سەعید کەریم عەلی كە بە سەعید ئاسنگەر ناسرا بوو، ساڵی ١٩٢٠ لە قەڵات لەدایك بووە، دوکانەکەى لە بازاڕى گەورە بوو، لە نێزیک دەرگەى کۆترى سەلام و تەنیشت دوكانی وەستا قادر حاجى توفیق ئاسنگەر.
لە تەمەنى گەنجیدا لەلاى سەید جەلال ئاسنگەری برای فێرى پیشەكەی بووە، پاشان لاى باوکى لە گەڕەکى خانەقا شاگرد بووە، دواتر لەلاى وەستا تۆفیقى ئاسنگەر وەستایەتیی کردووە و پاشان دوکانى خۆى داناوە، شاگردەکانیشى مام خەلیل و محێدین و بەهائەدین بوون، خێزاندارە و سێ کوڕى هەیە بەناوى سەباح، سەردار و سیروان.
پیشەى ئاسنگەرى لە کۆنەوە لە پیشە زۆر پێویستەكان بووە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆى هەبووە بە کۆمەڵگە و بەتایبەتیش بە ژیانى گوندنشینان و جووتیارى و کشتکارى، لەبەرئەوەى هەموو ئەو کارکەرانەى لەم بوارانەدا کاریان دەکرد پێویستییان بەو ئامێرانە هەبووە کە مامەڵە دەکەن لەگەڵ ئاسن، بۆ کێڵانى زەوى و بڕینەوەى دارودرەخت و چاندن و دروێنەکردن و ڕێکخستنى باخچەکان و بینا و خانوو دروستکردن و کردارەکانى ترى پەیوەست بە ژیانى ئابوورى و کۆمەڵایەتى، هەر لەبەر ئەمانە پیشەى ئاسنگەرى بەتایبەتى لە وەرزەکانى چاندن پاشان دروێنەکردن و ڕنینەوە بازاڕیان گەرم بووە، کارکەران ڕوویان لە دوکانى وەستاى ئاسنگەرى کردووە بۆ ئەوەى کەرەستەکانى کارکردنیان بۆ دابین بکرێت، لەوانەش، گاسن، داس، پیشەقان، هەوجاڕ، خاکەناس، پێمەڕە، کولینگ، دیواربڕ، لغاوى ئەسپ، شەنە، چەکوش و کوتکى گەورە و چەندین کەلوپەلى ترى لە ئاسن دروستکراو، کەواتە ئەم پیشەیە بەپێى پێویست بەشداریى ڕاستەوخۆى لە برەودانى ژیانى ئابوورى و کۆمەڵایەتیى کۆمەڵگەدا کردووە و بووەتە بەشێک لەکولتوور و مێژووى بەرەوپێشچوون و گەشەى ژیانى مرۆڤایەتى لە گوند و شارەکاندا، زۆر جاریش پیشەى ئاسنگەرى تێکەڵ بە پیشەى دارتاشى بووە وەک دابینکردنى دەسکى داس لە دار، هەروەها بەدەنى هەوجاڕ.
ئەم پیشەیە پێویستى بە سەلیقە و تواناى جەستەیى و کارامەیى هەیە، چونکە وەستاى ئاسنگەر و کرێکارەکان مامەڵە لەگەڵ ئاسنى ڕەق دەکەن بۆ ئەوەى ئەم کەلوپەلانە بەشێوەیەکى ڕێکوپێک بخاتە بەردەستى جووتیاران و کارکەران.
لە شارى هەولێر لە کۆنەوە پیشەى ئاسنگەرى بەشێوە سادەکەى لە چەند دوکانێک لەسەر سندانێکى بچووک و کوورەیەک کارەکانی ئەنجام دراوە، ئەو کەرەستانەى بەرهەمیان هێناوە بریتى بوون لە کەرەستەى سادەى وەک پیشەقان و تەڵەى گورگ و بزمارى دەرگە و شیش و نەخشى پەنجەرە و خاکەناس و داسى بچووک و سینگى ئاسنینى ئاژەڵ بەستنەوە، لەوانە دوکانى مام ئیبراهیم لە کۆڵانى چەخماخچییەکان و مام عومەر لە کۆڵانەکەى بەرامبەر دەرگەى قەڵات، ئەمەش بەپێى پێداویستى و کەمیی خواست لەسەر کەلوپەلەکان، بەڵام دواى ئەوەى خواست و شێواز و پێداویستیى کەلوپەلى ئاسنین لاى جووتیار و کشتکارەکان پەرەى سەند، ئاسنگەرانیش ژمارەیان زیادى کرد و دوکانەکان گەورەتر بوون و پێویستیان بە کرێکارى ئاسنگەرى بەتوانا هەبووە، چەکوش و سندانەکان گەورەتر بووە، کوورەى ئاگر گەورەتر بووە و خراوەتە دەرەوەى بازنەى سندانى ئیشکردن، کە بە دەفەى گەورە هەواى بۆ ناو ئاگرەکە دەهێنا.
بۆ دروستکردنى ئاگرەکەش هەندێک خەڵووز و هەندێک خەڵووزى بەردین بەکار دەهات، ئەوەى بەبیرم بێت ئاسنگەرەکانى هەولێر دوکانەکانیان لە ڕیزى یەکتر بوون وەک قادر حاجى تۆفیق سەید جەلال، سەید سەعید، هەروەها مام خەتاب و مام عەزۆ لە بەرامبەر کەباب یاسینى ناو بازاڕ.
ئەو کەرەستانەى لە ئاسنگەریدا بەکار دەهاتن بریتى بوون لە سندان و دەزگەى کارکردن، ئاسنى خاو، چەکوشى گەورە و بچووک، ماشەى ئاسن، گیرە، ئاگر و خەڵووز، دەفەى هەوا، سومبەى خڕ بۆ کونکردن، سومبەى تیژ بۆ لەتکردن، مەورەد، هەروەها جلوبەرگى تایبەتیان لەبەر دەکرد، بەتایبەتى وەستایەکان کە بریتى بوو لە کراسێکى درێژ لە قوماشى ئەستووری ڕەنگى شین و بەروانکەیەک کە لە پیستى ئاژەڵ دروست کرا بوو.