ساڵانە بەهۆی بەکارهێنانی بێ سەروبەر و خراپیی کوالێتیی پەینە کیمیایییە هاوردەکراوەکان، بەشی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکان ڕووبەڕووی مەترسیی تێکچوونی پێکهاتەی سروشتی دەبنەوە و پیتیان نامێنێت، زانکۆی سەڵاحەدین لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی نموونەیییەوە بۆ بەرهەمهێنانی پەینی ئۆرگانی، هەوڵی گۆڕینی پاشماوە بێ سوودەکان بۆ سەرمایەیەکی نیشتمانی دەدات.
ئەم پڕۆژەیە کە لەسەر بنەمای (ئابووریی بازنەیی) و پاککردنەوەی ژینگە دامەزراوە، وەک ستراتیژیەتێکی زانستی بۆ پاراستنی خاک و بەرهەمی کشتوکاڵی دەبینرێت، هەرچەندە هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە، بەڵام وەک هەنگاوێکی گرینگ بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانە گەورانە هەژمار دەکرێت کە ساڵانە بەهۆی ماددە کیمیایییەکانەوە بەر خاک و سەرمایەی نیشتمانی دەکەون.
هەوڵە زانستییەكە ماوەی ساڵ و نیوێکە دەستی پێ کردووە، سوود لەو پاشماوانە وەردەگرێت کە پێشتر بارگرانی بوون بەسەر ژینگەی شارەوە، وەک پاشماوەی سەوزە و میوەی گومرگی هەولێر، پاشماوەی ئاژەڵی گوندەکان، کێڵگەکانی پەلەوەر (مریشکی هێلکەکەر) و پاشماوە ڕووەکییەکان (پووش و پاوان). ئەم کەرەستە خاوانە دوای چەندین پڕۆسەی زانستی و تاقیگەیی، دەگۆڕدرێن بۆ پەینێکی ئۆرگانیی دەوڵەمەند بەناوی (بژێو).
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ڕابەر فەتاح، لە کۆلێژی زانستە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، دەڵێت ”ئێمە پاشماوە فڕێدراوەکانمان کردووە بەپەینێکی دەوڵەمەند بۆ بەپیتکردن و بوژانەوەی خاک. بیرۆکەی پڕۆژەکە دوای ئەوە دروست بوو کە توێژینەوەکانمان نیشانیان دا بەکارهێنانی بەردەوامی پەینە کیمیایییەکان، هاوسەنگیی سروشتیی زەویی جووتیارانی تێک داوە و بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی توخمە زیانبەخشەکان، ئەمەش جگە لە زیانی ژینگەیی، بڕی بەرهەمی کەم کردووەتەوە و تێچوویەکی زۆریشی بۆ جووتیاران دروست کردووە“.
بۆ ئەوەی ئەم پەینە بەشێوەیەکی زانستی بەکار بهێنرێت، کارگەکە ڕێنماییی وردی لەسەر شێوازی بەکارهێنانی پەینەکە و جۆری توخمە خۆراکییەکان لەسەر کیسە ٢٥ کیلۆیییەکان چاپ کردووە.
سامان عەبدوڵڵا، جووتیارێکی گوندی مەعەمەر ئۆمەرانی سنووری ناحیەی قەراجە، ئەمساڵ ١٠٥ دۆنم زەویی بەگەنم چاندووە و پەینی «بژێو»ی بەکار هێناوە. دەڵێت ”ساڵانی ڕابردوو ١٤ تۆن پەینی کیمیاییم بەکار دەهێنا، بەڵام ئەمساڵ ١٥ تۆن لەم پەینە ئۆرگانییەم بەکار هێنا. گەنمەکە زۆر جوانتر و کاریگەرتر لە کێڵگەکانی دەوروبەر شین بووە، هاوکات ٤٠٪ی خەرجییەکانم بۆ گەڕاوەتەوە.“
سامان جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەو، بووژانەوەی زەوییەکەی بووە، چونکە هەستی کردووە بەهۆی پەینی کیمیایییەوە بەپیتیی خاکەکەی زۆر کەم بووەتەوە.
هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی ئومێدبەخشە، بەڵام ئامارەکان دەری دەخەن کە هێشتا بۆشایییەکی گەورە لە نێوان بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردەکردنی پەیندا هەیە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ساڵانە پارێزگەی هەولێر پێویستی بە ٦٦٥ هەزار تۆن پەینی کیمیایی و ئۆرگانی هەیە، کە بریتین لە ١٤٠ هەزار تۆن داب، ١٦٠ هەزار تۆن یۆریا، ١١٥ هەزار تۆن پەینی ئۆرگانی و پیتموس و کۆمپۆست، ٩٠ هەزار تۆن ئێن. پی. کەی و ١٦٠ هەزار تۆن پەینی جۆراوجۆری دیکە.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، بڕی ملیۆنێک و ٤٢٩ هەزار تۆن پەین لە وڵاتانی وەک تونس، سعودیە، ئوردن، عومان، ئێران، تورکیا، تورکمانستان، مەکسیک، ئەمریکا، چین، ژاپۆن، ڕووسیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هاوردە کراوە، کە بەم شێوەیە بەسەر ساڵەکاندا دابەش بووە، لە ٢٠٢٣ بڕی ٢٥٣ هەزار تۆن، لە ٢٠٢٤ بڕی ٤٠٣ هەزار تۆن و لە ٢٠٢٥یشدا بڕی ٧٧٣ هەزار تۆن هاوردەی هەولێر کراوە.
سەمیر مەحموود، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە هەولێر بۆ پەینی یۆریا پشت بە بەرهەمی تورکمانستان، ئێران و عومان دەبەستێت. ئەو دەڵێت ”بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کارگەکانی ئێران، بەرهەمی ئەو وڵاتە کەم بووەوە، ئەمەش کاریگەری کردە سەر کەمکردنەوەی بڕی پەینی هاوردەکراو لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤“. ئاماژە بەوەش دەكات کە تەنیا دوو کارگەی کیمیایی و یەک کارگەی ئۆرگانی لە هەولێر هەن کە بەرهەمیان کەمە، بۆیە پاڵپشتی ئەم پڕۆژە ناوخۆیییانە دەکەن بەرهەمیان بەرز بکەنەوە، تاوەکو ڕێگری لە چوونە دەرەوەی سەرمایەی نەختینەیی بکرێت.
پڕۆژە و کارگەی بەرهەمهێنانی پەینی ئۆرگانی «بژێو» دەکەوێتە سنووری گوندی ئیلنجاخی سەر بە قەزای قوشتەپە. لە ساڵی یەکەمدا پڕۆژەکە تەنیا ١٥ تۆن بەرهەمی هەبووە، بەڵام ئێستە توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی بۆ ٢ تاوەکو ٣ تۆن بەرز بووەتەوە، کە ساڵانە دەکاتە نزیکەی ٧٥٠ تاوەکو ١٠٠٠ تۆن. دکتۆر ڕابەر ئەوەش دەڵێت كە کوالێتی پەینی (بژێو) گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و بێ بۆن و کرمە، ئەمەش وای کردووە خواست لەسەر بەرهەمەکە سنووری هەولێر تێپەڕێنێت و بگاتە دهۆک، زاخۆ، ئاکرێ، مەخموور و چەندین ناوچەی دیکە. پلانیشیان هەیە تاوەکو ناوەڕاستی ئەمساڵ بڕی بەرهەمەکەمان بکەنە سێ هێندە.
لە لایەکی دیکەوە، پسپۆڕانی ئاو و خاک جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە نەمانی سیستەمی (کژ و وەرد) و بەکارهێنانی بەردەوامی زەوی، خاکی كوردستانی تووشی ماندووبوونێکی زۆر کردووە. ئەم گۆڕانکارییە لە شێوازی کشتوکاڵدا وای کردووە پەینی کیمیایی ببێتە تاکە سەرچاوە بۆ زیادکردنی بەرهەم، بەڵام لە بەرامبەردا بەهۆی خراپیی کوالێتی و بەکارهێنانی نازانستی، زیانی گەورەی بە خاک و ژینگە گەیاندووە.
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر موسلیم ڕەسووڵ خۆشناو، لە بەشی خاک و ئاو لە کۆلێژی زانستە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، ئاماژە بەوە دەکات، کە پەین بەهەردوو جۆری کیمیایی و ئۆرگانییەوە، ئەگەر بە زانستی بەکار بهێنرێن دەبنە تەواوکەری یەکتر، بەڵام کێشەکە لە نەبوونی ڕێنمایییە دەڵێت ”بەهۆی کەمبوونەوەی چالاکیی بنکەکانی ڕێنماییی کشتوکاڵی، جووتیاران بە هەڕەمەکی پەین بەکار دەهێنن، لە کاتێکدا پێویستە چەند ساڵ جارێک پشکنینی تاقیگەیی بۆ خاک بکرێت تاوەکو جۆری توخمە پێویستەکان دیاری بکرێن.“
لە ڕووی زانستییەوە، هەر ڕووەکێک بۆ گەشەیەکی تەندروست پێویستی بە ٢٢ توخمی جیاواز هەیە کە پەینی ئۆرگانی بەشێوەیەکی هاوسەنگ بەشی زۆریان دابین دەکات.
دکتۆر ڕابەر لە کۆتاییدا دەڵێت ”هاوردەکردنی پەینی بێ کوالێتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا خاکی كوردستانی تووشی جۆرێک لە ژەهراویبوون کردووە و تام و بڕی بەرهەمی دابەزاندووە. ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکە بۆ گەڕانەوە بۆ سروشت و پاراستنی تەندروستی و سەرمایەی نیشتمانی لە مەترسیی پەینە کیمیایییەکان.“
پەینی ئۆرگانی نەک هەر خۆراک بۆ ڕووەک دابین دەکات، بەڵکو پێکهاتەی فیزیکیی خاک بەهێز دەکات و توانای گلدانەوەی ئاو زیاد دەکات، ئەمەش کوالێتی و بڕی بەرهەم و تەمەنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.