جووەکانی هەولێر، لە کۆنترین کۆمەڵگە جووەکانی جیهان بوون. نەوەی ئەو جووانە بوون کە لە لایەن شاکانی ئاشوورییەوە لە ئیسرائیل و یەهوداوە دەربەدەر کرا بوون، ئەوان جگە لە زمانی کوردی، بە زارێکی عیبریی ناوخۆیی قسەیان دەکرد، نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆمەڵگەکەش بە زمانی ئارامی دەدووان.
جوو لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە هەولێر پێکهاتەیەکی گرینگ بوون؛ تەنانەت شاعیرێکی وەکو یەحیا کوڕی سلێمان ئەلجەریزیش لە ١٢١٥دا سەردانی کردوون. لە سەدەی ١٧دا نزیکەی ٢٠٠ بنەماڵەی جوو لە هەولێر هەبوون، ڕووبەڕووی گۆشەگیریی موسوڵمانان بووبوونەوە.
دواتر لە ١٨٤٧دا نزیکەی ١٠٠ خێزانی جوو لە هەولێر هەبوون، لە ١٨٧٧دا ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی ٤٠٠ خێزان.
لە ١٩٢٠دا یەکەم سەرژمێریی فەرمی ئاشكرای كرد كە چوار هەزار و ٨٠٠ جوو لە هەولێر هەن ئەو ژمارەیە لە ١٩٣٢دا بۆ نۆ هەزار و ٣٠ جوو لە سنوورەكە كەم بووەوە، بەڵام دکتۆر ئارسەر ڕوبین لەو ساڵەدا تەنها یەك هەزار و ٥٠٠ جووی لە هەولێر ژماردووە. پێش جەنگی دووەمی جیهانییش لە ١٩٣٩دا نزیکەی یەك هەزار و ٩٠٠ جوو لە هەولێر مابوون. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧یشدا یەك هەزار و ٦٠١ جوو لە هەولێر سەرژمێر كراون.
جووەکانی هەولێر زۆرتر بازرگان و پیشەوەر بوون، وەکو بۆیاغچی و بیناساز و پێڵاوچن و دەروازەچی. بازاڕێكی تایبەت بە خۆیان هەبوو بە ناوی (حەرات تەعجیل).
پێش جەنگی یەکەمی جیهانی، دوو کڵێسا لە هەولێر هەبوون، خێدەر (قوتابخانەی جوو)ی خۆیان هەبوو کە پێی دەگوترا میدراش، منداڵانی کۆمەڵگەکە تا تەمەنی هەشت ساڵی لەوێ پەروەردە دەکران. جووە دەوڵەمەندەکان کە دەیانویست پەروەردەیەکی گشتی بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، ئەوانیان دەنارد بۆ “کوتاب"، كە قوتابخانەیەکی ئیسلامی بوو. دوای دامەزراندنی قوتابخانەی هاوپەیمانی لە مووسڵ، منداڵە جووەکانی هەولێر ڕەوانەی ئەوێ دەکران. دوای جەنگی یەکەمی جیهانی ١٩١٨ منداڵی جوو ناویان لە قوتابخانە حکوومییەکان تۆمار کرد.
لە ١٩٢١ ڕابی مێیر کە ساڵانێکی زۆر لە کەرکووک ژیاوە، گەڕایەوە هەولێر، خێدەری دامەزراند، کە هەم زمانی عیبری و هەم وانەی ژمێریاریی تێدا دەخوێندرا.
لە ١٩٢٢ حکوومەت ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر کردنەوەی قوتابخانەی جووەکان لە بینایەکدا کە لە لایەن کۆمەڵگەکەوە دابین کرا بوو.
قوتابخانەکە ناوی (هەولێری دووەم) بوو، لە لایەن کەسانی غەیرە جووەوە بەڕێوە دەبرا، تا ١٩٣٠ سیمای جووی لە دەست دا، چونکە ژمارەی قوتابییە موسوڵمانەکان لە قوتابییە جووەکان زیاتر بوو. کچانی کۆمەڵگەکە زۆر کەم خوێندنیان وەرگرتووە؛ تەنها دوو کچ لە ١٩٣٦ ڕەوانەی قوتابخانەیەکی حکوومی کران.
تا ١٩٥١ کۆچی بەکۆمەڵی جوو بۆ ئیسرائیل بەردەوام بوو، دوای ئەو ساڵە هیچ جووەک لە هەولێر نەمایەوە.
هەولێر یەشیڤا (قوتابخانەی ئاینی)ی هەبوو کە حاخامەکانی بۆ خزمەتکردن لە گوندەکانی دەوروبەری دەستنیشان دەکرد. ڕابی ئەبراهام کوردی سەرۆکی حاخام و بەرپرسی دەرباری حاخامییەکانی هەولێر بووە. لە ١٩١٨ کۆچی دواییی کردووە، دوای مردنی ڕابی یتزاک ناچ دەستنیشان کرا. لە ١٩٠٧ لە لایەن مامۆستاکەی ڕابی ئەبراهام کوردییەوە دەستنیشان کرا بوو، دوای ئەوەی ڕابی یتزاک ناچ ڕۆیشت، سەرۆکی حاخام و بەرپرسی دەرباری حاخام ڕابی یتزحاک بارزانی بوو لە تزڤیا. زۆر حاخامی دەستنیشان کرد. براکەی ئابراهام بارزانی بوو دواتر بوو بەسەرکردەی پێکهاتە لە ئیسرائیل.
ساڵی ١٩٤٧، یوسف ساڵح لێپرسراوی جووه‌كانی هه‌ولێر بوو، نیسان كانۆش جێگری بووه، ئەوانەی خوارەوە ناوی بەشێك لە جووە ناسراوەكانی هەولێرە:
١. ساڵح یوسف نووری، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شار له لیوای هەولێر .
٢. ساڵحۆكه جوو، وردەواڵه و عه‌تاریی ده‌فرۆشت دوكانی له ده‌رگەی قەیسه‌ریی گه‌وره بوو، به قەیسه‌ریی شەهاب چەلەبی ناسرا بوو، شوێنی ئێستەی حاجی یونس حاجی ته‌ها، كه هه‌مان كار ده‌که‌ن.
٣. ساسۆن برای نه‌سیم بەغدادی، دوكانی له‌ناو قه‌یسه‌ریی داود ئاغا بوو، خاوه‌ن سه‌رمایه‌كی زۆر بوو.
٤. ساسۆن ڕدێن گه‌وره، دوكانی له شوێنی دوكانه‌كه‌ی نوورەدین خدر بووه.
٥. ناجی شاوول، پارێزه‌ری جووەکان بوو له هه‌ولێر.
٦. شوعه مەخلوف، مامۆستایه‌كی جوو بوو.
٧. دانیال عوزێر قه‌ساب، هونه‌رمه‌ندێكی شێوەکاری بوو، جارێكیان وێنه‌ی شا فەیسەڵ ده‌كات و بەده‌ست پێشكێشی ده‌كات و پاداشتێكی باش وه‌رده‌گرێت.
٨. مۆشی گۆج، دوكانداری ناو بازاڕی عه‌تاران بووە و بنێشتی ده‌فرۆشت.
٩. میخایله جوو، شه‌ریكی حاجی عوسمان و حاجی عەباس بووە.
١٠. سەلمان قەلعه‌چی، كوتاڵفرۆش بوو، دوكانی له شوێنی فەهمی حاجی نادر بوو.
١١. زه‌كای به‌بۆی قه‌ساب، شەریكی عه‌بۆی ئیسلام بوو، دوكانی له‌ناو چه‌خماخچییه‌كان بوو لە قەیسەری.
١٢. یونا حەبیب، موختاری به‌شی تەعجیلی جووه‌كان بوو كە به (مانای) ناسرا بوو.
١٣. هاڕون ڕەحیم بازرگان و یه‌كه‌م نه‌فتفرۆشی هه‌ولێر بوو.
١٤. شه‌مبیل و داود، له قەیسەریی داود ئاغا فه‌خفووریی ده‌فرۆشت.
١٥. خدرۆكه جوو، به‌یتار بوو، ده‌ست و پێی شكاوی له جێ ده‌ناوه، ده‌رمانی خمكاریش بوو.
١٦. موڕاد سیتۆ، سه‌رمایه‌دارێكی جوو بوو، خەڵكێكی زۆری به‌كار خستبوو، شوێنه‌كه‌ی كه‌وتبووه ماڵی پاشا له‌نێو قه‌یسه‌ریی داود ئاغا.
١٧. یاقۆ شه‌ل، یاریزانێكی باشی تاوڵه بوو، له شوێنی دوكانی حاجی ئەیوب حاجی عوسمان دوكاندار بوو.
١٨. نەسیم به‌غدادی، له جووه به‌ناوبانگه‌كانی هه‌ولێر بوو، بازرگانیی له نێوان شاره‌كان ده‌كرد، دوكانه‌كه‌ی له شوێنی دوكانی حاجی قه‌رۆك بوو.
١٩. عزرا یه‌ڵدا، له‌ناو بازاڕ ده‌زوو و ئاوریشمی ده‌فرۆشت.
٢٠. مۆشی سلێمان، دوكانی له ته‌نیشت سەید محەمەد بوو، لە به‌رامبه‌ر چایخانه‌ی مام تاهیری، قه‌ندی شه‌كری ده‌فرۆشت.
٢١. ناجی شاوول، یه‌كه‌م پارێزه‌ری جوو بوو، له هه‌ولێر ماڵی له گه‌ڕەكی عاره‌بان بوو.
٢٢. ئیسحاق گوڵه، جاجم و مه‌وج و به‌رماڵی هه‌بوو له كاتی ئیشكردندا حه‌یرانی ده‌گۆت.
٢٣. مووشی خوێزه، له چایخانه‌كاندا داده‌نیشت و حیكایه‌ت و سه‌ربوورده‌ی ده‌گێڕایه‌وه.
٢٤. زه‌كی بارۆخ، مامۆستا بوو.
٢٥. ناجی ڕەحیم مامۆستا بوو.
٢٦. پنماس ئەفەندی مامۆستا بوو.