مەرجی فاوبازان
مەرجی فاوبازان
February 12, 2026

پێشبڕکێی کۆتری تەقلەباز

لە گۆشەكی تەعجیل، بەرانبەر پاڕکی گڵکەند، بۆنی چای سەر خەڵووز و دووکەڵی جگەرە تێکەڵ بەدەنگی گەرموگوڕی كەسانێك دەبێت کە گفتوگۆکانیان لەسەر باڵندەیەکی تایبەتە بەناوی کۆتری فاو.
دیوارەکانی چایخانەکە بە وێنەی دەیان کۆتری ڕەش، شین و سوور نەخشێنراون، هەر یەکێكیان مێژوویەکی بۆ خاوەنەکەی تۆمار کردووە.
بەشێكی کۆتربازەکان كە پێیان خۆشترە بە فاوباز بناسێندرێن، لە دەوری یەکتر کۆ بووینەوە و بەدەنگی بەرز باسی (گەمە) و (سەعات) و (مەرج) دەکەن. لەم کەشە میللییەدا، چیڕۆکی کێبڕکێیەکی گەورە دەست پێ دەکات کە تێیدا نرخی جووتێک کۆتری فاو دەگاتە هەزاران دۆلار.

ئاسمانی هەولێر
لە بەشێکی سەربانەکانی ناوشار و گوندەکانی دەوروبەری هەولێرێ، چاو بڕینە ئاسمان تەنیا بۆ زانینی کەشوهەوا نییە، بەڵکو گۆڕەپانێکی گەرموگوڕی کێبڕکێیەکی دەگمەنە.
کۆتری فاو، ئەو باڵندەیەی کە ڕەچەڵەکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باشووری عێراق، ئێستە لە هەولێر بووەتە خاوەنی مەرج و یاسای توند و خولیایەکی پیشەگەرانە. سلێمان سێبیرانی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٤، یەکێکە لە ناوبژیوان و کۆتربازە دیارەکانی هەولێرێ، وردەکاریی ئەم جیهانە پڕ لە نهێنییە بۆ (گڵکەند) دەخاتە ڕوو و باس لەوە دەكات كە کۆتری فاو لە حەفتا و هەشتاکان لە هەولێر هەبووە، بەڵام بەم شێوازەی ئێستە و وەک (مەرج)، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠١٠.
ئەو ناوبژیوانە سەربووردەی دروستبوونی یەکەم مەرج دەگێڕێتەوە، كە چەند برادەرێك لەوانەی خاوەنی کۆتری فاو بوون، لە چایخانەکە کێشمەکێشیان لە بەین دروست دەبێت لەسەر ئەوەی کۆتری کامیان باشترە، تا دواجار بڕیار دەدەن مەرجێک بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشمەکێشەكە.
لەو كاتەدا دوو مەرجی جیاواز لە (تەعجیل) و (دارەتوو) دروست دەبێت، بەڵام وەك سلێمان سێبیرانی باسی دەكات، ئێستە بۆ پتەوكردنی گیانی برایەتی و نەهێشتنی دووبەرەکی لە نێوان كۆتربازان، هەموویان بوونەتە یەک مەرج و یەک دەستە بەڕێوەی دەبات.

یاسا توندەکانی فڕین و گەمە
جیاوازیی کۆتری فاو لە هەولێر لە چاو ناوچەکانی دیکە، ئەو یاسا توندانەیە کە بۆ کێبڕکێکە دانراون. وەرزی کێبڕکێکە نۆ مانگ دەخایەنێت، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات تا سەرەتای مانگی حوزەیران.
سلێمان سێبیرانی ڕوونی دەکاتەوە کە بەشداربوو دەبێت پێشوەختە ناوی خۆی تۆمار بکات و بڕی ٢٥ هەزار دینار وەک ڕسوماتی بەشداریکردن بدات.
سەبارەت بەمەرجەکانی فڕینیش، کۆترەکان دەبێت بە لایەنی کەمەوە کاتژمێرێک لە ئاسماندا بمێننەوە، مەرجیشە دوو کۆتر بن و پێکەوە بفڕن، لەو ماوەیەشدا دەبێت ٨٠ جووت “گەمە”یان هەبێت.
مەبەست لە گەمە، جووڵە و هەڵهاتنەوەی هونەری کۆترەکانە لە ئاسماندا كە تەقلەلێدانیشی پێ دەگوترێت، هەردوو کۆترەکە دەبێت بەهەماهەنگی پێکەوە ئەو جووڵانە ئەنجام بدەن، ئەگەر نا بە خاڵ هەژمار ناکرێت.

مەرج و پێوەرەكانی حەكەمی مەرج
بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم کێبڕکێیە کە ئەم ساڵ نزیکەی ٢٧٠ کەس بەشدارییان تێدا کردووە، لیژنەیەکی دادوەری (حەکەم) هەیە. سلێمان سێبیرانی کە خۆی یەکێکە لە پێنج حەکەمە سەرەکییەکە، مەرجەکانی بوون بەناوبژیوان دەخاتە ڕوو كە دەبێت کەسی دادوەر پێشینەیەکی پاکی هەبێت و دوور بێت لە فێڵکردن، شارەزاییی تەواوی لە کۆتر هەبێت. پێویستە چاوی زۆر بەهێز بێت، چونکە کۆترەکان دەچنە بەرزایییەکی زۆر، دەبێ بەوردی چاودێری بکرێن، یەک چرکە چاو لادان دەبێتە هۆی لەدەستدانی خاڵ.
لیژنەیەک لە پێنج حەکەمی بەئەزموون سەرپەرشتیی فڕینەکان دەکەن و بڕیاری کۆتایی دەدەن. وەستا هیوا، ڕێبوار عەبدوڵڵا، لوقمان ڕیشە، وەستا فوئاد و سلێمان سێبیرانی پێنج حەکەمە سەرەكییەكەی ئێستەی مەرجی فاوبازانن.

خەڵاتەکان و نرخی خەیاڵیی کۆترەکان
ئەوەی ئەم کێبڕکێیەی گەرمتر کردووە، ئەو خەڵاتانەیە کە بۆ براوەکان دابین کراوە. بە قسەی سلێمان سێبیرانی، خەڵاتی یەکەم قالبێکی زیوە کە نرخەکەی نزیکەی ١٣٠٠ دۆلارە، جگە لە دیاریی دیکەی ماددی. دوو ئەڵقەی زێڕیشی پێ دەبەخشرێت.
ئەم گرینگی پێدانە وای کردووە نرخی کۆترە باشەکان بەرز بێتەوە. سێبیرانی نرخی مەیدان و نرخی ماڵان جیا دەكاتەوە و دەڵێت ”لە مەیدان ڕەنگە کۆتر بە ١٠ بۆ ١٥ هەزار دینار دەست بکەوێت، بەڵام ئەگەر بچێتە ماڵی کۆتربازێکی بەئەزموون و کۆترەکەی سەلمێنراو بێت، نرخی لە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ دۆلار کەمتر نییە“.
بەگوتەی ئەو ناوبژیوانە، لە وەرزەکانی ڕابردوودا کۆتر هەبووە بە ٣٥٠٠ دۆلار فرۆشراوە و خاوەنەکەی ڕەنجە داڵداغانی بوو، براوەی مەرجی فاوبازان بوو، جار جارە باس لە نرخی ٥٠٠٠ بۆ ٦٠٠٠ دۆلاریش دەکرێت بۆ جووتێک کۆتری فاو.

جیاوازیی هەولێر و باشووری عێراق
سەرباری ئەوەی ڕەچەڵەکی کۆترەکە هی شارەکانی بەسرە و فاوە، بەڵام سلێمان سێبیرانی پێی وایە ئێستە باشترین جۆری ئەم کۆترانە لە هەولێرن، هۆکارەکەشی بۆ شێوازی پەروەردەکردن و مەرجەکان دەگەڕێنێتەوە. گوتیشی لە باشووری عێراق کۆترەکان فێری ئەوە دەکرێن لە كاتی بای بەهێزدا بفڕن و ماوەکەیان کەمە، کە زۆر بفڕن ١٠ خولەکە. بەڵام لە هەولێر بەپێچەوانەوە، لە کەشی هێمندا دەیانفڕێنن و کۆترەکانیان بەرگەی سێ بۆ چوار کاتژمێر و هەندێک جار تا شەش کاتژمێر فڕینیش دەگرن.
ئەم جیاوازییە وای کردووە کۆتربازانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش سەرسامی شێوازی بەخێوکردنی کۆتربازانی هەولێر بن و وەک قوتابخانەیەکی جیاواز سەیری بکەن.

ئێتیک و ڕۆحیەتی کۆتربازی
سلێمان سێبیرانی جەخت لەسەر لایەنی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی ئەم خولیایە دەكاتەوە و پێی وایە کۆتربازی دەبێت هۆکارێک بێت بۆ دروستکردنی برایەتی، نەک کێشە و دووبەرەکی.
ئەو ئێستە خاوەنی پێنج منداڵە، بە سۆزێکی زۆرەوە باسی کۆترەکانی دەکات و دەڵێت ”وەکی مندارەكانم خۆشم دەوێن، هەر وەختی درم توند بی، بچمە كن كۆترەكان، هیچ خەمم نامینێ“.
ڕەخنە لەو کەسانەش دەگرێت کە ئەم خولیایە بۆ ئازاردانی دراوسێ یان چاوبڕینە ماڵی خەڵک بەکار دەهێنن و پێی وایە ئەگەر لە نێوان ١٠٠ کۆتربازدا، دوو کەس خراپ بن، ناوی هەمووان لەکەدار دەکەن، بۆیە بەپێویستی دەزانێت كۆترباز ڕاستگۆ بن و خۆشەویستی خەڵك بن.
زۆر شتی جارانی هەولێرێ گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە، بەڵام كۆتربازی باوتر بووە، ئێستە کۆتری فاو لە هەولێرێ تەنیا باڵندەیەک نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو بووەتە بەشێک لە کوولتوورێکی میللی کە تێیدا هونەر، بازرگانی، کێبڕکێ و هاوڕێیەتیی ئاوێتەی یەكدی كردووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved