لە ساڵانی زوو، ئەوانەی لە لادێ دەژیان، بە دەگمەن ڕوویان لە شار دەکرد، مەگەر وەختی بەروبوومی کشتوکاڵی و ساغکردنەوەیان، یان لە ئاخروئۆخری پایزێ و سەرەتای زستانێ بۆ کڕینی پێداویستیی زستانە، چووبان.
ئەو کات بە دەگمەن ئۆتۆمۆبێل بەسەر پشتی جادەوە دەبیندران، هەر گوێدرێژ و وڵاخی بەرزە و هێستر بوون ئەو ڕێیانەیان تەی دەكرد، بار دەکران یان ژن و منداڵ بۆ ڕەوینەوەی هیلاکی سواری پشتیان دەبوون، کە دەگەیشتنە ناو شار، دەبووایە چەند ڕۆژێک بمێننەوە تا کارەکانیان تەواو دەبوو.
ئەو سەردەم ئوتێلی پێنج ئەستێرە نەبوون، دەبووایە ڕوو لە (خان)ـەکان بکەن، چونکە هەندێ لەو خانانە، نهۆمی سەرەوەیان بۆ حەوانەوەی خەڵک و خوارەوەشیان تایبەت بە وڵاخ و مەڕوماڵات بوو.
هەندێك جاریش ئەم (خان)ـانە وەستای (ناڵبەند)یشی تێدا بوو، چونکە لادێنشینەکان چ هی دەشتی هەولێرێ چ هی ناوچە شاخاوییەکان، دەبووایە ساڵی جارێک وڵاخەکانیان ناڵ بکرێت، بۆیە ئەوانەی ئەو کارەیان دەبوو دەچوونە خانی مام یونسی ناڵبەند لە پشت قوتابخانەی خولەکان، لەوێ هەم دەمانەوە و هەم ناڵبەندییەکەشیان بۆ دەکرا، یان دەچوونە لای مام شێخیلی ناڵبەند، ئەو دوو وەستایە لە هەولێرێ بەناوبانگ بوون، خاوەن شوێن و دەزگەی کارکردنی خۆیان بوون.
سابیر عومەر مامەسێنی پارێزەری ڕاوێژكار، یەکێك لە سەربردەكانی خۆی و باوکی دەگێڕێتەوە ”لە ناوەڕاستی شەستەکان تا سەرەتای حەفتاکان، بابم هاوینان لە خانی مام یونس کاری ناڵبەندیی دەکرد، منیش بە هاوینان، شاگردیم دەكرد، كە كارێكی زۆر ئاسان نەبوو، وەستایی و لێزانیی دەویست، چونکە نەدەبووایە ئەو ئاسنە ببایە مایەی ئازار بۆ وڵاخەکە، سەرباری خەمی ئارامکردنەوەی وڵاخەکان“.
لەم ڕووەوە مام یونس بەوە ناسرا بوو كە وڵاخناس بوو، دەیزانی چۆن وڵاخی چەمووش ئارام بكاتەوە و بێ ئەوەی جۆتکە باوێت، ناڵی بكات. حەقدەستی ئەم کارە چەند درهەمێک بوو.
هەروەها ژنێکیش هەبوو بە ناوی فاتمە خمچی، لەو خانە کاری خمچیاتیی دەکرد، شەوانیش کابرایەکی عەجەم پاسەوانی خانەکە بوو و ئاگەداری خەڵکەکە و وڵاخەکان دەبوو.
جەمال جامباز کەسایەتیی هەولێری و ناسراو لەناو ئەهلی بازاڕ، کە باب و باپیرانی و خزمەکانی خاوەنی (خان)ی خۆیان بوون، دەڵێ لە هەولێرێ دەوروبەری ١٦ خان هەبوون، ئەوانیش خانی مام یونسی ناڵبەند. خانی مام خورشیدی بابی ویداد ئەرسەلان. خانی مام شێخیلی ناڵبەند. خانی مام مستەفای بابی ئەنوەر دۆلاری. خانی ڕەجەب جامباز. خانی مام عوسمان و کوڕەکەی خەسرۆ عوسمان جامباز و حەساری حاجی حەمەدی جامباز لە گەڕەکی تەعجیل.
هەروەها خانی مام گەردۆی لەناو قەیسەری هەبوو، خانی مام ئیسماعیلی بەرامبەر گەڕەکی عارەبان بوو. حەساری محەمەد تەهای قەساب. حەساری مام ئەحمەد غەفووری ناسراو بە مام عەباس کەتۆ. حەساری عەزیز محیەدین قەساب، حەساری شەهاب عارەبی لەسەر پردی سەیداوە، حەساری محەمەد حەسەن عارەبی لەسەر پردی سەیداوە، حەساری ئەحمەد عەبۆشی لە سەیداوە و حەساری ئەحمەد ئاغای قەسابی بابی پارێزەر سەنعان ئەحمەد قەساب.
ئەمانە شوێنی ڕاگرتنی خەڵکی دەشتی هەولێر و ناوچە شاخاوییەکان بوون، کار و کاسبیشیان لەگەڵ خاوەنی ئەم (خان)ـانە نەبوو، زۆر جار پارە و پێداویستییان بە قەرزی هاتنی بەروبوومی هاوینە لێ وەردەگرتن و پێیان دەگوت (قەرزی سەنەم).
زۆر جاریش مام شێخیل و مام یونس دەزگە و کەرەستەی خۆیان هەڵدەگرت، بەخۆیان دەچوونە گوندەکان بۆ کاری ناڵبەندی، ئەم خانـانەش لە پەنجاكان تا سەرەتای حەفتاکان هەڕمێنیان بوو، بەڵام لە دوای بەیاننامەی یازدەی ئادار، ناو شاری هەولێر گۆڕانی بەسەردا هات و ئۆتۆمۆبێلی جێب و پەست لە نێوانی گوندەکان و شار پەیدا بوون، ئوتێل و چایخانە و لۆقنتە کرانەوە، خانـەکان ئەو دەورەیان نەما.