كیژە دزه‌یییەك قەڵات و ئاڵا تێکەڵی فاشیۆنی جیهانی دەکات
له دوایین دیمه‌نی نمایشی جلوبه‌رگی گرووپی «Milan Enchanted»دا، سێ نمایشكار به جلوبه‌رگی نەخشێندراو بەئاڵای كوردستانه‌وه چوونه سه‌ر سته‌یج، كه كۆمه‌ڵه دیزاینێكی نوێی لارا دزه‌یییه، له‌و ساته‌دا وه‌ك لارا دەیگێڕێتەوە، زۆر كه‌س له ژووره‌كه‌دا فرمێسكی شادی به چاوانیاندا هاته خوارێ.
لارا، كه له ڤیه‌ننا له‌دایك بووه و له ئەمەریكا گه‌وره بووه، بۆ (گڵكه‌ند) گوتی ”من هه‌میشه نمایشه‌كانم به شتێكی به‌هێز و مانادار كۆتاییی پێ دێنم، له‌م نمایشه‌دا به‌قه‌ڵات ده‌ستم پێ كرد و به‌ئاڵای كوردستان كۆتاییم پێ هێنا“.
به لای دزه‌یییه‌وه، هه‌ر دیزاینێك (چیڕۆكێك)ده‌گێڕێته‌وه؛ ئه‌ویش ویستوویه‌تی له ڕێی دیزاینه‌كانیه‌وه (مێژووی گه‌لی كورد) بگێڕێته‌وه.
دزه‌یی به‌خێرایی شوێنی خۆی له گرینگ‌ترین سته‌یجه‌كانی فاشیۆندا كرده‌وه، ساڵی ٢٠٢٣ یه‌كه‌مین دیزاینه‌ری كورد بوو له هه‌فته‌ی فاشیۆنی پاریس‌دا كۆمه‌ڵه دیزاینێكی سه‌رچاوه‌گرتوو له كه‌له‌پوور پێشكێش كرد. له سێپته‌مبه‌ری پاریشدا له هه‌فته‌ی فاشیۆن له میلان شان به‌شانی برانده بازرگانییه‌كانی وه‌ك Armani و Prada په‌رده‌ی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌ی خۆی «میلانۆ ئینچانتد» لادا.

گۆڤاری گلادیسی تایبه‌ت به فاشیۆن و لایفستایل، دزه‌یی وه‌ك یه‌كێك له ٢٥ ئیلهامبه‌خشترین كه‌سایه‌تییه‌كانی ٢٠٢٥ هه‌ڵبژاردووە، له‌م دوایییه‌شدا زانكۆی سلێمانی وەك باڵیۆزی كولتووریی كوردستان ده‌ستنیشانی كرد.
دزه‌یی ئه‌و ناساندنه به ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی ده‌زانێت و جه‌خت له‌وه ده‌كاتەوە ”ئێمه هه‌موو كات پێویستمان به سیاسه‌ت نییه بۆ ئه‌وه‌ی چیڕۆكی خۆمان بۆ جیهان بگێڕینه‌وه، به‌ڵكو ده‌توانین به‌بێ چه‌ك، به‌هونه‌ر خزمه‌تی كوردستان بكه‌ین”.
نمایشه‌كه‌ی میلانۆ ٣٠ دیزاینی له‌خۆ گرتبوو، هه‌موویان ڕیشه‌یان له‌ناو مێژوو و ڕه‌مزییه‌تی كوردیدا بوو. ده‌ركه‌وتنی ده‌ستپێكردن ئیلهامی له قه‌ڵات وه‌رگرتبوو، یه‌كێكی تر له نەورۆز. نمایشه‌كه ڕاڤه‌كردنێكی شاهانه‌ی تێدا بوو بۆ عیشتار، ژنه خواوه‌ندی میزۆپۆتامیا، هه‌ندێ پارچه‌یشیان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كولتووری ئێزدی و كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بوون. هه‌ر كورسییه‌ك نامیلكه‌یه‌كی له‌سه‌ر دانرا بوو چیڕۆكی پشتی هه‌ر دیزانێكی ده‌گێڕایه‌وه.
دزه‌یی بۆ ڕێزگرتن له‌و ژنه كوردانه‌ی مێردیان شه‌هید بووە، یه‌كێك له دیزاینه‌كانی ناو نابوو (بێوه‌ژن)، كه له سه‌رنجڕاكێشترین ده‌ركه‌وتنه‌كان بوو، وه‌ك خۆی باسی كرد نمایشكارێكی بۆ هه‌ڵبژاردووه كه ڕووخسارێكی به‌هێز و چاونه‌ترسی هه‌بێت، جلی ڕه‌شی پۆشیوه و به ته‌سبیح و گوڵێكی ڕه‌شه‌وه ده‌ستی بۆ ئاسمان به‌رز كردووەته‌وه.
هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یشی به مه‌به‌ست و مانا بووه، كە بریتییە لە پاڕانه‌وه له خودا و بیرخستنه‌وه‌ی خۆڕاگری.
جله‌كانی دزه‌یی بەهاوسه‌نگییه‌كی ورد جیا ده‌كرێنه‌وه، كە بڕینی سه‌رده‌مییانەیە له‌سه‌ر بنەمای نه‌ریتی كوردەواری. ئه‌و نیگه‌رانه له‌وه‌ی پۆشاكی كوردی به جۆرێك بە سه‌رده‌می كراوه كە خەریكە نه‌ناسرێته‌وه، بەڵام وەك خۆی گوتی ”من ده‌مه‌وێت ڕه‌سه‌نایه‌تیمان بگێڕمه‌وه، ڕه‌سانه‌یه‌تی بۆ من له‌خۆبوورده‌یی ده‌گرێته‌وه، من نوێگه‌ری زیاد ده‌كه‌م چونكە پێویستمان بە پێشكەوتنە، به‌ڵام هه‌میشه كولتووری خۆمان ده‌كه‌مه كاكڵەی كاره‌كه“.
ئه‌و بیركردنەوەیەی لارا له ڕێگەی (ده‌ركه‌وتنی ئاشتی)یە‌وه پیشان درا، كه كراسێكی بریسكه‌داره، به‌شی سه‌ره‌وه‌ی كۆترێكی له‌سه‌ر نه‌خشێنرا بوو. به‌ساده‌یی ده‌ڵێت ”كورد هه‌میشه ئاشتیخواز بووه“.

پاش نمایشه‌كه‌ی میلانۆ، له چه‌ندین لاوه بانگهێشتنامه له نیویۆرك و له‌نده‌ن و قه‌ته‌ر و ژاپۆن و سعودیه‌وه ئاراسته‌ی دزه‌یی كران. دزه‌یی به‌و بانگهێشتنه سوپاسگوزاره، به‌ڵام پێی باشه ماوه و مه‌ودایه‌ك له نێوان نمایشه‌كاندا هه‌بێت. ده‌ڵێت ”ئه‌گه‌ر یه‌ك له دوای یه‌ك نمایشه‌كان بكه‌م، چێژیان نابێت“.
دزه‌یی له به‌رنامه‌ی دایه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سێیه‌مین نمایشی سه‌ره‌كیی خۆی له وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا بكات، چونكە پێی وایە ”ئه‌وروپا وه‌ك پێویست كورد ده‌ناسن. به‌ڵام له دنیای عه‌ره‌بیدا وێنه‌ی نه‌رێنی لەسەر كورد لە ڕابردووه‌وه ماوەتەوە. نامه‌وێت ئێمه هه‌ر له ئه‌قڵییه‌تی قوربانیدا بمێنینه‌وه كه داوای به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه ده‌كات، بەڵكو ده‌مه‌وێت به‌ڕێزه‌وه ته‌ماشامان بكه‌ن“.
ئەو كیژە كوردە باوه‌ڕی وایه فاشیۆن دەتوانێت ببێته ئه‌رشیڤێكی زیندوو، شێوه‌یه‌ك له دیپلۆماسیه‌تی كولتووری و بابه‌تێك بۆ شانازیكردن. بۆیە ده‌یه‌وێت بڕاندێك له كولتووری كوردستانییەوە دروست بكات، تاوەكو جیهان بزانێت ئافره‌تانی كورد جه‌نگاوه‌ری سه‌رسه‌خت و چاو‌دێر بوون، له شاخ و شیوه‌كاندا ژیاون، هه‌میشه به‌شێك بوون له هه‌موو شتێك.
به‌م شێوه‌یه نمایشه‌كه‌ی میلانۆ وه‌ك چۆن به ڕه‌مزێك ده‌ستی پێ كرد، هه‌ر به‌ڕه‌مزێكیش كۆتاییی هات، كه ئاڵای كوردستان بوو.
كاتێك جه‌ماوه‌ر چه‌پڵه‌یان لێ ده‌دا، په‌یامه‌كه ڕوون بوو، له‌ناو ده‌ستی لارا دزه‌ییدا مێژووی كوردی ته‌نها شوێنەوارێك نییه، به‌ڵكو شتێكه له‌به‌ر ده‌كرێت، هه‌ست ده‌بزوێنێت.




