وانەی پاشای زمان
وانەی پاشای زمان
February 16, 2026

لە پۆلێ دانیشتبووین، وانە وانەی کامەران موکری بوو، بەڵام ئەو ماوەیێ بوو لە سەیوان خەوتبوو، نەمدەزانی کێ لە جێی وی ڕەوانبێژی دەڵێتەوە. کاتێ مامۆستا هاتە پۆلێ، باوەڕم بە چاوی خۆم نەکرد، تۆ بڵێی چاوم ڕێشکەوپێشکە نەکات!
سڵاوی کرد، بێ خۆناساندن لەسەر تەختەڕەشێ سێ چوار دێرە هۆنراوەی کلاسیکیی نووسی، هەر خەتێکی بە خەتی لار کردە چەند بەشێک و لێکدی دابڕین. بە ڕێسای فەراهیدی کەوتە ژماردنی بڕگە و...
کوڕێ عەبدوڵڵای ناو بوو، خەڵکی بەری نەینەوا بوو، دوژمنی بابەکوشتەی (فاعیل و فەعول و فاعیلات و) ئەو شتانە بوو، گوتی:
- ئوستاد، خۆت نەناساند، با یەکتر بناسین.
- بابە، خۆناساندنی لۆ چییە. من ناوم عەزیزە، ناوی ئێوەش ئەوەتا لە ناو جانتاکەی منە.
- ئێ، دە ناومان بخوێنەوە.
- دوایی دوایی، لە ناو گەڕێ، با وانەی خۆمان بخوێنین.
فەوزی گۆگجەلی کە لە تەنیشت من دانیشتبوو، بە گوێمدا چپاندی:
- تۆ دەیناسی؟
- ئا، ئەگەر کورد سێ بلیمەتی هەبێ، یەکیان ئەو عەزیزەیە، چەندان کتێبی باشی نووسیوە و وەرگێڕاوە.
لەو تەنیشتەمەوە گوێم لێ بوو:
- چ لە مامۆستا ناچێ، تخوا ئەوە چاکەت و پانتۆڕە لەبەری؟
- پرچیشی شانەی نەدیوە.
لە سەر پەڕە کاخەزێ سێ چوار ڕستەم نووسی: «سەیری مەکەن، گوێی لێ ڕابگرن، کەمێ تێی بگەن، ئەوجا...» پەڕە کاخەزەکەم دانێ و خوێندیانەوە، گرنژین و هیچیان نەگوت.
شەش حەفت ساڵێ بوو لە نزیکەوە دەمناسی، جاروبار ئێوارانیش لە شەوانی هەولێر لە کۆڕی وی دانیشتوومە. کتێبەکانیشم بە نووسراو و وەرگێڕانەوە خوێندبوونەوە، لە ڕەوانبێژییەوە پێدا وەرە، سێ نیگار، ئەدەب و ڕەخنە، ئەدەبی بەراوردکاری، چەشەی ئەدەبی، چیڕۆکەکانی ئیزۆپ، سێ تراژیدی، داغستانی من...
لەمێژ نەبوو بەشی فەڕەنسیی لە زانکۆی نەینەوا تەواو کردبوو، من شاگەشکە بووم بەوەی عەزیز گەردی کە دواتر ناوم نا پاشای زمان، وانەی ڕەوانبێژیمان پێ دەڵێ. دەمزانی کەسێکە زانیاریی لێ دەڕژێ، زمانی گوڵاوی وشەی لێ دەپژێ. ئەو بوو وانەی ڕەوانبێژیی لای قوتابیان شیرن کرد. حەیف، من تەنها دوو سێ هەفتەیێ لە وانەی وی بەهرەمەند بووم. ئاخر شارم بەجێ هێشت و بە چیا کەوتم.
دوای وەی لە سەرێ هاتمەوە، لە بن قەڵاتێ بە دیداری شاد بوومەوە:
- ئوستاد، دەمناسییەوە؟
- ئەوە قسەیە! لە پڕ بزر بووی، لە چەند کەسێ پرسیارتم کرد، هەواڵتم نەزانی، دواتر عەزیزی مەلای ڕەش گوتی: چووەتە سەرێ. گوتم: سەری لەسەر دادەنێ، لە تڕێ سەی دەچێ.
- هەوکە لەگەڵ چ پارتێکی؟
- لەگەڵ هیچ، لە ماڵێ خۆ دانیشتووم.
- ئەوەتم بەدڵە.
ئەوەش بڵێم کاتێ چوومەوە کۆلێژ و بە دوای تێکەولێکەی وەرگرتنەوە کەوتم، دەبینم لە وانەی ڕەوانبێژی نمرەیەکی باشم بۆ دانراوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved