پیشەوەرەكە ناوی حاجى عومەر حاجى قادر هێتیم (عەنبەر) ئۆتراقچى بوو، شوێنى دوکانەکەى لەناو قەیسەریى کۆنى هەولێر، کۆڵانى ئۆتراقچییەکان بوو. لە دەوروبەرى ١٨٩٥ لە ناوچەى یەدیقزلەر لەدایک بووە و پاشان هاتوونەتە هەولێر، ئەم بنەماڵەیە سێ برا بووینە (یونس – عومەر – محەمەد) کە دەکەنە کوڕەکانى حاجى قادر هێتیم،
هەر لە کۆنەوە لە دەوروبەرى سى و چلەکانەوە ئەم پیشەیەیان کردووە و دوکانەکانیان لەناو قەیسەریی کۆنى هەولێر داناوە، نەوەکانیان تاکو ئێستەش لە پیشەکەیان بەردەوامن، وەک حاجى گەیلانى کوڕى حاجى عومەر، هەروەها تاکو ساڵانى شەستەکانیش نەوەکانى ترى بەردەوام بووینە لە پیشەکە، وەک خوالێخۆشبوو کەمال کوڕى محەمەد کوڕى قادر هێتیم، لەدایکبووى ١٩٣٣ هەولێر، لە ساڵى ٢٠١٨ کۆچى دواییی کردووە و دەکاتە باوکى بەڕێز سەدرەدین، بەڵام هەندێکیان بە هۆى ئەوەى کەوتوونەتە بوارى خوێندنەوە، وەک دکتۆرى و پارێزەرى وازیان لە پیشەکە هێناوە و پیشەى تریان وەرگرتووە.
ئۆتراقچى واتە ئەو پیشەوەرانەى مامەڵە دەکەن بە کڕین و فرۆشتنى ئەو کەلوپەل و بەرهەمە خۆماڵیانەى بەدەست یان بەئامێرى سادە لە خوورى و ئاوریشم و پەمۆ چنراون، یاخود بەئامێرى تەون و جۆڵاکردن بەرهەم هێنراون، جۆرەکانى زۆرن وەک: گۆرەویی خوورى و بەلەکپێچ و کڵاوگۆرییە و بەرماڵى نوێژکردن و دووگورد و گوڵینگە و دەسرازەى لانک و هەندێک جۆرى لباد و پێشمە و جاجم (هەولێرییەکان پێى دەڵێن جێجم) و بەڕ و کلیم و ڕەشماڵ و چادر، کە لە مووى بزن دروست دەکران و گوریسى خۆماڵى و قەوچەى ئەسپ و وڵاخ و خەڕاڵ و توورەگە کە کۆچەر و ڕەوەندەکان بەکاریان دەهێنان بۆ گواستنەوەى کەلوپەلەکانیان، بە زۆریش منداڵە ساوایەکانیان لەناو دادەنا لە کاتى گواستنەوە و کۆچبەرییاندا، ئەمانە هەمووى بەرهەمى ناوخۆیى و دەستکردى وەستاى تەونچنى و جۆڵا و تەشیڕێس و خاتوونە دەستڕەنگینەکانى ناو شار و گوندەکان بووینە کە لەگوند و لادێیەکانى لاى دەشتى دزەییاتى و گەردیاتى و سوورچیاتى و هەرکییەکانى ناوچەکانى دەڤەرى سۆران و باڵەکایەتى، بۆ ساغکردنەوەیان دەیانهێنا بۆ لاى ئەم دوکاندارە ئۆتراقچییانە و خەڵکى شار و ناوچە جیاوازەکان. هەروەها هەندێک جار خەڵکانى بیانیش لە ئەوروپا کە بەگەشتکردن دەهاتن، دەچوونە ناو بازاڕ و سەردانى دوکانى ئۆتراقچییەکانیان دەکرد، بۆ مەبەستی دیاریکراو لێیان دەكڕین.
بێ گومان ئەم پیشەیە ڕۆڵى گەورەى بینیوە بۆ برەودان بە کەرتى ئابووریی ئەم ناوچەیە و بەهێزکردنى ئاستى داراییی خێزانە کارکەرەکان و پیشەوەران و ساخکردنەوەى کەرەستە سەرەتایییەکانى وەک خوورى کە ماددەیەکى سەرەکییە لەم پیشەیەدا و لە وڵاتى ئێمەدا بەردەستە، هەروەها برەودانە بە پێشخستنى کەرتى پیشەسازیی ناوخۆیى و بەشێکى گرینگە لە پاراستن و زیندوو هێشتنەوەى کولتوورى ڕەسەنایەتیی کارە هونەرییەکانى کۆمەڵگەکەمان، چونکە ئەم پیشەیە هەروەک دیارە سەلیقە و کارامەییی بەرزى پێویستە لە ڕێکخستنى بنچینەکانى کارکردن.
لەم پیشەیەدا دیزاینکردن و هەڵبژاردنى جۆرى نەخش و نیگارەکان و ڕەنگەکان دەچێتە بوارى هونەرى و کارامەییی دەستڕەنگینەکانی لە بوارەكەدا کار دەکەن.