سووتاندنی پۆستەی ڕواندز
سووتاندنی پۆستەی ڕواندز
February 09, 2026

بەپێی بەڵگەنامەیەكی فەرمی لە ٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٣، بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی ناوچەی کەرکووک ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی سووتاندنی فەرمانگەی پۆستەی ڕواندز، بۆ فەرماندەییی فیرقەی دووی سوپای عێراق دەنێرێت.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە؛ ڕۆژی ١٩/١١/١٩٦٣ ژمارەیەک پێشمەرگە و ئەندامانی پارتی و حزبی شیوعی هێرشیان کردە سەر فەرمانگەی پۆستەی ڕواندز و، لە ئەنجامدا فەرمانگەکە ئاگری گرت و سووتا.
دوای ڕووداوەکە، هێزە ئەمنییە عێراقییەکان ژمارەیەک کەسیان لە ڕواندز دەستگیر کرد و لەلایەن ئەمنی هەولێر، سوپای عێراق و پۆلیس و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی ناوچەی کەرکووک بە هاوبەشی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا. فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ هەموو ئەو کەسانە دەرچوو، کە لە لێکۆڵینەوەکاندا ناویان هاتووە.
ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان کە خەڵکی ڕواندزن و دانپێدانانیان بەگوێرەی نووسراوەکە بەم شێوەیە بوو:
١. محەمەد جەرجیس، مەئمووری بەدالە، چەکدارەکان بە گوتنەوەی دروشمی (کوردستان) چوونەتە ناو فەرمانگەی پۆستەی ڕواندز.
پێشمەرگە و هاوکارەکانیان:
مستەفا حاجی عەبدولڕەزاق عەتار، مستەفا حاجی ئەحمەد (شیوعی)، حاجی حوسێن ئەحمەد تاجر (یارمەتیدەری پێشمەرگە بە خواردەمەنی)، محەمەد عەلی حاجی حوسێن (پارتی)، سۆفی محەمەدەمین (شیوعی)، ئەسعەد بەزاز ساڵح نادر (نائیب زابتی خانەنشین)، مامۆستا نووری سەعید (پارتی).
٢. جەمیل قاسم، دابەشکەری پۆستە.
ئێوارەی ١٩ی مانگ ژمارەیەک پێشمەرگەی سلێمان بەگ عیزەت و سەڵاح و شەوقیی کوڕی بوون، دەستڕێژیی گولـلەیان لە پۆستەی ڕواندز کرد.
پێشمەرگە و هاوکارەکانیان:
حاجی حوسێن ئەحمەد تاجر و حاجی مەحموود تاجر بەخواردەمەنی هاوکاریی شۆڕش دەکەن. ئەمین ئەلیاس جەمال نامە لە نێوان پێشمەرگە و ڕێکخستنەکان دەهێنێ و دەبات. محەمەد جەرجیس دەرگەی پۆستەی ڕواندزی بۆ پێشمەرگەکان کردەوە. حاجی حوسێن ئەحمەد هاوکاریی لە شیوعییەکان و پارتی کۆ دەکاتەوە و بە ئەمین ئەلیاس جەمال بۆ شۆڕشی دەنێرێت و بەرپرسەکانی پارتی لەو سنوورە بریتی بوون لە مستەفا حاجی عەبدولڕەزاق و حەسەن حاجی ئەحمەد و بەرپرسەکانی شیوعیش بریتی بوون لە مامۆستا محەمەد دێوانە و ئەحمەد دێوانە.
٣. ئەحمەد سەعید، سەرتاش.
لاوانی پارتی و جەلال خەیلانیی بەڕێوەبەری قوتابخانەی ڕواندز بەرپرسی پارتین لە سنوورەکە، فەرهاد شاکر و خورشید شەوکەتیش پارتین. سۆفی محەمەدەمین عەتار بەرپرسی یەکەمی شیوعییە لە سنوورەکە و عەبدوللەتیف (ناوی باوکی نەزاندراوە)، کە کرێکاری بەدالەیە، بەرپرسی یەکەمی پارتییە لە سنوورەکە.
٤. عوسمان محەمەدەمین بوستانی.
پارتی و شیوعی لە گوندی كەرەك لە نزیک ئاکۆیان بارەگەیان هەیە و ناوەکانیان بریتییە لە: عادل ئاغا و عەبدوڵڵا زرار و پارتییە ناسراوەکانیش بریتین لە: عوسمان عەبدولواحید و ئەسعەد شاکر عەتار و عەبدوڵڵای کارگوزاری قوتابخانەی کاولۆکان و غازی شاکری مامۆستای هەمان قوتابخانە و شاکر ئاغا و مامۆستا عەزیز حوسێن لە ڕواندز. هەروەها عەلی عەبدوڵڵا (عەلی مەکتەبە)، سلێمان مستەفا، حوسێن حاجی تاهیر، سەعید ئەحمەد گوڵیی عەریزەنووس و سەعید حاجی مەلا بەخواردەمەنی هاوکاریی شۆڕش دەکەن و موختاری گوند خواردەمەنییەکان کۆ دەکاتەوە و بە گوندەکانی کوان،، کاولۆک، کانی قیر، دێلزیان و باڵەکیان دەینێرێتە ناو شۆڕش.
پێشمەرگە کە دەگەڕێنەوە ڕواندز پەیوەندیی بە هەردوو برای شیوعی ئەحمەد و عوسمان دێوانە دەکەن کە شوکریەی خوشکیان پێشمەرگەیە لە نزیک حاجی ئۆمەران. بەشێک لە پارتی و شیوعییەکانیشی ئاشکرا کردووە کە بریتین لە پێشمەرگە سۆفی محەمەدەمین شیوعی، ئەحمەد ئاغا نانەوا، حوسێن خورشیدی کارگوزار لە قوتابخانەی ناوەندی، محەمەدەمین فەتاح و مامۆستایان ئەنوەر نیعمەت، سەعدوڵڵا حاجی محەمەدەمین، ئیبراهیم عەبدوڵڵا، حاجی سەعید زێڕینگر و مەزهەر محەمەد و هەروەها محەمەد حاجی عەلیی قوتابی، سۆفی محەمەدەمین و حوسێن خورشید و فەرمانبەران مەزهەر محەمەد و ئەنوەر مستەفا.
چەکیش لە کوردانی تورکیاوە بۆ شۆڕش دێت و پارەش لە ئێرانەوە لە ڕێی حاجی ئۆمەران و لە تورکیاوە لە ڕێی ئەرگوش، بارزان، شێروان مەزن و مێرگەسۆر.
پێشمەرگە لە گوندەکانی گەرەوان، ئاکۆیان، بالیسان، زۆزک و سەرێ بەردی جێگیرن و پێشمەرگە لە بێتواتە زیندانی بۆ دەستگیرکراوە عێراقییەکان دروست کردووە.
٥. ساڵح ئەلیاس، قوتابی.
ئیسماعیل ئەسعەد خەیات، حەسەن لەتیف، حوسێن لەتیف و مەجیداغا هاوکاری بۆ شۆڕش کۆ دەکەنەوە. مانگانە ٢٥٠ فلوس وەک هاوکاری دەداتە شۆڕش.
٦. حەسەن لەتیف، قوتابی.
مانگانە نیو دیناری لە ڕێی حەمید عوسمانی نووسەری دادگە وەک هاوکاری داوەتە شۆڕش. هەریەک لە محەمەد حوسێن، یوسف ئەحمەد، عومەر فەتاح و سدیق فەتحوڵڵا بانگەشە لە بەرژەوەندیی شۆڕش دەکەن.
٧. ئیسماعیل ئەسعەد خەیات
مانگانە نیو دیناری لە ڕێی قادر عەبدولڕەحمان وەک هاوکاری داوەتە شۆڕش.
٨. قادر عەبدولڕەحمان
لە ڕواندز هاوکارییەکانی کۆ دەکردەوە و لە ڕێی محەمەد عەبدولڕەحمان دەیناردە ناو شۆڕش. هەریەکە لە عەبدوڵڵا حەبیب و عومەر کورکۆ و ئەحمەد سەعید حەلاق، لە ڕواندز چالاکیی حزبییان کردووە.
٩. حوسێن لەتیف، قوتابی.
مانگانە لە ڕێی حەمید عوسمانەوە ١٥٠ فلوسی وەک هاوکاری داوەتە شۆڕش.
هەروەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، ژمارەیەک دەستگیرکراو تۆمەتەکانیان ڕەت کردووەتەوە، بەڵام بۆ سەلامەتیی لێکۆڵینەوەکان، ڕاگیراون، ئەوانیش بریتین لە ئیبراهیم عەلی شەل (عەتار)، حاجی ئەحمەد شیتکە (بازرگان)، مەجید ئەحمەد (قوتابی) ئەحمەد دێوانە، سۆفی محەمەدەمین، حوسێن خورشید، حاجی حوسێن ئەحمەد (بازرگان) و مەجید خورشید.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved