هۆشیار عەبدوڵڵا
هۆشیار عەبدوڵڵا
February 16, 2026

یەك سەعاتی تەواو لە دیار پۆدکاستەكی تایبەت بە هونەرمەند و شاعیر هۆشیار عەبدوڵڵا، سندوقە ڕەشەکەی هونەرمەندانی هەولێرێ دانیشتم.
ئەگەرچی بەرنامەكی درێژ بوو، بەڵام زوو تێپەڕی و زانیارییەکانی دیدارەکەش بۆ من نوێ بوون، چونکە هەندێك لە ناوەکانم لە بیر کردبوو، هەندێکیشیان لە کن من، ناسراو نەبوون!
پیاوە هەولێرییە ڕەشپۆشەکە، دەست بەجانتا ڕەشەکە؛ ئاوەدان، زۆرزان، ساز، ئامادە و بەمتمانەوە قسەی دەکرد، شیعری زۆری لەبەر بوو، دەنگی هەڵدەبڕی، ناوی زۆری دەگوت، ورد و باش هەمووانی دەناسی، کەسی لە بیر نەدەکرد، سەیر بوو لە ناوهێنانی هونەرمەندەکان هەڵەیەکی نەدەکرد، یان ناوی باوک و نازناویان بپەڕێنێت!
یەک بەدوای یەک، بەرهەمی هەمووانی شرۆڤە دەکرد، کەی، چۆن، لە کوێ ناسیونی، دەنگی چۆنە، لە کوێ گۆرانیی گوتووە، جیاوازییان چییە، چەند ئاوازی ئەویان گوتووەتەوە، چەندیان بەناوی خۆیان بڵاو کردیتەوە، کێ و کەی بەرهەمێکی ئەویان وەرگرتووە، بردووە، دزیوە، گۆڕیوە و بڵاویان کردیتەوە!
ئەو زیاتر لە چل ساڵ، تەمەنێکی زۆرە، شیعری بۆ زۆرتر لە ٧٨٠ گۆرانی داناوە و بڵاو کراونەتەوە! ئەو وەک دەزگەیەکی کولتووری، هونەری، زانستی بۆ زۆرترین گۆرانیبێژی گەنجی هەولێر، بەرهەمی ئامادە کردووە!
جانتا ڕەشەکەی بەرز دەکردەوە و دەیگۆت هێشتا هەزار بەرهەمی بڵاونەکراوەش لەو جانتایەدا ماون، ئامادەن!
دەیگوت من لە لێدانی تەنەکەوە، دەستم بە گۆرانی و ئاوازدانان کردووە، لەناو ماڵەکەی خۆمان بەدیار دوو کیژە ئامۆزاکەم، تەونیان دەکرد، بۆیان دەبووم بە حەسەن زیرەک، گۆرانیم بۆ دەچڕین، تا نەخشەکانیان جوانتر بێت، تاقەتیان نەچێت، لەو ڕۆژەوە چوومە ناو جیهانی هونەر!
لەو بەرنامەیەدا هۆشیار عەبدوڵڵای هونەرمەند، نووسەری تێکستی گۆرانییەکان ناوی زۆربەی گۆرانیبێژەکانی هێنا، باسی بەهرە، کەسایەتی، مێژوو، ئاستی داهێنانی کردن! زانستییانە، دوور لە تانە، گلەیی، تووڕەیی، باسی هەمووانی دەكرد!
ئاسان نییە یەک نووسەر، ئاوازدانەر لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ تا ٢٠٢٥ هاوکار، مامۆستای ئەوانە بێت!
ناوەکانی ڕێز دەكردن، عارەب عوسمان، فەرهاد زیرەکی قوتابخانەی قوڕگ لە هەولێرێ، نووری گەرمیانی، زایەر عومەر، ڕۆستەم سابیر، یوسف و بێستون کوردستانی، قوباد زیرەک، حەمە زیرەک، فەرهەنگ عەبدولڕەحمان، حەمە ستار، حازم بندیان، محەمەد عەزیز، تەنیا ئیدریس، دلێر گەرمیانی، جەلال سەعید، شەماڵ جەلال، سەرکەوت قوربانی، کەریم گوڵانی، سابیر کوردستانی، شوان ئەسعەد و تەها حاجی.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved