نیشتمانی موسەقەفان
نیشتمانی موسەقەفان

دەمەک بوو نەهاتبوومەوە هەولێرێ، قسمەت وەها ڕێک کەوت، لەگەڵ زەردبوونی گەڵای دار، هاژەهاژی با و هەڵوەرینی خونچەی درەختە کەژەکان، سەرێک لە نیشتمان بدەمەوە. لەمێژە هاتیمە سەر ئەو ڕایەی، ئەوانەی لە نێوان دوو ناسنامە، دوو دەوڵەت، دوو کولتوور و دوو نیشتمان دەژین، هەمیشە بێ ژیانن!

زۆر شت گۆڕابوو، هیچی وەکو خۆی نەمابوو. بەیانیان زوو، لەو جادە پان و بەرینانەی شاری قەڵات و منارە، تڕومبێل هاوشێوەی مێروولە یەک لەوەی دی گیر دەبوو. باڵەخانە بەرزەکان وەک ئەوەی بەدەست لە تەنیشت یەکتر ڕیز کرابن، سەنگەریان لە یەکتر دەگرت.

لە هەموو دونیا وا باوە، ئەوانەی سەعات ٨ دەوامیان دەست پێ دەکات، سەعات ٦ لە خەو ڕا دەبن، هەتا زوو خۆیان پەیت بکەن و بۆی دەرچن. کەچی لای خۆمان، زۆرینە سەعات ٨ دەوامی هەیە، کەچی تێکڕا چارێگی بووێت بۆ هەشت لە ماڵ دەردەچن، ئیدی بەم هۆیە، شەقامی ١٢٠ و ١٥٠ مەتری وەکو گردە مێروولە ڕەشپۆش دەکەن.

مانگێک مامەوە، بەبێ ئەوەی یەک ڕۆژ بۆ نانی نیوەڕۆ بچمەوە ماڵ. جاران، کە هەراش بووم، سفرە دەوروبەری سەعات یەک لە ماڵی ئێمە دەڕازایەوە. کەس نانی نەدەخوارد هەتا هەموو ئەندامانی خێزان نەچووبانەوە. نووکە، فراڤین وەکی جاران تام و بۆی نەماوە. یەکەک سەعات دوو دەهاتەوە، ئەوی دی سێ، وەلحاسڵ، هەر کەس لە کاتێکی جودا، نانی بە تاقی تەنێ دەخوارد و ئەمەش دیسان سفرەی نانی شێوانی بە چۆلی دەهێشتەوە، چونکی هەبوو، هەر دوو سەعات بەری بانگی مەغریب، نانی نیوەڕۆی دەخوارد.

من لە ڕۆژئاوا، دەمێکە بەو ژیانە ئاشنام، کەچی دیسان بەبێ جودایی لە کوردستان تامم کردەوە. پشتی نوێژی مەغریب، دایکم هیچ پەلەی سەماوەر پێکردنی نەبوو، چونکە ئەویش بووەتە کارەبایی و بەچەند چرکەیەک چا حازر دەبێت. چیی تر چاوەڕێی ئەوە نەبووین، میڤانێک سەر بە ماڵە چۆلەکەماندا بگرێت. براکانم زوو دەردەپەڕین، دایباب بە تەنیا دەمانەوە، یەک بەرانبەر کتێبێک، ئەوی دی بەدیار تەلەفزیۆن خەونیشکە دەیبردەوە. ئاخر بیرمە کە منداڵ بوو، داکم بە پەلەپروزە سفرەی هەڵدەگرت، هەندەک جار هێشتە خوان هەر لە گۆڕێ بوو، میوان هەڤڕا بە ژوور دەکەوتن، بەبێ ئەوەی پێشتر ئاگەدارییەک بنێرن. ئیدی هەتا سەعات یازدە و دوازدە، بەدەم شەوچەلە، کۆنکان و قرت قرت پێکەنین، مەجیلسە بێدەنگەکەیان ئاوەدان دەکردەوە.

بێ دەنگ لە دایبابم ڕاما بووم، کەس نوقەی نەدەهات. لە داکێم پرسی، ئەرێ ماڵێ فڵان چۆنن؟ ئەی فڵان بۆ دیار نییە؟ بەخەنینەوە گوتی "کوڕە ئەتو هاگات لە چییە، خەڵک هەنووکە موسەقەف بووە، موسەقەف!"

ئەوجا ئەو قسەیەی داکم، ئەوەی بیر هێنامەوە، ماوەیەک لەمەوبەر لە ئەمریکا، بەدەم ڕێگەوە گوێم لە ڕادیۆی ئێن پێ ئاڕ گرتبوو. دۆسیەکی گرینگ بوو. کابرایەک ماوەکی زۆر گۆشەگیر لە سووچێکی ماڵەکەی دەکەوێت، هەست بە تەنیایی و قەلەقیی زۆر دەکات. ناچار دەچێتە نەخۆشخانە و باسی دەردی خۆی بۆ دوکتۆر دەکات. دوکتۆر لە جیاتیی حەب و دەرمان، ئامۆژگاریی کاورا دەکات، تا زێدەتر تێکەڵاوی خەڵک بێت و زوو زوو سەردانی دۆست و برادەرەکانی بکات.

ئیدی کابرا ڕۆژانە دوو - سێ سەعات لەگەڵ دۆست و برادەرەکانی دادەنیشێ و حرت حرت پێ دەکەنێت. ماوەیەک دەڕوات، بەڵای لێ نامێنێت. ئەمە تەواوی ڕاپۆرتەکە بوو، ئیدی تێکەڵاوی و پەیوەندیی گەرمی کۆمەڵایەتی، ڕەنگە لە داهاتوو ببێتە چارەسەری هەمیشەیی بۆ خەمۆکی و لاتەریکی لە ئەمریکا.

من بەدەم ئەم چیڕۆکە و فەرموودەکانی داکم، وەختی دەیگوت: "کوڕە ئێستە جێژنەشمان بە جێژنان ناچن." فکرم لە سەردەمی منداڵیی خۆم دەکردەوە، ئێستەش دەنگی تەقە و هەڵات هەڵات لە گوێچکەمدا دەزرینگێتەوە، دڵنیام زۆرێک لە ئێوە و ئەوجا باوک و باپیری هەموومانیش ئەگەر لایان دابنیشیت، هەریەک دەیان هەقایەتی ناخهەژێنی سەردەمی ئەنفال و کیمیابارانمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئینجا نووکە لاوەکی بیست ساڵیش، شەڕی داعش و دەردەسەریی بڕینی مووچە، هەڕەشەی سوپای دیجلە و حەشدی شەعبیی وەکی ناوی خۆی ئەزبەر کردووە. کەواتە، سەت ساڵە ئیسراحەتمان نەکردووە و بە دۆخەکی سەختی دەروونیدا تێپەڕیوین. سەتا سەت دڵنیام ئەگەر ئەو پەیوەندییە تۆکمە و تێکەڵاوییە قەویە نەبایە، ڕەنگ بێ نیوە هەر شێت بووباین.

بەو دۆخەی کەوتە پێش چاوم، بۆم دەرکەوت، تازە بەتازە خەڵک بەهۆی موسەقەفبوونەوە نایەوێ سەردانی نەخۆش بکات، نایەوێ دوو ڕۆژ لە تازیە دابنیشێت. کەس کاتی بۆ کەس نییە، هەمووی لەبەر پژگاڵی لە یەکتر دوورەپەرێزە. کەچی لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا، تازە وا خەریکە تێکەڵاوبوون و لە یەکتر نێزیکبوونەوە، وەکی دەرمانی گشت دەردان، پێناسەی بۆ دادەندرێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved