ئەو قەرەباڵغیی هاتوچۆیەی لە کۆڵان و شەقامەکان دەبیندرێت، جێی نیگەرانییە، ژینگە پیس دەکات، بتەوێت بچیە شوێنێك، ناچاری زووتر خۆت ئامادە بكەی تا لە کاتی دیاریکراودا بگەیە جێ.
سەتان ترومبێلی جۆراوجۆر لە دەوروبەری پاڕکەکان، بە تایبەتی پاڕکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان دەبیندرێن، خاوەنەکانیان بۆ پیادەڕەوی و وەرزش بۆ پاڕک بە ترومبێل هاتوون. ئەگەر ماڵیان زۆر دوور نەبێت، دەکرێت بە پێیان بچن، ئەگەر دووریش بن، دەكرێ بە پێ بچنە نزیکترین پاڕک.
لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستە دەیان پاڕکی خۆش و گەورە لە هەولێر و دەوروبەری دروست کراون، چەندین دار و گوڵیان لێ چاندراوە، لە كاتەكدا جاران بەس گڵکەند و غابات و باغی شار هەبوون.
لە هەشتایەکان ترومبێلێکی نەسری میسریم کڕی، لە کۆڵانی خۆمان بوومە دووەم کەسی خاوەن ترومبێلی تایبەتی بیت، باوکی ڕەحمەتیم گوتی ”شوکر بۆ خوا ڕۆژگار گۆڕاوە و خەڵک بار و گوزەرانی خۆش بووە، کاتی خۆی ئێمە لە بیستەکان لە گوندی لهێبان دەژیاین، بە حەفت ماڵ گوێدرێژێکی شەلمان هەبوو“.
ئێستە لە بەردەم هەر ماڵێک پتر لە ترومبێلێک دەبینی، هۆکارەکەی نەبوونی پاس و شەمەندەفەر و تراموا و میترۆیە.
جاران ئامانە لە هەولێر و زۆربەی شارەکان هەبوو، سەر بە بەڕێوەبردنی خۆجێیی شار بوو، سەرەتا ئامانەی ڕەنگ سۆر هەبوو، لە لاتەنیشتەکانیان بەخەتێکی ڕوقعە بە خەتی خۆشنووسی خوالێخۆشبوو کەریم دیار نووسرا بوو (مصلحة نقل الرکاب).
کە سواری پاس دەبووی، لە بەشی پێشەوەی دوو جۆرە کورسیی سپرینگداری چەرم هەبوو، بەشی دواوەش کورسیی داری لووس بوو.
لە بەشی پێشەوە خواپێداوەکان دادەنیشتن، لە دواوەش هەژار و کەمدەرامەت، ئەو کات چینایەتی لە ناو پاسەکان هەستی پێ دەکرا، نەوەک لە خاوەنداریەتیی ڤێلا و مەزرەعە و ترومبێلی نوێ و گرانبەها.
مام حوسێن شوفێری پاسی ژمارە یەك بوو، کە لە ناو شار دەسووڕایەوە، مام عەلی کە پێیان دەگوت عەلی گاور، شوفێری پاسی ئامانەی ژمارە دوو بوو، کە هی دەرەوەی شار بوو تا دەگەیشتە شارۆچکەی عەنکاوە، ئەو کات عەنكاوە زۆر دوور بوو لە هەولێرێ، ئەوبەر و ئەمبەری ڕێگە یەک سایدەکەش چۆڵ بوو، لەبەرئەوەی مام عەلی هاتوچۆی عەنکاوەی دەکرد، ناوبانگی عەلی گاوری بەدوو کەتبوو.
بۆ ساڵی نوێ، وا چاکە هەوڵ بدرێت هێڵی شەمەندەفەری خێرا یان ئۆتۆماتیک بۆ هەولێر بنیاد بنرێت و لە ناوەڕاستی شەقامە بەرینەکان سیکە و هێڵی لێ دابنرێ تا هاتوچۆ ئاسان بێ، خەڵک پێویستیان بە بەکارهێنانی ئەو هەموو ترومبێلە نەمینێت.