لە بارەی شیعر و ژیانی عەبدوڵڵا گۆرانەوە زۆر نووسراوە و زۆر گوتراوە، لە ڕاستی دوور ناکەوینەوە گەر بڵێین لە نیو سەدە زیاتری ڕابردووی لێکۆڵینەوە ئەدەبییە کوردییەکان، زیاتر لە زۆربەی شاعیران عەبدوڵڵا گۆران بەسەر کراوەتەوە، بەڵام هەتا ئێستەش کەس نەیگوت و ڕوونی نەکردەوە کە گۆران بۆچی و بە چی لەناو کایەی ئەدەبیی ئێمەدا تا هەنووکەیش زیندووە؟
زۆربەی ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەی لە بارەی گۆرانەوە نووسراون، تەنها دەتوانن بڵێن نوێخواز بووە و کێشی شیعری کوردی لە کێشی فەراهیدییەوە گواستەوە بۆ کێشی پەنجە! بەمەش ئەو قسەوباسە ئەکادیمی و نائەکادیمییانە نەچوونەتە سەر باسی خاڵی بەهێزی گۆران، نەک هەر ئەوە، بەڵكو خاڵی بەهێزی گۆرانییان زۆر جار وەكو خاڵی لاوازی گۆران نیشان داوە.
لە لای زۆربەی توێژەر و ڕەخنەگران خاڵی لاوازی شیعری گۆران لەوەدایە کە زمانی شیعریی سادەیە و زۆر جار لە ئاستی قسەدایە، یان ئەگەر زۆر خاتریان گرتبێ دەڵێن فۆتۆگرافەرە.
من پێم وایە ئەو سادەیی و ڕوونییە خاڵی بەهێزی شیعری گۆرانە، کە بەداخەوە دوای گۆران بەتایبەتی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو تەوژمی بەکارهێنانی وەسفی زەینی و ئاڵۆزی لە دەربڕیندا، بووە پەتایەکی درێژخایەن و تا ئێستەش ئەو پەتایە بەرۆکی زمانی شیعریی بەرنەداوە.
جان کۆهین لە کتێبە ناوازەکەیدا (بونیادی زمانی شیعری) باس لە سێ جۆر زمان دەکات:
یەکەم: زمانی گشتی، کە تیایدا هەر وشەیەک یەک مانا هەڵدەگرێت، واتا بەرد تەنها بەردە.
دووەم: زمانی ئاخاوتن یان قسە، تیایدا بەپێی ئەو گرێبەستە نادیارە کۆمەڵایەتییەی لە نێوان بەکاربەرانی ئەو زمانەدا هەیە، هەریەکە و ئازادانە وشە و دەستەواژەکان لەناو زمانە گشتییەکە هەڵدەبژێرێت، بەو مانایەی ئاخاوتن یان قسەکردن مامەڵەیەکی ئازادانەی تاکە لەناو زمانە گشتییەکە.
سێیەم: زمانی شیعری، کە تیایدا دەتوانرێت ئەوەی لە زمانە گشتییەکە و ئاخاوتندا ڕێگەپێدراو نییە، ئەوە لە زمانی شیعریدا ڕێگەپێدراوە، بۆ نموونە: لە شیعردا جیاواز لە گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان، زمانی شیعر دەتوانێت بڵێت: تریفەم فڕ کرد، یان هەتاوم خواردەوە.
بە ڕای کۆهین یەکێک لە خەسڵەتەکانی شیعر، ئەو خلیسکانەیە لە زمان بەمەبەستی بەرهەمهێنانی سەرسووڕمانیی خوێنەر و بردنی زمان بۆ ئەوپەڕی دۆزینەوەی مانای نوێ.
گۆرانی شاعیر زۆر جار بەبێ بەکارهێنانی ئەو کۆڵەگە سەرەکییەی زمانی شیعری، توانیویەتی شیعر بنووسێت و نیو سەدەیشە لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا ئەو تێکستانە جوان و زیندوون:
جادە چۆڵ و سێبەر بوو كاتی بەیانی
ئەڕۆیشتـــم خەیــــــاڵاوی ئەمـــــڕوانی
بۆ سەوزایی دەوروپشتم بۆ ئاسمان
بۆ شاخی بەرز خانووی تازە دنیای جوان
ئەمە و دەیان نموونەی دیکەی جۆرە تێکستێک کە بەبێ بەکارهێنانی خلیسکانی زمان و دوورکەوتنەوە لە ئاخاوتن، گۆران شیعر دەنووسێت..
لە گەنجیمدا کاتێک شیعری کوردیم دەخوێندەوە، بە تایبەتی شیعری شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت و تەنانەت شاعیرانی هەشتاکانی هەولێریش، زمانێکم لە شیعردا دەبینی، لە هیچ شوێنێکی ژیانمدا ئەو زمانە نەبوو، بۆ نموونە شیعر پڕی بوو لە وەسفی زەینی و پەیوەندیی بە ئینسانەکانەوە نەبوو، بۆ نموونە ڕستەی لەم شێوەیە دنیای تەنی بوو: تۆ درەوشانەوەی پڕشنگی تریفەی شەوگاری شیعرەکانمی و هتد…
شاعیرم دەبینی لەناو چڵپاوی کۆڵانەکانی کوران و تەیراوەدا باسی لە پەپوولە و نەورەس دەکرد...
ئەو کاتە باوی ئەوە بوو ئەگەر کەس لە شیعرێک نەگەیشتبا، ئەوە شیعرێکی نایاب بوو، خوێنەر و تێگەیشتن و چێژوەرگرتنی خوێنەر لە فەرهەنگی نووسەراندا نەبوو، دواتر زانیم کە ئەو شاعیرە ئاڵۆزانە تەنها بۆ ئەوەی ئاستی شاعیربوونیان نەزانرێت، پەنا دەبەنە بەر ئەو ئاڵۆزییە، وەک چۆن لە منداڵیماندا کە نوشتەی شێخ و مەلاکانمان بە دزیی دایکمانەوە دەکردەوە و دەمانبینی تەنها هەندێ وشەی بێ مانا نووسراون و هیچ واتایەک ناگەیەنن، چونکە واتاشیان نەدەگەیاند بۆیە پیرۆز بوون، یان ناچار بووین بە پیرۆزی بزانین.
لەگەڵ هەبوونی ئەو زمانە شیعرییە درێژدادڕە نوشتەگەرایییە، پرسیارێکی سادەم هەبوو: باشە ئەو زمانە شیعرییە لە کوێی ژیاندایە؟! دایکم دەبینی قەت بە منی نەدەگوت بۆ نموونە: تاڤگەی سەرمەدیی فەجری خەونەکانم بۆ درەنگ هاتیەوە! لە نێوان منداڵ و دایک، کڕیار و فرۆشیار، کچ و کوڕ، لە تەعزییەکان، لە ئاهەنگەکان ئەو زمانەم نەدەبیست، چۆن دەکرێت زمانێک بەناوی ئەندێشەی ئینسانەوە لە ئاسمان وەک عەلاگەیەکی ڕەش بخولێتەوە؟! دواتر کار لەوەش نەما، بەڵكو لای هەندێ شاعیر زمان ئامرازی گەیاندنیش نەما و بە هیچ جۆرێک لە شیعر نەدەگەیشتی، دادایییەکانم دەخوێندەوە تێ دەگەیشتم، سوریالییەکانم دەخوێندەوە تێ دەگەیشتم، ئەدی خێرە لە نووسەرێکی سێتاقان ناگەم؟! گەر تێ نەگەم چۆن چێژی لێ ببینم؟!
پرسیارێکی سادە: ئایا دەكرێ شاعیرێک بۆ ماوەی چل ساڵ بنووسێت و دێرێکی دڵنەواییی گەنجێک نەداتەوە کە تەعین نەبووە؟ دەکرێت شاعیرێک خۆی بە بیگ برازەری شیعری کوردی بزانێت و دێرێکی نەچێتە ناو نامەی کوڕ و کچێکی عاشقەوە؟! ئەو هەموو نەهامەتییەی جیهان هەبێ و تۆش سەرقاڵی دێرە ئەفسووناوییەکانی خۆت بیت!
لێرەوەیە «گۆران» دەمێنێتەوە، چونکە گۆران بە زمانێکی سادە و نزیک لە ئاخاوتن دەدوێ، شیعر لای ئەو تەنها یاریی زمانەوانی نییە، بەڵكو وێڕای ئەوە تۆمارکردنی هەستەکانە بەو شێوەیەی کەسێک لە بازاڕدا پیاسە دەکات و لەبەرە خۆیەوە قسە دەکا، هاوتاکردنەوەی زمانی شیعری لەگەڵ ئەو زمانەی ئینسان لەگەڵ خۆیدا دەدوێ، گەیاندنی بە پلەیەکی هونەری، نهێنیی مانەوەی گۆرانە... تا ماویشە ئێمە لەبەر خۆمانەوە لەگەڵ خۆمان دەدوێین، هەر بۆیەشە مانەوەی گۆران زەمەنێکی درێژ دەخایەنێت.