خەڵاتی ڕامان بۆ ڕۆمان
خەڵاتی ڕامان بۆ ڕۆمان
February 16, 2026

دەتەوێ کوردستان لە کام بوار پێش بکەوێت؟ وەرە پێشبڕکێیەک بکە و خەڵاتێکی چاک دابنێ، بزانە چ داهێنانێک دەکرێت.
ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور پێشبڕکێیەکیان کرد بۆ گەنجان لە بواری تەلارسازی. کۆتاییی مانگی یازدە خەڵاتەکە درا بە چوار گەنجی کوردستان. بێتو ئەمە بەردەوام بێت، دڵنیام داهێنانی زیاتر دەکرێت لە بواری تەلارسازیدا.
تەلارسازیی کوردەواری دەوڵەمەندە و جیایە لە شێوازی تەلارسازیی دنیا. تەماشای دەڤەرەیلی کوردستان بکە، هەر دەڤەرە و شێوازێکی تایبەتی تەلارسازیی خۆی هەیە. پار، نامەی ماستەری (نوا بەدران)م وەرگێڕا کە لە بەریتانیا لە بواری تەلارسازیدا نووسیبووی و پلەی نایابی بەدەست هێنابوو. گریانم هات لە خۆشییان، هێندە جوان بوو توێژینەوەکە.
فیستیڤاڵی گەلاوێژ ساڵانە خەڵاتی هەیە بۆ چیڕۆک و توێژینەوە و شیعر، کە زیاتر لە دوو دەیەیە تەکان بە ئەدەبی کوردی دەدات. خەڵاتی کوردە هەیە بۆ بواری ئابووری. خەڵاتی دانا ڕەئووف هەیە بۆ نووسینی شانۆ، ئەوەیش تازەیە و باشە. فیستیڤاڵی سینەما و کورتە فیلم و شانۆ هەن ساڵانە، باشترین خەڵات دەکەن. پێشنیار دەکەم خەڵات هەبێ بۆ دروستکردنی باشترین مەکینەی ترومبێل، بۆ دروستکردنی باشترین مۆبایل، باشترین ڕۆبۆت، تا دەگاتە نووسینی باشترین فیچەری ڕۆژنامەوانی، باشترین ڕۆمان.
سەرکەوتنی هەر پێشبڕکێیەک لە سێ خاڵ دایە، خەڵاتەکە گەورە بێت، بێ گەندەڵی بێت، کەسانی پسپۆڕ بەڕێوەی ببەن.
پێشنیاری خەڵاتی ڕامان دەکەم بۆ باشترین ڕۆمان. داوا لەم لایەنانە دەکەم هاوکاریی گۆڤاری ڕامان بکەن بۆ سازدانی ئەم خەڵاتە، گۆڤاری ڕامان بەشایستە دەزانم، چونکە ڕوون و ڕاستگۆن، ئەوە سێ دەیەیە خزمەتی ئەدەبی کوردی دەکەن.
دەكرێ لایەنێكی وەك دامەزراوەی کوردستان کڕۆنیکڵ، لەگەڵ ناوەندەكانی دیكەی هونەر و کولتوور لە هەرێمی كوردستان و بنكە ڕۆشنبیرییەكان، بەسپۆنسەری كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكان بەم ئەركە هەڵبستێت.
بۆ خەڵاتی ڕامان بۆ ڕۆمان گرینگە؟ چونكە نووسینی ڕۆمان هونەرێکی باڵایە، ئاستی گەلانی پێ دەناسرێتەوە. هەر گەلێک ئاستی ڕۆمانی باش بێت، ئاستی تاک و کۆمەڵیشی پێش دەکەوێت. وەرن با ئەو خەڵاتە بسازێنین، با هەندێک بە بەشەران بچین.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved