دەشتەکی و ناوی من
دەشتەکی و ناوی من
February 03, 2026

قوتابیانی سەرکێش بە کچ و کوڕەوە لەسەر ڕۆژێ دوو ساڵێکی خشتیان لەدەست چوو، جلکی سوپای میللی (جەیشی شەعبی)یان نەپۆشی. هەڕەشەوگوڕەشە نەیترساندن. تاکوتەرا نەبێ ملیان نەدا و نەچوونە ژێر بار. لەسەر هەندێ لە کۆلێژ دەرکراین. ساڵی دوایی دەنگۆیەک بڵاو بووەوە، گوایە وەردەگیرێینەوە. بەر لە وەرگرتنەوە ڕۆژانە سەردانی کۆلیژم دەکردەوە. گەڕەک دەیانزانی من لە دەرکراوەکانم، لە ترسی ئەوەی نەبادا زماندڕاوێ زمانم لێ بدا و بۆ ڕاپێچخانە ڕام پێچن و بمبەن بۆ سەربازی، وا خۆم پیشان دەدا وەرگیراومەتەوە و قوتابیم. جاروباریش دەچوومەوە ناو پۆلێ و دەگەڵ قوتابییە نوێیەکان دادەنیشتم.
وانەیێ لەو وانانە وانەی عومەر شێخەڵڵا دەشتەکی بوو. دەشتەکی بڕوانامەی بەرزی نەبوو، بەڵام لەبەر کەمیی دکتۆر و ماستەر، لێهاتووییی خۆیشی لەوێ بوەستێ، لە زانکۆ وانەی دەگوتەوە. من دەشتەکیم لە ڕێی (پەندی کوردی) و (داستان و گۆرانی) و (هەبوو نەبوو) و (خانزادی بەخت ڕەش)ەوە دەناسی. بیستبووشم کونەڕەشی بەعسی دیوە، پەنجەی دەستی هێشتا شوێنەواری ئەشکەنجەیان پێوە دیار بوو.
دەشتەکی لیستی ناوی قوتابیانی دەرهێنا، یەک یەک خوێندنیەوە، لەگەڵ خوێندنەوەی هەر ناوێکیش دەیپرسی: خەڵکی کوێی؟ ئارەزووی چی دەکەیت؟ چەند پرسیارێکی دیکەش.
لە خوێندنەوەی ناوەکان تەواو بوو، دیار بوو زانی ناوی من لە ناو ناوان نییە. بەپەنجە ئەشکەنجەدراوەکانی ئاماژەی بۆم کرد:
- ئۆباو، تۆ...
- من ناوم نییە، لە دەرکراوەکانم.
- ناوت چییە؟
- کەریم کاکە.
کەمێ داما، دەستی خستە سەر دڵی، بەدەنگێکی خەمگینەوە: کاکە، ناوی تۆ لێرەیە.
وای، لەو قسەیەوە تا دڵ دەڵێ زێ خۆشم ویست، گریانم هات، سەرم داخست، نەمویست ڕۆندکانم ببینێ.
دوای وانە لە ڕێڕەوەکە تاوێ بەیەکەوە ڕاوەستاین، باسوخواسی سیاسەت و ئەدەب هاتە گۆڕێ. زانی خوێنەرم و کتێبەکانی ئەویشم خوێندوونەتەوە، پرسی:
- هیچ دەنووسی؟
- دەو لێ دەدەم.
- هەر شتێ دەنووسی، بنووسە، بەڵام پشت لە فۆلکلۆر مەکە.
دوای ڕاپەڕین مامۆستا شێخەڵڵام لە بازاڕی شێخەڵڵا دیتەوە. سەربردەی گۆڕینم بەبیر هێنایەوە، دوای کەمێ دامان هاتەوە یادی. پرسی:
- خوێندنت تەواو کرد؟ چی دەکەیت؟
- کتێبخانەم داناوە، زوو خوێندنم بەجێ هێشت، بە چیا کەوتم.
- پێشمەرگەی چ پارتێک بوویت؟
- پارتی کۆمۆنیست.
دەستی خستە سەر شانم: بە سەری هەردووکمان، هەینێ زانیم وەک خۆم چەپی، بەڵام نەمگۆ.

* ڕاپێچخانە: دائیرەی تەجنید.
* کونەڕەشە: زیندان.
* ئەوانەی لە ناو کەوانەن، بەرهەمی عومەر شیخەڵڵا دەشتەکین


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved