تەزبیحفرۆش
تەزبیحفرۆش
February 03, 2026

شۆستە دەبێتە دوکان و بارانیش نابێتە کۆسپ

لە کۆیە، كە بە شاری هونەر و شیعر ناسراوە، جارێ ژاوەژاوی مۆدێرنێتە و تەكنەلۆژیا دەستیان نەگەیشتووەتە کوچە و کۆڵانەكانی ناو بازاڕ، هێشتا بۆنی ڕەسەنایەتی و دەنگدانەوەی مێژوو لەوێندەرێ دەبیسترێت.
لەو بازاڕەدا، لە نێزیك لەوێ دیوارە خۆڕاگرەکانی مزگەوتی گەورە، چیڕۆکی پیاوێک هەیە کە نە گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوین و نە زریانی توندی زستان، ناتوانن لە تەسبیحەکانی داببڕێنن.
عەبدوڵڵا تۆفیق ئەو ناوە دیارەی بازاڕی کۆیەیە کە بە زەردەخەنە هەمیشەیییەکەی ناسراوە، ئەو میراتگری تەسبیحفرۆشە ناودارەكانی پێش خۆیەتی، پیاوێكە شکستی بەدیوارەکانی دوکان هێناوە و ئازادیی جادەی هەڵبژاردووە، تا بیكاتە سەکۆیەک بۆ نمایشکردنی جوانترین تەسبیحەکانی کوردستان.
ئەو پیاوە كە بە عەبدوڵڵای تەسبیحفرۆش ناسراوە، تەنیا کاسبکارێکی سەر جادە نییە، بەڵكو پارێزەری میراتێکی دەستییە کە لە مام قادرە ناودارەکەی كۆیەوە بۆی ماوەتەوە. ئەو کاتێک دەنکە قەزوانەکان بەیەكەوە دەبەستێتەوە، تەنیا تەسبیح دروست ناکات، بەڵکو یادەوەرییەکانی شارێک دەڕێسێت کە هێشتا بە دەستڕەنگینیی کوڕەکانیەوە دەنازێت.
مام عەبدوڵڵای تەسبیحفرۆش، پیاوە قسەخۆشەكەی ناو بازاڕ، ئیش هەبێت یا نەبێت، ئەو هەر گەشبین و ڕووخۆش دەردەكەوێت، پتر لە ٢٥ ساڵە لە کونجێکى بن دیوارى مزگەوتى گەورەى شارى کۆیە لە سەرما و گەرمادا کاسبیی خۆی دەکات، سەرەتا لەو شوێنەی خۆی سەوزە و میوەی دەفرۆشت، دوایێ مەیلی چووە سەر تەسبیحفرۆشى.
لە زاری خۆیەوە دەڵێت ”زیاتر لە ١٥ ساڵە لەو شوێنەی خۆم دادەنیشم، پێشتر ڕزقم دەفرۆشت، دوایێ مەیلم چووە تەسبیحفرۆشی، ڕۆژەك ٣٠ تەسبیحم هینا بەو دارەی پێشە خۆم وەكرد، زوو هەمووم فرۆشت، ئەوجارە هەندەكی دیم هینا، ئەوانیش زوو فرۆشران، لەو وەختیەوە دەستم دایە كاسبییەكەی، ئێستەش شار بە شار دەگەڕێم لۆ وەی تەسبیحی باش ببینمەوە و لێرە بیانفرۆشم“.
لەو ڕۆژانە كە هەوایەكەی زۆر سارد بووە، كابرای تەسبیحفرۆش هەر لەوێیە، بەپێكەنینەوە دەڵێت بەفر بێت یان باران، تۆفانیش بێت، هەر دەچێتە سەر كاسبییەكەی، جاری وایە هێندە سەرمایە، بە چا و دیشلەمە خواردنەوە خۆی گەرم دەكاتەوە، دانە دانەش دەنكی تەسبیحەكانی دەژمێرێت و دەیانهۆنێتەوە، گوڵینگەیان بۆ دروست دەکات.
