وەرچەرخانی كولتووری قاوەخانەی جاران و کۆفی هاوسی سەردەم
وەرچەرخانی كولتووری قاوەخانەی جاران و کۆفی هاوسی سەردەم
February 03, 2026

لەگەڵ ئاوابوونی خۆر، چرای شەقامە فرەوان و ڕازاوەكانی هەولێر دادەگیرسێن، دیمەنێکی نوێ لە ژیانی کۆمەڵایەتیی شارەکە سەرهەڵدەدات.
جاران كە چایخانە و قاوەخانە تەنیا شوێنی پیاوان و بەساڵاچووان بوو، لەوێ ماندووێتییان لە بیر خۆ دەبردەوە، یادگارییان دەگێڕاوە و کاتیان بەسەر دەبرد، ئێستە کۆفی هاوسە سەردەمییەکان شوێنی دڵخوازی گەنجان و خێزانەکانیشن.
ئەمە بەس گۆڕینەوەی چای ڕەش و شیرینیی جاران نییە بە قاوەی تاڵ و لاتێ و کاپوچینۆ، بەڵکو وەرچەرخانێکی كولتووری و کۆمەڵایەتییە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە كاری كردووەتە سەر شێوازی ژیان و کات بەسەربردنی خێزانەکان.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، ئێستە ٥٢٣ قاوەخانە و ڕێستۆرانت هەن. ئەم ژمارە گەورەیە نیشانەی خواستێکی زۆرە لەسەر ئەم شوێنانە و گەشەکردنی بێ وێنەی کەرتی خزمەتگوزارییە لە شارەکەدا، کە بەشێکی زۆری ئەم شوێنانە بە شێوازی مۆدێرن و خێزانی دیزاین کراون.
مێژووی قاوە لە هەولێر بۆ زیاتر لە سەدەیەک پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، عەبۆ قاوەچی بە یەكەم قاوەخانە دادەندرێت و دەڵێن لە ١٨٨٦ دامەزراوە.
ئەو کاتە، قاوەخانەکان شوێنی پیاوان بوون بۆ کۆبوونەوە، گفتوگۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یان بۆ پشوودان و خواردنەوەی قاوەی تاڵ. بەڵام قاوەخانەکانی ئەمڕۆ، جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ ئەو ڕابردووە هەیە.
ئەم شوێنانە بە دیزاینە مۆدێرنەکانیان، مۆسیقای هێمن و ژینگەیەکی پاکوخاوێن، توانیویانە سەرنجی خەڵك لە تەمەنە جیاوازەكان ڕابکێشن و ببنە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی ئەوڕۆی هەولێرێ. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لە ڕووکەشدا نییە، بەڵکو لە ناوەڕۆک و ڕۆڵی کۆمەڵایەتیشیاندا ڕەنگی داوەتەوە.
چیمەن ئازاد، خانمێکی ٣٥ ساڵە، لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەی لە قاوەخانەیەکی شەقامی گوڵان لەژێر تاوەرەكانی بۆلیڤارد دانیشتووە، دەڵێت جاران بۆ چوونە دەرەوەی خێزانی تەنیا پاڕکە گشتییەکان یان چێشتخانەکان هەبوون، بەڵام ئێستە کافتریا و قاوەخانەکان شوێنێکی ئارامن. لێرە منداڵەکان دڵخۆش دەبن بەو كۆبوونەوەیە، خواردن و خواردنەوەكانیان بە دڵە، گەورەكانیش دەتوانن لە کەشێکی مۆدێرندا کاتەکانیان بەسەر ببەن.
ئەم قاوەخانانە تەنیا قاوە پێشکێش ناکەن، بەڵکو بوونەتە ناوەندێکی کۆمەڵایەتی، جگە لە پێشكێشكردنی خواردنەوەی گەرم و سارد، شیرینی و خواردنی ڕۆژئاواییشیان هەیە، لە هەندێك قاوەخانەدا گۆشەی تایبەت بەخوێندنەوە هەیە، هەروەها مێزی گەورە بۆ كۆبوونەوەی ژمارەی زۆری ئەندامانی خێزانێك یان گرووپی برادەران، سەرباری هێڵی خێرای ئینتەرنێت و خزمەتگوزاریی بەردەوام، ئەمانە وایان کردووە خێزانەکان بۆ چەندین کاتژمێر بمێننەوە.
ئێستە ئەم قاوەخانانە بوونەتە جێگرەوەیەکی باش بۆ ئەو شوێنانەی پێشتر تەنیا بۆ پیاوان یان بۆ یەک چین و تەمەنی دیاریكراو بوون.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ئەم قاوەخانانە، جۆراوجۆری و دەوڵەمەندیی لیستی خواردنە (مێنیوو). هەروەها كردنەوەی ژمارەیەكی بەرچاوی بڕاندی قاوەی جیهانییە، هەندێك بڕاند ڕۆژئاوایی و هەندێكیشیان توركین، كە چیی تر تەنیا قاوەی سادە پێشکێش ناکرێت، بەڵکو خواردنەوە جیهانییەكانی وەک لاتێ، کاپوچینۆ، ماکیاتۆ و قاوەی سارد بەشێوازی هونەری ئامادە دەکرێن. لەگەڵ ئەمانەشدا، لیستی خواردن و خواردنەوەکان فراوانتر بوون بۆ ئەوەی ژەمی خێزانی لەخۆ بگرن. ژەمە سووک و خواردنە خێراکانی وەک ساندویچ، پیتزا، زەڵاتە و پاستا بەردەستن، هەروەها بەشێکی گەورە بۆ شیرینی و کێکە مۆدێرنەکان تەرخان کراون، کە زۆر گونجاوە بۆ بۆنەکانی لەدایکبوون و کۆبوونەوەی تایبەت.
گۆڕانی تێڕوانینی نەوەی کۆن بۆ ئەم شوێنانە جێگەی سەرنجە. سەید ئەحمەد، پیاوێکی ٥٤ ساڵ، کە ئێستە بەردەوام لەگەڵ کوڕەکانی سەردانی قاوەخانە مۆدێرنەکان دەکات، چیڕۆکی گۆڕانی بیرکردنەوەی خۆی بۆ (گڵکەند) گێڕایەوە ”کوڕەکانم دەیانگۆت با بچینە قاوەخانە، زۆرم بە در نەبوو. دەمگۆت جێی گەنجانە و بە كەڵكی من نایێت. جارەک لەگەریان چووم، وەزعەكەم پێ خۆش بوو. جەوەكی خۆشی هەبوو، شیرینی و خواردنەوەكانیش جیاواز بوون، ئێستە زوو زوو دێین و لێرە بەئیسراحەت دادەنیشین و قسان دەكەین“.
بەدەم فڕێدانی زاری تاوڵەکەی بەردەمیانەوە، کە لەگەڵ کارزانی کوڕە گەورەی یاریی دەکرد، بەپێکەنینەوە گوتی ”ئێستە بە خۆم داوایان لێ دەکەم بچینە دەرێ“.
سەبارەت بە گۆڕانی شێوازی بەکارهێنانی ئەم شوێنانە، محەمەد عەلی کارمەندە لە یەکێک لە قاوەخانە گەورەکانی هەولێر، ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ دەکات ”ئێمە ڕۆژانە دەبینین خێزانەکان قاوەخانەکەمان بەکار دەهێنن بۆ بۆنە تایبەتەکانیان. چیی تر تەنیا بۆ خواردنەوەی قاوە نایەن. زۆر جار داوای ڕازاندنەوەی مێزێک دەکەن بۆ ئاهەنگی لەدایکبوون، یان بۆ داوەتکردنی کەسێکی ئازیز. تەنانەت هەندێک جار خێزانە گەورەکان بۆ کۆبوونەوەی خێزانی و گفتوگۆکردن، بەشێکی لە مێزەکانی کافێکە دەگرن“.
ئەمە نیشانەی متمانەی خەڵکە بەم شوێنانە وەک جێگەیەکی گونجاو و مۆدێرن بۆ کۆبوونەوە خێزانییەکان، کە پێشتر تەنیا لە ماڵەکان یان هۆڵە تایبەتەکاندا دەکران.
ئێستە، ئەم قاوەخانە مۆدێرنانە دیمەنێكی نوێ و وێنەیەكی گۆڕانی کۆمەڵایەتین لە هەولێر. لە گۆشەیەکدا، باوک و کوڕ بەپێکەنینەوە خەریکی یاریی تاوڵەن، كچێك و كوڕێكی گەنج ئانیشكیان لەسەر پشتی مێزێكی بچووكی بەردەمیان داناوە، لە نیگای یەكتری دەتوێنەوە و بە هێمنی قسە دەكەن، لە مێزەکەی تەنیشتیان، دایکێک و کچەكەی گەرموگوڕ لە گفتوگۆ دان، لە بالكۆنی قاوەخانەكەش خێزانێک لە دەوری مێزێکی گەورەی ڕازاوەدا دانیشتوون، یادی لەدایکبوونی منداڵەکەیان دەكەنەوە و شیرینی دەخۆن.
ئەم وەرچەرخانە نیشانەی گۆڕان و کرانەوەی زیاتری کۆمەڵگەیە، دیمەنێكی ئاسایی و ڕۆژانەیە، دەری دەخات كە خەڵكی هەولێر، بێ ئەوەی بەها خێزانییەکان لە بیر بكەن، لەگەڵ جیهانی نوێدا دەگونجێن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved