لە هەولێرێ کاتی خۆی چەندان گەرماوی گشتی هەبوون، شارنشینەکان بە مەبەستی خۆشووشتن و پاکبوونەوە لە دژوونی و زۆر جاریش وەک چارەسەری بە تایبەتی لە کاتی سەرمابردەییدا ڕوویان تێ دەكرد.
حەمامەکان سێ جێ یان سێ نمرەی گەرمییان هەبوو، دەوروبەری حەوزەکەی ناوەڕاستی لە هەموو شوێنێک گەرمتر بوو، کەم کەس هەبوو بتوانێ لەسەر بەردەکە ئۆقرە بگرێ.
گەرماوەکانی عەلی ئاغا و مۆدە و عەسری و قەڵات و سیروان و یازدەی ئازار و بێخاڵ و چەندان گەرماوی دیکە هەبوون.
دووشەمان و پێنجشەمان لەبەرئەوەی سەرباز ڕێیان پێ دەدرا لە سەربازگە (ئۆردی) دابەزن بۆ ناو شار، خەڵک و بەتایبەتیش ئافرەتان، كەمتر دەچوونە بازاڕ، سەرباز ڕەفتاری نابەجێیان دەکرد بەرامبەر ژنان، بۆیە لەو دوو ڕۆژەدا گەرماوەکانی عەسری لە گەڕەکی عارەبان و سیروان لە تەیراوە، دەبوونە ڕووگە و مەبەستی سەربازەکان.
دەگێڕنەوە ڕۆژێک دوو سێ فەقێ دێنە هەولێرێ، یەکێکیان جارێکی دیکەش هەولێری بینیبوو، وەک چاوساغ و شارەزا بە پێش فەقێیەکانی دیکە کەوتبوو، لە نزیک منارەی چۆلی چەند ئاژەڵێکی زۆر گەورەیان بینی کە لە گوێدرێژ و ماین بەرزتر بوون، تێڕکەی پڕ خوێیان لێ بار کرا بوو، فەقێ نەیانزانی ئەوانە چین، ڕوویان لە چاوساغەکە کرد و گوتیان ئەوانە چین؟ خۆ حەمام نینە؟ دەڵێن لە هەولێرێ حەمام هەیە!
چاوساغەکەش نازانێ چین، بەڵام بەسەر خۆی ناینی، بەڵكو خۆی تووڕە دەکات و دەڵێ پێتان ناڵێم، بڕۆن بپرسن. ئەوانیش لە دوکاندارێک دەپرسن ئەوانە چین؟ دوکاندار دەڵێ ئەوانە حوشترن، عارەب خوێیان پێ هێناون. بۆیە دەڵێن حوشتر و حەمامیان نەگوتووە!
هەر لەو هەولێرەی، دەیان چیڕۆک و سەربووردەی خۆش و سەرنجڕاکێش لەناو گەرماوەکان دەگێڕدرانەوە.
لەناو گەرماوەکان زۆر لە دایک و خوشکان چاویان بە کیژی خێزانی دیکە دەکەوت، بۆ کوڕ و براکانیان داخوازییان دەکردن، هەندێك خێزانیش کاتێ کچێکیان دەخواست، پێش گواستنەوە دەیانبردە گەرماوێ تا لەوێ بزانن هیچ کەموکورتیی جەستەییی هەیە یان نا.
یەکێک لەو کەسانەی هەموو بەیانیان پێش ڕۆژ هەڵاتن، دەچووە گەرماو، گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد، مشکۆ بوو. هەندێك کەسیش لە حەمامێ ئیلهامیان بۆ دێت، دەبێ گۆرانیی (لە پاش مەرگم)یش کە شاکارێکی مەزنی مشکۆیە، لەوێ دروست نەبووبێت؟