عەبدوڵڵا تۆفیق باسی هۆكاری نەبوونی دوكان دەكات و دەڵێ جارێكیان دوکانێكی بەكرێ گرتووە و پڕی كردووە لە تەسبیح، بەڵام سبەی هەتا ئێوارێ، دوو تەسبیحی نەدەفرۆشت، كرێیەكەشی بۆ دەرنەدەچوو، بۆیە دوكانەكەی چۆڵ كردووە و هاتووەتەوە سەر جادە. ئەوەش دەڵێت كە پیشەی تەسبیحفرۆشی هی دانیشتن و دوكان نییە، بەڵكو دەبێ لەسەر جادە بی.
لە بارەی بازاڕ و جۆری تەسبیحەكانیشەوە، سەرباری ئەوەی جاران ئیش باشتر بووە و ژمارەی زیاتری تەسبیحی فرۆشتووە، بەڵام هێشتا كەڵكی ئەوەی ماوە خۆی پێوە خەریك بكات. لەم ڕووەوە هەوڵ دەدات تەسبیحی ناوازە و دڵخواز بۆ كڕیارەكانی دابین بكات، بەتایبەتی تەسبیحی دەسكردی ناوخۆی كوردستان، لەناویشیاندا تەسبیحی قەزوان بەرچاوە، قەزوانی لاڕەشە، باینجانی، لاسوورە، بەرزنجە، قەلەخۆرە و مێرووش هەیە، كە زۆرترین خواستیان لەسەرە. هەروەها پێی وایە ئەو تەسبیحانەی لە كارگەكان، لە پلاستیك و شووشە و هەندێك جۆری بەرد بەرهەم دەهێندرێت، خواستی كەمتریان لەسەرە و بەهاكەشیان زۆر نییە.
لە باسی نرخەكانیشەوە، مام عەبدوڵڵا دەڵێت ”نرخ ئێمە دیاری ناكەین، تەسبیحەكە خۆی نرخی خۆی دیاری دەكات، بۆ نموونە تەسبیحی قەزوانی ئەبلەق زۆر گرانە، بەتایبەت ئەگەر دەنكەكانی ڕێك و جوان و هەمووی لە یەك ئاست بن، تەسبیح هەیە ٥٠٠ دنکە، لە کۆیە کەمتر بەو نرخانە دەفرۆشرێن، بەڵام لە هەولێرێ تەسبیح هەیە بە ٦٠٠ هەزار دیناریش زیاتر دەفرۆشرێت“. تەسبیحفرۆش دیسان بەپێكەنینەوە درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێ كڕیاری هەبووە داوای تەسبیحی دوو مەتریی كردووە.
سەرنجێكی دیكەش لە بارەی ئەوانەوە دەڵێت كە تەسبیح بە دەستەوە دەگرن و بەكارهێنەری ڕاستەقینەی تەسبیحن، ئاماژە بەوە دەكات ئەوانەی بەڕاستی هۆگری تەسبیح دەبن، ڕەنگە زۆر شت لە بیر بكەن، بەڵام هەرگیز تەسبیحەكەیان لە بیر ناكەن و بەردەوام وەكو بەشەك لە جەستەیان بەدەستیانەوەیە. هەندێك كەسیش هەن خولیا و ئارەزووی كۆكردنەوەی تەسبیحیان هەیە، جۆری جیاواز و دانسقە و گرانبەها لە ماڵەكانیان كۆ دەكەنەوە و دەیانپارێزن.
لە کۆتاییی ڕۆژەکەدا، کاتێک سێبەری منارەی مزگەوتە گەورەکە درێژ دەبێت و بازاڕی کۆیە بەرەو بێدەنگی دەچێت، مام عەبدوڵڵا دواهەمین گوڵینگەی تەسبیحێکی قەزوان گرێ دەدات، كە زیاتر لە داهێنانی زمانێکی بێ دەنگ دەچێت بۆ پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ کاتدا، تا كاڵایەك بۆ فرۆشتن، ئەو زمانەی وا دەكات لەم سەردەمە پڕ دڵەڕاوکێیەدا، پیاوانێک بە دوای دەنکە تەسبیحێکی دانسقەدا بگەڕێن بۆ ئەوەی لە نێوان پەنجەکانیاندا خەمەكانی ژیانیان ون بكەن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved