یەكێك لە یادەوەرییەکانی جارانی دایکی شاران، پاسی مەسڵەحە بوو، یان ئەوەی لە ناو خەڵكدا بە ئامانە ناسرا بوو، ئەو هۆیەلە كۆمەڵایەتییە گشتییە جێگەیەکی تایبەتی لە دڵی هەولێرییەکاندا هەیە، بە تایبەتی لە پەنجا و شەستەكانی سەتەی ڕابردوودا، کاتێک گواستنەوەی گشتی ئاوێنەیەک بوو بۆ سیستەم و بەرجەستەبوونی ڕێکوپێکیی شارستانی.
لە کۆتاییی پەنجاكان فەرمانگەی گواستنەوەی گەشتیاران لە هەولێرێ دامەزرا، كە بەرسڤێک بوو بۆ فراوانبوونی خێرای شارستانی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و پێویستیی زۆر بۆ گرێدانی ناوەندی شار بە گەڕەکە نوێیەکانەوە، لە چوارچێوەی سیستەمێکی ڕێکخراوی گواستنەوەی گشتیدا، کە لەسەر وردی پابەندبوون بە کاتەکان و دادپەروەری لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری دامەزرا بێت.
ئەو كات ناوی ئامانە وەک نەریتێک لە هەولێر بەكار دەهات، خەڵک دەیانگوت “سواری مەسڵەحەی بووین یان بە ئامانەی هاتین”، وەک ئاماژەیەک بۆ پاسی حکومی، وەک خزمەتگوزارییەکی گشتی کە نیشانەی ڕێکخستنی هاتوچۆ بوو.
لە سەرەتای شەستەکانی سەتەی ڕابردوودا، هێڵە سەرەکییەکانی گواستنەوە پێکهاتن و بوونە کۆڵەگەی هاتوچۆ لەناو شارەکە، کە بەرچاوترینیان ئەم هێڵانە بوون:
هێڵی ئازادی، هێڵی شۆڕش، هێڵی عەنکاوە، هێڵی ئیسکان، هێڵی سەیداوە، هێڵی سێتاقان
ئەوانە بوونە هۆکاری پێکەوە گرێدانی ناوەندی هەولێر بە گەڕەکە تازەکان و بەرفراوانکردنی هەردوو بواری شارستانی و کۆمەڵایەتی و بەستنەوەی دەوروبەر بە دڵی شارەکەوە.
پاسی مەسڵەحە تەنیا ئامرازێکی گواستنەوە نەبوو، بەڵکو کایەیەکی شارستانیی ڕێکخراو بوو کە بە هەندێک ڕێسای ڕوون بەڕێوە دەچوو.
لە ڕووی کردارییەوە پاسەکە بۆ دوو بەش دابەش کرا بوو:
نیوەی پێشەوە: کورسیی چەرمپۆش بوو بە کرێی ١٥ فلوس.
نیوەی دواوە: کورسیی تەختەیی بوو بە کرێی ١٠ فلوس.
جابییەکە لە بەشی پێشەوەی پاسەوە بۆ دواوەی دەچوو و دەگەڕاوە، تیکێتی دەفرۆشت و دانیشتنی سەرنشینانی ڕێک دەخست، دیمەنێک بوو کە ڕێز و پایە و وردەکاریی کاری گشتیی ئەو سەردەمەی تێدا دەردەکەوت. ئەگەر کەسێک بیویستایە لە شوێنێکی دڵخواز دابەزێت، تەنها ئەوەندەی پێویست بوو کە پێش گەیشتن، دوگمەی یەکێک لە زەنگەکانی پاسەکە بژەنێ، کە بەپێی پێوانەکانی ئەو سەردەمە، سیستەمێکی شارستانیی پێشکەوتوو بوو.
کاتێک باس لە دەستکەوتەکانی فەرمانگەی گواستنەوەی گەشتیاران لە هەولێر دەکرێت، ناوی شێخ جەلالی بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیە دێتە بەرباس، کە بە زەبتوڕەبتی توند و ڕێکخستنی وردەوە ناسرا بوو.
پاشان جەمال عەلی و دوای ئەویش وەستا عەبدۆک و دواتریش وەستا یاسین، کە یەک بە دوای یەک بەڕێوەبردنی ئەو فەرمانگەیان پێ ڕاسپێردرا.
لەو سەردەمەدا فەرمانگەکە بە پابەندبوونی ورد بە کاتەکانی بەڕێ کەوتن و گەیشتن دەناسرایەوە، هەروەها بە ئامادەییی پاسە یەدەگەکان لە کاتی تێکچوونی هەر پاسێک، سەربار ڕێز و شكۆی بەرچاوی چاودێران و جابییەکان و ڕواڵەتێکی فەرمیی ڕێکوپێک.
هەروەها ناکرێت ڕۆڵی گرینگی کاک عادیل لە بیر بکرێت کە بەرپرسی جووڵەی هاتوچۆ و چاودێری پاسەکانی مەسڵەحە بوو، کە نموونە بوو بۆ توندیی ڕێکار و بەرزەفتکردنی دادپەروەرانە و وردەکاریی پیشەیی، وەک بەشێک لە سیستەمێک کە بەپێی یاسا و ڕێساکان کاری دەکرد، لە ڕۆژانێکدا کە دەوڵەت بە دامەزراوەکانیەوە لەنێو کایەکانی ژیاندا ئامادەییی هەبوو.
لە نێوان ڕووخسارە چەسپاوەکان لە یادەوەریی کۆمەڵایەتیی فەرمانگەی گواستنەوەی گەشتیاران لە هەولێر، عەبدولڕەحمان کەریم دەردەکەوێت، کە لەدایکبووی ١٩٤٥ی گەڕەکی سەرای قەڵاتی هەولێرێ بوو. وەک فەرمانبەر بە پلەی جابی لەو فەرمانگەیە دامەزرا، کە تەنیا وەزیفەیەکی ئیداریی نەبوو، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی ڕۆژانە بوو، کە دەستپاکی و وردی لە کار و مامەڵەکردنی باشی لەگەڵ خەڵکەکە دەخواست.
عەبدولڕەحمان کەریم کارەکەی بە دڵسۆزی و ڕاستگۆیییەوە ئەنجام دا و ساڵانێکی دوورودرێژ تا ئەو ڕۆژی خانەنشین کرا، هەر لە کارەکەیدا مایەوە، لەنێو سەرنشینان و هاوکارەکانی، ناوبانگی چاکە و ڕێزی هەبوو.
جابی هەروەک شۆفێری پاسەکە، پۆشاکێکی فەرمیی یەکگرتووی بەڕەنگی گوێزی لەبەر دەکرد و جانتایەکی چەرمی بە شانیدا شۆڕ دەکردەوە کە پارە و تکیتەکانی پاسی تێدا بوو، بە ئارامی و ئاگەدارییەوە لەناو پاسدا هاتوچۆی دەکرد، ئەو دیمەنە تا ئەمڕۆ بووە بەشێکی ڕەسەن لە یادەوەریی شار.
چەند كەسایەتییەكی دیكەش لە نێوان ڕووخسارە دیارەکانی پاسی مەسڵەحە بوون، لەوانە بورهان مەعروف بەقاڵ لەدایکبووی ١٩٤١ی گەڕەکی تۆپخانەی قەڵاتی هەولێر. هەروەها هونەرمەند یونس مەحموود چەلەبی، شۆفێرێکی خۆشەویستی پاسی مەسڵەحەی گواستنەوەی گەشتیاران بوو، لەدایکبووی ١٩٤٥ی گەڕەکی تەکیە و لە کوڕانی قەڵات بوو، وەک کەسایەتییەکی بەڕێز و هێمن ناسرا بوو.
فەرمانگەی گواستنەوەی گەشتیاران، لە کۆتاییی شەستەكانەوە تا کۆتاییی حەفتاکان، لە ڕۆژانی هاویندا، گەشتی تایبەتی بۆ هاوینەهەوارەکانی ناوچەکە ڕێک دەخست، وەک هاوینەهەوارەکانی پیرمام و شەقڵاوە. وێستگەی چاوەڕوانکردن لە نزیک سینەمای سەڵاحەدین بوو. ئەو گەشتانە سرووتێکی کۆمەڵایەتی بوون کە جەرگەی شاری هەولێرێی بە شاخ و کێو و سروشتەکەی دەبەستاوە و لە کەشێکی کۆمەڵایەتیدا، پشوویەکی خۆشی بە خێزان خانەوادەکانی هەولێرێ دەبەخشی.
هەندێک لە جابییەکانی ئامانە کە لە فەرمانگەی گواستنەوەی گەشتیاراندا کاریان کردووە، ناوبانگی زۆریان پەیدا كردبوو، لەوانە مەلا عەبدولڕەحمان، محەمەد نەزیف، محەمەد حەمەدەمین و سوبحی محەمەد فەتاح.
هەروەها چەند شۆفێرێكی ناسراویش هەبوون، لەوانە مام تاهیر (یەکەم سەرۆکی شۆفێران)، مەلا حوسێن شەریف، یونس مەحموود، مووسا خدر، عەبدوڵڵا سەریع، هانی محەمەد، عەلی مەحموود و مام عادیل كە یەکەم بەرپرسی جووڵەی هاتوچۆ و چاودێری بوو.
لە سەرەتادا گەراجی وەستانی پاسەکان لە گەڕەکی سەیداوە بوو، پاشان بەپێی گونجاندن لەگەڵ فراوانبوونی شار و ڕێکخستنی جووڵە و هاتوچۆ، بۆ نزیک وێستگەی سووتەمەنیی شۆڕش گوازرایەوە.
پاسی مەسڵەحە لە هەولێر تەنها ئامرازێکی گواستنەوە نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیەک بوو بۆ سیستەم و وێنەیەکی بچووککراوەی دەوڵەتێک بوو کە باوەڕی بە خزمەتگوزاریی گشتی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان هەبوو.
یادکردنەوەی ئەمڕۆ تەنها نۆستالژیا نییە، بەڵکو بیرخستنەوەیەکە کە شار بە بەهاکان دروست دەکرێت نەک چیمەنتۆ، بە زەبتوڕەبت نەک بە زۆربوونی ئۆتۆمۆبێل، بە مرۆڤی دەستپاک پێش زۆربوونی ڕێسا و یاسا.
وەرگێڕانی: ئیسماعیل خالید گەڵاڵی