لە خانەقا، کە بە قسەی خەڵكی جارانی، ئەوێندەرێ دڵی هەولێرێیە، کۆڵانێک هەیە؛ باریک و درێژ، لەمێژە پێی دەڵێن كۆڵانی بەلوعە.
کۆڵانەکە، لەو جۆرانەیە، کە کۆتاییت لێ دیار نییە، چەند جارێک دەبی پێچ بکەیەوە، ئەوجە دەگەیە کۆتایییەكەی، بۆیە بۆ دیتنی دەرچەکەی، مەراق دەتگرێت.
سەرەتای ئەو كۆڵانە لە دیوی نافوورەوە، لای مزەخەفرۆشەکان دەست پێ دەکات، بە دیوی مەیدانی پاسکیلان، بە ئاردفرۆشەکان کۆتاییی دێت.
کۆڵانێکە تژی لە سەربووردە، پڕ بووە لە خەڵکی ڕەسەنی هەولێرێ. جگە لە کورد، تورکمان و عەرەب و جووشی تێدا ژیاوە.
ئەوێندەر کۆڵانێکی سەرەکیی گەڕەکی خانەقا بووە، دەیان فەرعی بچووک و گەورەی لێ بووەتەوە، ئێستەش زۆربەی خانووەکانی ماون، بەڵام بە بەتاڵ و چۆڵی.
كە لێی ورد دەبییەوە، سەرباری ئەوەی خەیاڵت دەتباتەوە ئەوێ ڕۆژێ، وەكی لەودیو دیوارە كەرپووچ و قوڕینەكانەوە دەنگی ئاوەدانی دەهات، لە ژوورێكی بچووك باوك و منداڵ لە چاوەڕێی نانی ئێوارە خەریكی یاری و لە ناندینیش كابان چێشتی لێ دەنا، ئێستە دەڵێی قەت کەسی تێدا نەژیاوە، جگە لەو ناو و نووسینە یادگارییانەی قل قلە بەسەر دیوارەكانەوە سەرنجی چاوی ڕێبوار ڕادەكێشن، کە دەیانخوێنییەوە، دێتەوە زەینت كە ئەو حەوش و سەربان و بەردەرگەیانە، پڕ بوون لە ژیان، لە گریان و پێکەنین.
بە بیانووی مەترسیی ڕووخان و بەکارهێنانی ئەم خانووە چۆڵانە لە لایەن کەسانی خراپەكارەوە، زۆربەی دەرگە و پەنجەرەکانی ئەو خانووانە بە بلۆک گیراون، تا بۆ هەمیشە چیڕۆکەکانی ئەودیو بە كپكراوی بمێننەوە.
سەبارەت بە ناوی بەلوعەش، قسە و باسی زۆر هەن، لە دیارترینیان ئەوەیە کە پێشتر خانووەکانی ئەم کۆڵانە، بەلوعەکانی ئاویان لە بەردەرگە بووە. مام یاسین کە کاسبکارێکی تەمەن نزیک هەشتا ساڵە، دوکانەکەی لە خانەقایە، جیاواز لە بۆچوونی باو لە بارەی ناونانی کۆڵانی بەلوعەوە، بۆ (گڵکەند) دەڵێت ”ئەمن تەئریخی ئەو كۆرانە لە هەمووان چاتر دەزانم، بەخۆم منداری ئێرە بووم و لێرەش لەدایک بوومە، بابیشم موالیدی ١٩٢٥ بوو، هەر لەو کۆرانە بووە، یەعنی قەڕنەک زیاترە لێرەینە“.
ئەو پیاوە خانەقایییە، لە بیری ماوە كە دوو برا هەبوون بە ناوی حەمید و مەجید، وەستای بۆڕی و بەلوعەی بوون. مەجید ناوبانگەكی باشی هەبوو، هەر کەسەک بەلوعەی تێکچووبا یان شکابا، پێیان دەگۆت بڕۆ کن مەجید بەلوعەی، لۆت چا دەکاتەوە.
بەم شێوەیە مەجید بەلوعە، چونکە ئیشی بەلوعە چاکردنەوە بوو، دوای چاككردنی هەر بەلوعەیەك، لە سەری سۆندەکی دەخست و دەیبردە كۆڵانێ، عاردی پێ دەڕشاند، تا خاوەنی بەلوعەكە قەناعەتی بێت کە بەلوعەکەی چاک کراوەتەوە و بێ عەیب ئیش دەكات.
مام یاسین دەڵێت ”وەی لێ هات خەرك بەو کۆرانەیان دەگۆ، ئەو کۆرانەی بەلوعەی لێ چا دەکرێتەوە. ئیدی ئەو ناوەی بە دوو کەت. ئەوەش ڕاستە وەكی دەرێن ماوەک کۆرانەكە پڕ بەلوعەی ماران بوو، بەرانەکینێ ڕاستیی ناوەکەی، ئەوەیە کە ئەمن گێڕامەوە“.
كۆڵانی بەلوعە، کانگەی خەڵکی لێهاتوو و بەهرەمەندی هەولێرێ بووە. دەیان کەسایەتیی سیاسی و هونەری و دیاری شار لەوێندەرێ لەدایک بوون و هەراشی و جاحێرییان لەم کۆڵانە بووە. لە دیارترینیان هونەرمەندی کۆچکردوو ئەردەڵان بەکرە. ئێستە ماڵەكەی ئەویش بە هەمان شێوەی ماڵەکانی دی، چۆڵ و بێ کەس بەجێ هێڵدراوە.
بەپێی قسەی قەدیمیەکانی ئەو کۆڵان و گەڕەکە بێت، نانخواردنی مەغریبانی سەربان و لە خەو هەستانی سبەینان، کە بە دیتنی قەڵاتی پڕ شكۆ دەستی پێ دەكرد، چێژێکی تایبەتی هەبووە، مەگەر بەس خۆیان و خودا بزانن چۆن بووە.
لە شەستەکان ئەم کۆڵانە قیڕ كرا، جیاواز لە کۆڵانەکانی دیكە و گەڕەکەکانی دی، گەنجەکان بە کۆمەڵ هاوشانی کارمەندانی شارەوانی کاریان کردووە.
دەگێڕنەوە لە بریی مەكینەی گەورە، بە دەست قیڕیان کردووە. دارێک لە شێوەی تیرۆگ، بەڵام بە قەبارەی گەورە، کە تەنیا بە کەسانی بەهێز پاڵ دەدرا، دەهات و دەچوو، كۆڵانەكەی پێ قیرڕێژ دەكرا.
سێ چوار ماڵ هەن، کە تا ئێستەش لەو کۆڵانە دەژین، لە دیارترینان، کەسێکە ناوی شینەیە، کە منداڵی ئەو کۆڵانەیە و ئێستە لەگەڵ نەوەکانی ڕۆژ بەڕێ دەکات، ئەمەش سەرباری ئەوەی چیی دی ئەم کۆڵانە نە ماڵ و ژیان، نە هیچ دوکان و مزگەوتێکیشی لێ نەماوە، بەڵام بەردەوام خەڵک بە پێیان و پایسکیل و ماتۆڕ پێیدا دێن و دەچن، ئەمەش لەبەرئەوەیە كە هەڵکەوتەكەی قەدبڕێکی باشە بۆ ئەوانەی لە دیوی سی مەترییەوە دەچنە ناو بازاڕ، تا بەزووترین کات بگەنە نافوورەی هەولێر و باغی شار.
کۆڵانی بەلوعە ئەگەرچی پێشتر ناوبانگی خۆی هەبووە و شوێنێکی دیار و بەرچاو بووە، بەڵام هەبوونی گەراجی محۆ لە نێزیک ئەو کۆڵانە، پتری بەناوبانگ کردبوو. جگە لەوەش کەبابخانەکەی وەستا نەجات کە ئێستەش ماوە، لایەکی دیار و بەرچاوی ئەم کۆڵانە بووە.