"لە کۆمەڵگەیەکدا زۆربەی خەڵک فەرمانبەر و کاسبکارن، پەکخستنی کار بۆ سێ ڕۆژ ئەستەمە، ناوەڕۆکی پرسە هاوخەمی و سەرەخۆشییە، ئێستە تەکنەلۆژیا ڕێگەی کورت کردووەتەوە"
گواستنەوەی پرسە، لە دیوەخانە قەرەباڵغەکانەوە بۆ شاشە ساردەکانی مۆبایل، ئەو گۆڕانەی ژیانە كە سەردەمی نوێ دەیسەپێنێت، ڕەسەنایەتیی کۆمەڵایەتی دەكاتە قوربانیی کات و كار.
بۆ چەندین سەدە، پرسە لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنیا مەراسیمێکی ئاینی نەبووە بۆ ماڵئاوایی لە مردوو، بەڵکو گەورەترین مەکۆی کۆمەڵایەتی بووە بۆ نوێکردنەوەی بەڵێنەکان و ساڕێژکردنی برینی ناکۆکییەکان.
جاران، کە تەمی پرسەیەک گوندێک یان گەڕەکێکی دادەپۆشی، ژیان دەوەستا، دیوەخانەکان دەبوونە پەناگەیەک، بۆ خستنە ڕووی هاوخەمی، خزم و دراوسێ ئاژەڵیان دەكوشتەوە، خواردنیان بۆ تازیەدار دەبرد، هەژارەكان هیچیان وەگیر نەكەوتبا، قاپێك قەندیان لەگەڵ خۆ دەبرد، شاشەی تەلەڤزیۆن دەكوژانەوە و وادەی زەماوەندی دراوسێ و خزمان بۆ ماوەیەكی درێژ دوا دەخرا.
بەڵام ئەمڕۆ، وێنەکە بە تەواوی گۆڕاوە. ئەو هۆڵانەی جاران بۆ سێ ڕۆژ لێشاوی خەڵکیان لێ نەدەبڕا، ئێستە تەنیا بۆ چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو دەرگەکانیان دەکرێنەوە. جەنجاڵیی شار، ڕاکردن بەدوای بژێوی و شۆڕشی دیجیتاڵی، وایان کردووە نامەیەکی ساردی (واتسئەپ) یان کۆمێنتێکی (فەیسبووک) ببێتە جێگرەوەی ئەو تەوقە گەرم و باوەشە پڕ لە سۆزەی کە جاران خەمەکانی سووک دەکرد.
ئەم ڕەسەنایەتییە لە پەندی کوردیشدا بە «شین و شایی دەستەوایی» ناوزەند کراوە، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد لە هەردوو جەمسەری ژیاندا (خۆشی و ناخۆشی) پێویستی بە دەوروبەرەکەیەتی، ئەحمەد عەزیز گەڵاڵی (٦٥ ساڵ)، دانیشتووی گوندی گۆمەگڕوی قوشتەپەیە، دەڵێت جاران دۆستان لە دەوری خاوەن پرسە خڕ دەبوونەوە و خەمڕەوێن بوون، ئێستە پرسە چەند سەعاتەكی ساردوسڕە، وەكی جاران هەست بە هاوخەمی ناكەی.
مام ئەحمەد بە حەسرەتەوە باس لە دەستەوایی و هاوسۆزیی جاران دەکات کە کەس بە دەستبەتاڵی نەدەچووە پرسە، هەر کەس بەگوێرەی توانای خۆی مەڕ، بزن، یان کیلۆیەک قەندی دەبرد و جیرانەکان ڕێگەیان نەدەدا بۆ چەندین ڕۆژ تازیەدار ئاگر لە ماڵی بکاتەوە، تەنانەت تا ساڵێک وەک هاوسۆزی تەلەڤزیۆنیان دانەدەگیرساند، بەڵام ئێستە وەك مام ئەحمەد دەڵێت، ڕاوی پارە، سیاسەت و سەرقاڵبوون بە مۆبایل، ئەو بەها کۆمەڵایەتییانەی كاڵ كردووەتەوە.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، دکتۆر نووری یاسین هەرزانی ئاماژە بەوە دەکات کە كورد مێژووەکی دێرینی لە ڕێزگرتن لە مردوو و پرسەدار هەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە زۆربەی گۆڕستانەکانی كوردستان لە شوێنی بەرز دان، بەڵام ئێستە بەهۆی گۆڕانی ئابووری و تەکنەلۆژی و تێکەڵبوونی کولتوورەکان، ڕێوشوێنەکان گۆڕاون.
ئەو پێی وایە لایەنە ئەرێنییەکەی ئەم گۆڕانکارییە، وەڵامدەرەوەی کەمکردنەوەی خەرجی و پاراستنی کاتە لە ژیانی مۆدێرندا، بەڵام هۆشدارییش دەدات کە گۆڕانی هاوخەمی لە ئامادەبوونی جەستەیییەوە بۆ نامەیەکی دیجیتاڵی، مەترسیی ساردبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تێدایە. ئەو دەڵێت ”کاتێک سەرەخۆشی و هاوخەمی دەبێتە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یان نامەیەکی ئەلیکترۆنی، ئەو گەرمی و سۆزی بینینی چاوەکان و دەستگوشین و لە باوەشگرتنە نامێنێت، ئەمەش هاوخەمییەکان بەرەو ئەرکێکی سارد دەبات و خاوەن پرسە زووتر ڕووبەڕووی گۆشەگیری و خەمۆکی دەبێتەوە“.
بە بڕوای دکتۆر هەرزانی، ئەم گۆڕان و دۆخە نوێیە دوو ڕووی هەیە، لە لایەک باری سەر شانی خەڵک و خاوەن پرسە سووک دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە شوێنەواری قووڵ لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سۆزی ڕەسەنی کوردەواری بۆ پرسە بەرەو کاڵبوونەوە دەبات.
ڕۆژنامەنووس ڕۆژگار جەعفەر (٤٢ ساڵ)، ئەم گۆڕانکارییە وەک پێویستییەکی خۆگونجاندنی سەردەمیانە دەبینێت و پێی وایە کورتکردنەوەی پرسە بۆ یەک ڕۆژ، دانانی لە دوای نیوەڕۆ گونجاندنێکی ژیرانەیە.
ئەو دەڵێت ”لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆربەی خەڵک فەرمانبەر و کاسبکارن، پەکخستنی کار بۆ سێ ڕۆژ ئەستەمە. ناوەڕۆکی پرسە هاوخەمی و سەرەخۆشییە، ئێستە تەکنەلۆژیا ڕێگەی کورت کردووەتەوە و دەکرێت بەتەلەفۆنێک یان نامەیەک هەمان ئەرک جێبەجێ بکرێت، ئەمەش بارگرانیی دارایی (وەک دابینکردنی شوێن و خواردن و خواردنەوە) لەسەر شانی خاوەن پرسە سووک دەکات و مەترسییەکانی ڕێگەوبانیش بۆ میوانەکان کەم دەکاتەوە، بەڵام پێویستە کەسە نزیکەکان لەو ڕۆژە یان دواتر ئامادەییی جەستەیییان هەبێت“.
بەبڕوای ئەو ڕۆژنامەنووسە، گرینگ ئەوەیە خاوەن پرسە بزانێت تۆ هاوبەشی خەمی، جا چ بە ئامادەبوون بێت یان بە پەیوەندیی دیجیتاڵی جیاوازیی نییە.
ئەمەش لە كاتێك دایە كە ڕوانگەی ئاینییش جەخت لەسەر بارسووککردن دەکاتەوە. دکتۆر عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلام لە کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە پرسە (موستەحەب) و چاکەیە، چونکە دەبێتە مایەی دڵنەوایی، بەڵام نابێت ببێتە بارگرانی.
دکتۆر عەبدوڵڵا دەڵێت ”ئێمە لەگەڵ ڕێکخستنەوە و بارسووکیی پرسە داین. بەپێی فەتواکەی ساڵی ٢٠٢٠، پێویستە عوزری ئەو کەسانە وەربگیرێت و گلهیی و گازاندهشی لێ نهكرێت، کاتێک بەهۆی نەخۆشی، دەوام، یان دووریی ڕێگە ناتوانن ئامادە بن، چونکە پاراستنی نەفس یەکێکە لە مەبەستە باڵاکانی شەریعەت و دروست نییە مرۆڤ خۆی بخاتە مەترسیی ڕێگەوبان کاتێک دەتوانێت بە تەلەفۆن هاوخەمی بگەیەنێت“.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕەوتی سەلەفی ڕوانگەیەکی توندتریان هەیە، ئەوان جیاکاری دەکەن لە نێوان (سەرەخۆشی) وەک سوننەت و (کۆبوونەوە بۆ پرسە) وەک بیدعە. سەلەفییەکان پێیان وایە پێغەمبەر (د.خ) و هاوەڵانی هیچ مەراسیمێکی ڕێکخراویان بۆ پرسە نەبووە، بەڵکو سەرەخۆشی تەنیا بەڕێکەوت بووە.
ئەوان ڕەخنە لە دروستکردنی خواردن لە لایەن خاوەن مردووەوە دەگرن و بەپێچەوانەی سوننەتی دەزانن.
بەبڕوای ئەوان، پرسەکانی ئێستە بوونەتە شوێنی زۆر گوتن و ڕیاکاری، بۆیە تەنیا ناشتنی شیاوی مردوو و سەرەخۆشییەکی سادە لە هەر شوێنێک بێت بەسە و پێویست بە هۆڵ و خەرجی ناکات.
ئەم گۆڕانکارییە لە ڕۆژانی پرسە لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ٢٠٢٠ەوە سەری هەڵدا و دواتر بووە بڕیارێکی کارگێڕی. نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی دەڵێت ئامانجیان لە کەمکردنەوەی پرسە بۆ یەک ڕۆژ، کەمکردنەوەی خەرجیی خاوەن پرسە و گەڕانەوەی کات و گونجاندنی پرسە بووە لەگەڵ سەردەمدا. بەپێی ڕێنمایییەکان، پرسە لە ناوەندی شار و دەوروبەری تەنیا یەک ڕۆژە، کە کاتژمێرێک دوای بانگی نیوەڕۆ دەست پێ دەکات و کاتژمێرێک پێش بانگی مەغریب کۆتاییی دێت.
ئامارەکانی وەزارەتی ئەوقاف دەری دەخەن لە سنووری پارێزگەی هەولێر و دەوروبەری نزیکەی ١٠٠٠ مزگەوت هەن، کە ٤٣٥یان لە ناو شار و ٦٥٦یان لە دەوروبەری شارن، تەنیا لەو مزگەوتانە ڕێگە بە پرسە دەدرێت کە هۆڵی تایبەتیان هەیە و نابێت لە حەرەمی مزگەوت پرسە دابنرێت، چونکە پاراستنی حورمەتی مزگەوت و بێزارنەکردنی نوێژخوێنانیش بەشێکە لە ڕێکارەکان.
پرسە لە دۆخێك دایە، كەوتووەتە نێوان ئاراستەیەكی مۆدێرن کە لەسەر پاراستنی کات و بەرژەوەندیی ئابووری وەستاوە، ئاراستەیەكی پاراستنی ڕەسەنایەتیش کە تەنیا بە ئامادەبوونی جەستەیی تێر دەبێت.
هەرچەند تەکنەلۆژیا و بڕیارە کارگێڕییەکان تا ئاستێك باری سەر شانی پرسەداریان سووک كردووە، بەڵام هاوخەمییان لە کردارێکی مرۆییی قووڵەوە گۆڕیوە بۆ ئەرکێکی دیجیتاڵیی ساردوسڕ.