چا بە تامی وێسکی (بە یادی تەڵعەت سامان)
چا بە تامی وێسکی (بە یادی تەڵعەت سامان)
February 05, 2026

ساڵی ١٩٩٢ بوو، لەگەڵ ژمارەیەک گەنج تیپی (یەکی ئایار)مان لە ڕواندز دامەزراند، یەکەم کارمان، نمایشكردنی شانۆگەریی (بۆیاخچی) بوو، لە هۆڵی قوتابخانەی پاشای گەورە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا.
لە ١٩٩٤، لەگەڵ ژمارەیەک قوتابیی کۆلێژ و پەیمانگە، تیپی شانۆی (زانکۆ)مان دامەزراند. یەکەم بەرهەممان، کارێکی تەلەڤزیۆنی بوو بەناوی (چەقۆ)، لە دەرهێنانی هونەرمەند تەڵعەت سامان.
چیڕۆک و سەربووردەی ڕۆژانی پڕۆڤە و دواتر وێنەگرتنی دیمەنەکان، پڕن لە یادەوەریی خۆش و کۆمێدی، چیڕۆکگەلێک کورد گوتەنی “سەر بەقوڕ پێیان دێتە پێکەنین!”.
مامۆستای ڕەوانشاد وەک دەرهێنەرێکی خاوەن ئەزموون، چ لە دابەشکردنی ڕۆڵی ئەکتەر و چ لە کاتی پڕۆڤەدا، پیاوێکی جیددی و ورد و حیسابی بوو.
خوای نەدەکرد یەکێک لە پڕۆڤە هەڵەیەکی کردبا، هێندە تووڕە دەبوو، دەست و دەمی نەدەپاراست. لەو ماوەیەدا چەندین جار لە شوێنی خۆی، تەپڵەکی جگەرە یان هەر شتێکی کەوتبایە دەست، دەیخێواندە ئەوەی هەڵەکانی پاتە دەکردنەوە.
بەزمی بازاڕی شێخەڵڵا و چ نەدیتکەیی هەندێک خەڵکیش بەسەری خۆی.
هەر بۆ نموونە، تەنیا بۆ تۆمارکردنی دیمەنێک لای گۆشتفرۆشێک کە دوکانەکەی لە سەرەتای بازاڕەکە بوو، زیاتر لە ١٥ جار وێنەمان گرتەوە. ئاخر ئەو خەڵکە وەک نەدی و بدی دەهاتنە بەردەم کامێرا و هاتوهاواریان بوو.
لە هەمووی خۆشتر ئەو دیمەنە بوو کە لە هۆتێلی (دم دم) وێنەمان دەگرت. چوار پێنجێکمان بە دەوری مێزێکی خڕ کۆ بووبووینەوە و دەبوو ڕۆڵی سەرخۆش ببینین. ئینجا بە چیش خۆمان سەرخۆش بکەین؟ بە چای زەرد و سارد.
مامۆستا هێندە چای زەرد و ساردی دەرخوار داین، بۆ خۆشمان ئەوەندە جگەرەی (بۆند)مان لەگەڵ خواردنەوەی زەرداودا کێشا، دوو هەفتەی دواتریش هێشتا گەدەمان نەهاتەوە تایم.
ئەو دەیگوت دەبێت چاوتان سوور هەڵگەڕێت، وای نیشان بدەن کە سەرخۆشن و بەلادا دێن، زارتان تێک هەڵبێت و قسەی هەڵیت و پەڵیت بکەن. ئێمەش دەمانگوت مامۆستا خوات بێت، کێ بە چایە مەست بووە؟
ئەویش بەتەوسەوە دەیگوت: لۆ چما باڕم دانایە، هەتا وێسکی و شامپانیاو لۆ بینم!؟


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved