جووتسایدی (هەولێر – گۆمەسپان) تەنیا پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری نییە بۆ ڕەواندنەوەی مەترسیی ڕێگەكە و كورتكردنەوەی مەودای هاتوچۆ، بەڵکو نەخشەڕێگەیەکی نوێیە بۆ گۆڕینی سیمای ئابووریی ناوچەکە و گۆڕینی گوندەکانی سەر ئەم ڕێگەیە بۆ ناوەندی گەشتیاری و کولتووری.
ئەم پڕۆژە ستراتیژییەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە درێژییەکەی ١٦ کیلۆمەترە و لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی هێمنەوە جێبەجێ کراوە، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ دانیشتوانی زیاتر لە ١١ گوند ڕەخساندووە تا وەرچەرخانێکی گەورە لە ژیانیاندا بکەن.
ئەم ڕێگەیە کە پێشتر یەك ساید بوو، بەهۆی قەرەباڵغی و ناڕێكییەوە بەڕێگەی مەرگ ناسرا بوو، ئێستە بەدیزاینێکی مۆدێرن و بەپێی بەرزترین ستانداردە ئەندازیارییەکان دروست کراوەتەوە.
فەرهاد وەسمان ڕەمەزان، موختاری گوندی مام چۆغان لە بارەی دروستكردنەوەی ئەم ڕێگەیەوە دەڵێت ”جاران هەموو ڕۆژێ تووشی ڕووداوی ناخۆش و كارەسات دەبووین، هەر لە گوندی مە چار کەس لەو ڕێیەی تێچووینە و بووینە قوربانی، بەس ئێستە لە سایەی ئەو جۆتسایدە نوێیە، ئەو ترسەمان نەمایە“.
ئەمیر عەبدولخالق بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێگەوبان لە کۆمپانیای هێمن گرووپ، جەخت لە کوالیتی کارەکانی جووتسایدە نوێیەكە دەکاتەوە كە هەموو بەرز و نزمی و چەمانەوە ناڕێکییەکان لادراون. ڕێگەکە ئێستە لە دوو سایدی فرەوان پێک هاتووە و بۆ هەر ئاراستەیەک (١٠.٧٥) مەتر بە پانی قیڕتاو کراوە، کە دوو ڕێڕەوی سەرەکی و یەکێکی فریاگوزاری لە خۆ دەگرێت. هەروەها پێنج پرد، یەک ژێرپرد و ٥٠ ئاوبەری سندووقی وایان کردووە شۆفێران بتوانن بە سەلامەتی و بەخێرایی ١٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ڕێگەکە ببڕن.
پڕۆژەکەش ئێستە لە قۆناغی کۆتاییدایە و تەنیا هەندێک وردەکاریی هێماکانی هاتوچۆ و هێڵکاریی ماوە.
ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە ژێرخانی ڕێگەکەدا، ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنیی كردووەتە سەر گوندەکانی کانی شاوێردێ، مام چۆغان، کڵاوڕەش، پەڵکەڕەش، باخچەی گەورە و بچووک، شەڕەبۆتی گەورە و بچووک، بیۆکە، کانی کەوان و دەربەندی گۆمەسپان.
شێروان عەزیز حەمەد (٣٣ ساڵ)، گەنجێکی دانیشتووی گوندی باخچەی بچووکە و بە هاوبەشی لەگەڵ باوکی خاوەنی ٣٠٠ مەڕە، باس لەوە دەکات کە بەهۆی گرانیی ئالیک و ئاژەڵی هاوردەوە، پیشەی مەڕداری وەک جاران سوودی نەماوە، بۆیە ئێستە چاویان لە کەرتی گەشتیارییە. دەشڵێت ”گوندەکەمان سروشتەكی جوانی هەیە، هەموو سارێ بە زستان و بەهاران، گەشتیار لۆ سەیران و سیاحە ڕوو لە مەنتیقەكەمان دەکەن، زۆر جاریش شیر و ماست و پەنیر و هێلکەیان پێ دەفرۆشین. هەوكەش دڵنیاین ئەگەر ڕێمان پێ بدەن، خانیی گەشتیاری و دوكان دروست بکەین، نەک هەر بەرهەمەکانمان باشتر دەفرۆشرێ، داهاتەكی زۆری بەردەوامیشمان دەبی و خەرك ناچار نابن لۆ کار و كاسبی ڕوو لە هەولێرێ بكەن و گوندی چۆل كەن“.
لای خۆیەوە شوان عوسمان موختاری گوندی کانی شاوێردێ، کە نزیکەی ٣٥ ماڵی لێیە، هەمان دیدگەی هەیە و جەخت لەسەر پێویستیی وەرگرتنی مۆڵەتی کارە گەشتیارییەکان دەکاتەوە و دەڵێت ”٩٠٪ی خەرکی گوندەکانمان ڕۆژانە بۆ کار دەچنە هەولێر، لە کاتێکدا ناوچەکەمان سروشتێکی دڵڕفێن و بەنداوێکی نوێی گلدانەوەی ئاوی لێیە کە گەشتیاران زۆر جار بۆ کات بەسەربردن ڕووی تێ دەکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنی مانەوە لێرە نامێننەوە“.
ئەو موختارە داوا لە پارێزگەی هەولێر دەکات ڕێگە بدەن لە قەراغ ڕێگەکە خانووی کولتووری و فرۆشتگەی گەشتیاری دروست بکەن.
ئەم داواکارییەی گوندنشینان لە کاتێک دایە کە ناوچەکە بەهۆی نزیکیی لە سەیرانگەی دڵۆپە و کەشوهەوا تایبەتەکەیەوە، شوێنێکی زۆر گونجاوە بۆ گەشەپێدانی گەشتیاریی لادێیی.
هەر لەو سۆنگەیەوە، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، ئاماژە بەوە دەکات کە حکوومەت دەیەوێت کەرتی گەشتوگوزار بکاتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات و هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی بێ کاری. دەشڵێت ”جووتسایدکردنی ڕێگەی هەولێر - گۆمەسپان بووە نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ گۆڕینی سیمای ئابووریی ناوچەکە. ئێمە وەک دەستەی گەشتوگوزار بەتەواوی پاڵپشتیی گەشتیاریی لادێیی دەکەین و هانی خەڵک دەدەین لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنمایییە بەرکارەکاندا، خانوو و فرۆشتگەی گەشتیاری دروست بکەن“.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار داوا دەکات ئەو خانووانەی دروست دەکرێن، شوناس و مۆرکی ڕەسەنایەتیی ناوچەکەیان پێوە دیار بێت و لە کەرەستەی دۆستی ژینگە دروست بکرێن، تا گەشتیار ئەزموونێکی جیاوازی ژیانی لادێی هەبێت. ئەمەش باشترین ڕێگەیە بۆ ناساندنی کولتووری کوردی و گەشەپێدانی ئابووریی گوندەکان لە ڕێگەی بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان (شیرەمەنی و دەستڕەنگینیی گوندنشینان) لەو فرۆشتگەیانەی لە کەنار ڕێگەکە دروست دەکرێن.
ئەم پڕۆژەیە تەنیا چیڕۆکی قیڕتاوکردنی ١٦ کیلۆمەتری ڕێگە نییە، بەڵکو دەستپێکی سەردەمێکی نوێیە بۆ ١١ گوند، کە تێیدا بێ کاری جێگەی خۆی بۆ دەرفەتی کار و مەڕداری جێگەی خۆی بۆ گەشتیارییەکی مۆدێرن و کولتووری چۆڵ دەکات.
ئێستە چاوی گوندنشینان لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکانە تا ڕێکاری یاسایییان بۆ ئاسان بکەن، بۆ ئەوەی گوندەکانیان بکەنە ناوەندی نوێی گەشتیاری کە دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە یەکێک لە جوانترین ناوچە کولتووری و گەشتیارییەکانی دەوروبەری هەولێر و ئەو خەڵکانەشی پێشتر بەهۆی بێ کارییەوە ڕوویان لە شار کردووە، جارێکی دیکە بەئومێدێکی گەورەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی باو و باپیرانیان.
