراقی، بە سەرمایەی هەشت ملیار و ٨٢٥ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار تۆمار كراون.
ئەم هەڵکشانە پێوانەیییە دەرەنجامی زنجیرەیەک چاکسازیی یاسایی، کارگێڕی و دیجیتاڵیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتە، کە ژینگەیەکی لەباری بۆ گەنجان و وەبەرهێنەران ڕەخساندووە تا بە تێچوو و کاتێکی کەمتر، ڕوو لە پەرەپێدانی کارە بازرگانییەکانیان بکەن. بەمەش ژمارەی گشتیی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان گەیشتووەتە ٤٢ هەزار و ٤٢١ کۆمپانیا (٣٧ هەزار و ٤٥٧ی ناوخۆیی، سێ هەزار و ٦٦٠ی بیانی و یەك هەزار و ٣٠٤ی عێراقی). لەم نێوەندەدا، هەولێر بە تەنیا پشکی ٦٧٪ی گەشەی کۆمپانیا نوێیەکانی شەش ساڵی ڕابردووی بەرکەوتووە.
بڵند محەمەد مەولوود مەم بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان بۆ (گڵكەند) گوتی ”ئەم هەڵکشانە دەرەنجامی چاکسازییەکی قووڵە لە هەردوو ڕەهەندی تێچوو و کاتدا، پێشتر تۆمارکردنی کۆمپانیا دوو بۆ سێ ملیۆن دیناری تێ دەچوو، ناوی بازرگانییش بە ڕۆتینێکی بێزارکەر و تێچووی زۆر ئەنجام دەدرا، بەڵام دوای هەموارکردنەوەی یاساکان، دەسەڵاتی ناوی بازرگانی گوازرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی“.
بەپێی پەیڕەوی ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٢٢، ڕەسمی ناوی بازرگانیی بیانی کە پێشتر ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار بوو، هەروەها ناوی ناوخۆیی کە ٦٠٠ هەزار بوو، هەردووکی بۆ تەنیا ٧٥ هەزار دینار کەم کراوەتەوە. تێچووی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیا و ناوی بازرگانییش پێکەوە بۆ تەنیا ١٦٢ هەزار و ٢٥٠ دینار کەم کراوەتەوە.
ئەم چاکسازییە لایەنی دیجیتاڵیشی گرتەوە، کاتێك لە ڕێگەی کاراکردنی سیستمێکی دیجیتاڵیی نیشتمانییەوە، تۆمارکردن لە دوو مانگەوە بۆ ٢٤ کاتژمێر کورت کرایەوە. بۆ پشتیوانیکردنی گەنجانیش، مەرجی پێشوەختەی باڵەخانەی سەربەخۆ و گرێبەستی پارێزەر و ژمێریار لادران، ڕێگە درا چەند کۆمپانیایەک لە یەک ئۆفیسدا کار بکەن. بڵند مەم، ئەم هەنگاوانە بە(شۆڕشێک) ناو دەبات کە هاندەری سەدان گەنج بووە ببنە خاوەنکار و کۆمپانیای خۆیان.
لای خۆیەوە دڵشاد نادر گەردی، پارێزەری ڕاوێژکار لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان دەڵێت ”بەدیجیتاڵکردنی سێکتەرەکە وەرچەرخانێکی گەورەی دروست کردووە، خاوەنکار لە ماوەی ٢٤ بۆ ٧٢ کاتژمێردا وەڵامی فەرمیی داواکارییەکەی پێ دەگات، پاشان ڕێکارەکانی وەک ڕەسیدی بانکی و تۆماری نووسراو دەست پێ دەکات، بەماوەیەکی کەم دەبێتە خاوەن کۆمپانیای تایبەت بەخۆی“.
ئەم پارێزەرە کە سەرپەرشتیی کاروباری ٦٨ کۆمپانیا دەکات، ئاماژە بە لایەنێکی دیکە دەدات و دەڵێت ”دابەزینی تێچووی تۆمارکردن، جۆرێک لە (چاولێکەری) لە بازاڕدا دروست کردووە، بۆ نموونە بە دەیان خاوەن نووسینگەی خانووبەرە بێ ئەوەی پێویستیان بێت، ڕوویان لە تۆمارکردنی کۆمپانیا کردووە“.
ئامارەکان دەری دەخەن کە هەولێر جگە لە ناوەندی سیاسی، بووەتە جەمسەری سەرەکیی بازرگانی و وەبەرهێنان. ٢٧ هەزار و ٦٢ كۆمپانیا تەنیا لە هەولێرن و پایتەخت پشکی ٦٧٪ی گەشەی شەش ساڵی ڕابردووی بەرکەوتووە. لە کۆی کۆمپانیا نوێیەکان، حەفت هەزار و ٨١٧ کۆمپانیایان لە هەولێر بووە، حەفت هەزار و ٣٤٣ ناوخۆیی، ٢١٧ بیانی، ٢٥٧یش عێراقی.
پشتیوان مستەفا، بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی هەولێر، ئەم گەشەسەندنە بۆ پێگەی پایتەخت و بوونی کۆنسوڵخانەکان و هەماهەنگیی دامەزراوە حکومییەکان دەگەڕێنێتەوە. تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکاریی سیستەمی باج و دەڵێت ”پێشتر باج بە خەمڵاندن وەردەگیرا و خۆدزینەوەی زۆری تێدا بوو، بەڵام ئێستە باج لەسەر داهاتی ڕاستەقینەیە و ئەگەر کۆمپانیایەک کاری نەبێت، باجی لێ وەرناگیرێت“.
مۆفەق جەمۆ باوەکر (تەمەن ٤٠ ساڵ)، خاوەنی کۆمپانیای (ئەستێرەی خۆشناوەتی) بۆ هاوردەی خۆراک، یەکێکە لەو سەدان گەنجەی سوودمەند بووە لە چاکسازییەكان و دەڵێت ”بەتێچوونەکی کەم کە لە کرێی پارێزەرێکیش کەمتر بوو، بە دوو هەفتە بوومە خاوەن کۆمپانیای خۆم“.
هەروەها ئەحمەد سابیر خاوەن کۆمپانیای (باغی گەردی)، کە ماوەی دوو ساڵە بووەتە خاوەنی کۆمپانیا، جەخت دەکاتەوە ”هەبوونی کۆمپانیا وەک قەوارەیەکی یاسایی، متمانەیەکی گەورە لە بازاڕدا بۆ خاوەنکار دروست دەکات، بەتایبەت لە بواری کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەدا کە متمانە بنەمای سەرەکیی کارەکەیە“.
هەر لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییانەدا، بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان، حکوومەت ماددەی ١٢١ی یاسای کۆمپانیاکانی کارا کردووە کە مەرجی پسپۆڕیی بۆ بەڕێوەبەران دیاری دەکات. لەم ڕووەوە بە بەکارهێنانی (فلتەری بایۆمەتری) ڕێگری دەکرێت لەوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی ببنە بەڕێوەبەری کۆمپانیا؛ ئەمەش خاوەنکارانی ناچار کردووە یان گەنجانی پسپۆڕ دابمەزرێنن یان دەستبەرداری پۆستە حکومییەکانیان بن. بڵند مەم دەڵێت ”لەم ڕێگەیەوە دەرفەتی کار بۆ هەزاران گەنج ڕەخساوە و زیاتر لە ١٩ هەزار کۆمپانیا لە سیستەمی دیجیتاڵیدا تۆمار كراون“.
کۆمپانیا بیانییەکان و لقەکانی عێراق پشکی بەرچاویان لەم گەشەیەدا هەبووە، ئێستە سێ هەزار و ٦٦٠ کۆمپانیای بیانی و یەك هەزار و ٣٠٤ لقی کۆمپانیای عێراقی لە هەرێمی كوردستان هەن، کە تەنیا لە شەش ساڵی ڕابردوودا ٢٤٢ کۆمپانیای بیانی و ٣٥٤ لقی عێراقی تۆمار کراون و ٨٠٪یان لە هەولێر جێگیر بوون.
لە ڕووی ڕیزبەندیی وڵاتانیشەوە، کۆمپانیاکانی تورکیا، ئیمارات، ئەمریکا، بەریتانیا، ئوردن، لوبنان، چین، ئێران، ئەڵمانیا و ڕۆمانیا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەن کە ڕوویان لە كوردستان کردووە.
بڵند محەمەد مەم دەشڵێت ”هەماهەنگییەکی پتەومان لەگەڵ تۆماری کۆمپانیاکانی عێراق هەیە، پێشتر پەیڕەوی ژمارە (١) مەرجی قورسی لەسەر کردنەوەی لقی کۆمپانیاکانی عێراق لە كوردستان دانابوو، بەڵام دوای چاکسازیکردن لەم ڕێکارانەدا، ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای عێراقی لقیان لە شارەکانی هەرێمی كوردستان کردەوە. لە بەرامبەریشدا، ئێستە نزیکەی حەفت هەزار کۆمپانیای كوردستان لە شارەکانی عێراقدا لقیان هەیە و چالاکن“.
باوترین ئەو بوارانەی لەم شەش ساڵەدا کۆمپانیایان بۆ تۆمار کراوە بریتین لە بازرگانیی گشتی، بەڵێندەرایەتی، خانووبەرە، حەج و عومرە و ئۆتۆمۆبێل. ئەم گەشەیە دەرەنجامی سڕکردنی ماددەی ١٨ی یاسای کۆمپانیاکانە کە پێشتر ڕەزامەندیی پێشوەختەی هەموو لایەنەکانی دەویست، ئێستە تەنیا سێکتەرە هەستیارەکانی وەک (ئاسایش، دڵنیایی، بانکی و تەندروستی) ئەو مەرجەیان لەسەرە.
لە لایەكی دیكەوە پشتیوان مستەفا جەخت دەکاتەوە کە چاکسازی لە سیستەمی باجدا وای کردووە کۆمپانیاکان چیی تر خۆیان بە یەک چالاکییەوە نەبەستنەوە، چونکە باج لەسەر کۆی داهات وەردەگیرێت نەک جۆری کارەکە. بەڵام وەک ئاڵنگارییەکی کارگێڕی لە بەردەم ئەم هەمەجۆرکردنەدا، وەرتی ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا هەندێک وەزارەتی وەک ناوخۆ و ئەوقاف، مەرجی توندیان هەیە کە نابێت کۆمپانیاکانی ئاسایش یان حەج و عومرە هیچ چالاکییەکی دیکەی بازرگانییان هەبێت.

تۆماری شەش ساڵی رابردووی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved