تێکدانی سیمای ئەندازیاری بە کەرپووچی سوور
تێکدانی سیمای ئەندازیاری بە کەرپووچی سوور

ڕەنگە زەردە ناوازەكەی کەرپووچ لە هاوینە پڕ تیشک و گەرمەکانی هەولێردا، تیشکی خۆر دەگەڕێنێتەوە، بەمەش فێنکی دەبەخشێتە ناو ماڵەکان، بەڵام ڕەنگە سوورەکە بەپێچەوانەوە

هەولێر كە بە ڕەنگی کەرپووچە زەردەکانی دەناسرێتەوە، کاتێک لە بەرزایییەکانی قەڵاتەوە سەیر دەکەی، ڕەنگێکی زێڕینی مات دەبینی، وەک خەرمانەیەک دەوری مێژووی داوە، بەڵام ئەمڕۆ سیمای لە بەردەم گۆڕانێكی نامۆ دایە، کەرپووچی سووری هاوردەكراو و شێوازی بیناسازیی بێگانە وەک پەڵەیەکی تۆخ بەسەر جەستەی ڕەسەنی گەڕەکە کۆنەكان و بەفرزۆنی قەڵاتەوە دەردەکەون. ئەمە هەر گۆڕینی کەرەستە نییە، بەڵکو گۆڕینی ناسنامەی شارەكەیە.
ئەو کەرپووچە زەردەی خۆمان، كە پێشتر لە جێی باخچەی گڵکەند و دوایێش لە هەردوو گەڕەکی کوران، پاشان لە گوندی تۆبزاوەی ڕێگەی کەرکووک و ئێستەش لە گوندەکانی وەک ماستاوە و هێلەوە بەرهەم دەهێنرێت، تەنیا تێکەڵەیەک نییە لە قوڕ و ئاو.
ئەو کەرپووچە لە ڕووی زانستییەوە، بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆری کلس و تەباشیر لە خاکی هەولێر، دوای سووتانی لەناو کورەکاندا، ڕەنگە زەردە ناوازەكەی لێ دەردەچێت.
ئەو ڕەنگە، فەلسەفەیەکی ژینگەییی لە پشتە؛ لە هاوینە پڕ تیشک و گەرمەکانی هەولێردا، ڕەنگی زەرد وەک قەڵغانێک کار دەکات و تیشکی خۆر دەگەڕێنێتەوە، بەمەش فێنکی دەبەخشێتە ناو ماڵەکان، بەڵام کاتێک پەنا دەبرێتە بەر کەرپووچی سووری «ئۆکسید گران»، گەرمایییەکی زۆر بۆ ناو جەستەی شار ڕادەکێشێ و هاوسەنگییە سروشتییەکە تێک دەدات، کە پێشتر بەهۆی چیمەنتۆوە لە دەوری بەفرزۆن كراوە.
ئێستە بەکارهێنانی کەرپووچی سوور لە دەوروبەری گەڕەکەکانی قەڵات، وەک ئەوە وایە بە زمانێکی بێگانە لەناو مەجلیسێکی کوردەواریدا بدوێی.
کەرپووچی سوور کە زۆربەی لە ئێران و تورکیاوە هاوردە دەکرێت، ڕەنگەکەی بەهۆی زۆریی «ئۆکسیدی ئاسن»ەوەیە. ئەم ڕەنگە هەرچەند لە وێنە مۆدێرنەکاندا جوان دەربکەوێت، بەڵام لەگەڵ ڕۆحی شوێن (Genius Loci) لە هەولێردا ناگونجێت.
کاتێک گەشتیارێک یان نەوەیەکی نوێ سەیری خانووەکانی بەفرزۆن دەکات، دەبێت هەست بەو پەیوەندییە مێژوویییە بکات کە لە نێوان منارەی چۆلی و قەڵات و خانووە كۆنەکاندا هەیە.
کاتێک ئەم زنجیرەیە بە کەرپووچێکی سووری هاوردە دەپچڕێندرێت، مێژوو دەشێوێندرێت، شارەکە دەبێتە پێشانگەیەکی شێواوی کەرەستەی بێگانە.
بۆچی وەستا و خاوەن کارەکان پەنا دەبەنە بەر کەرپووچی سوور؟ ڕەخنەکە دەبێت ڕووی لە کارگە ناوخۆیییەکانیش بێت. کەرپووچی ماستاوە هێشتا بەشێوازە کۆنەکە ماوەتەوە؛ قەبارەکەی گەورەیە و کێشی زۆرە. لە بەرامبەردا، کەرپووچە هاوردەکان بەشێوەی قاشی تەنک و زۆر ڕێک دروست دەکرێن، كە بەئاسانی كاریان پێ دەكرێت.
ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی پیشەسازییە لە کارگەکانی کەرپووچی هەولێر. دەبێت کەرپووچی زەردی ڕەسەن بە شێوازی «دیکۆری و مۆدێرن» بەرهەم بهێندرێن، تاوەکو چیی تر تەلارسازەکان بیانوویان نەمێنێت بۆ بەکارهێنانی کەرپووچی نامۆ.
داهاتووی شارەکان بەدیوارەکانیانەوە دەناسرێنەوە. ئەگەر دیوارەکانمان ڕەنگی خاک و مێژووی خۆمانیان لێ ببێتەوە، چیی تر هیچ شتێک نامێنێتەوە ناوی بنێین هەولێری ڕەسەن.
با کەرپووچی زەرد تەنیا لەناو لاپەڕەی کتێبەکاندا نەمێنێتەوە. با ڕێگە نەدەین تەلارسازیی مۆدێرن ببێتە چەکێک بۆ کوشتنی کەلەپوورەکەمان.
با خانووەکانی دەوروبەری قەڵات، بەو کەرپووچە زەردە بڕازێندرێنەوە کە بۆنی دەستی باو و باپیران و گەرمای خۆری هەولێرێی لێ دێت. چونکە جوانی لە گۆڕانکاریدا نییە، بەڵکو لەوەدایە بزانیت چۆن ڕابردوو و داهاتوو لەسەر یەک دیوار کۆ دەکەیتەوە، بەبێ ئەوەی یەکتری بخنکێنن.
وەک پێشنیار پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەوانیی هەولێر، بەکارهێنانی کەرپووچی زەردی ڕەسەن (یان هاوشێوەکانی) لە ناوچە شوێنەواری و کەلەپوورییەکاندا بکەنە یاسایەکی ناچاری، بۆ ئەوەی هەولێر وەک «بووکی کەرپووچە زەردەکان» بۆ هەتا هەتایە بمێنێتەوە.
بۆ نموونەش نۆژەنكردنەوەی ئەم دوایییەی خواردنگەی (كۆكتێل) لەسەر شەقامی باتە و بەكارهێنانی كەرپووچی سوور، دیمەنی ئەو شەقامە گرینگ و سەرەكییەی هەولێرێی ناحەز و شێواندووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved