ناوەڕاستی چیڕۆكەكە دەگەڕێتەوە بۆ بەری ١٥٠ ساڵ، كاتێك لەسەر پشتی خاكێكی چوارگۆشەییی بچووكدا، كە شوێنەواری گۆڕستان و پیاوچاكان بووە، دیوارە بەردینە قورس و بەرزەکانی قشڵە بنیات نراون، تا ئێستە وەك شایەتێکی زیندووی لەسەر پێ وەستانی كۆیییەكان لە بەرانبەر زەبرەكانی دەستی سروشت و نەیاران، ساغ و سەلیم بەپارێزراوی ماوەتەوە.
قشڵەی كۆیە، کە بەفەرمانی والییەکانی عوسمانی و لەسەر بنەمای تەلارسازیی میرنشینی سۆران بنیات نراوە، تەنیا شوێنەوارێكی دیواری بەردین و گەچ نییە، بەڵکو گێڕەرەوەی ڕووداوەكانی مێژووە لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی دیكە. پێشتر لەوێندەر ئەسپ و زیندانی هەبوون، ئێستە بۆنی قاوە و دەنگی کۆتر و تابلۆی هونەری باڵیان كێشاوە.
قشڵەی کۆیە دەکەوێتە سەنتەرى شارەكە، پێشتر وەک زیندان و سەربازگە بەکار ھاتووە، لە بەردەم دەرگەکەى تۆپێك دانراوە، كە دەستكردی وەستا ڕەجەبـە، بەدەروازەیەكی گەورەی داریدا دەچیتە ناویەوە، لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی قشڵەدا، باخچە و سەوزایی و گوڵ هەن، پەیکەرێکی هونەرمەند تایەر تۆفیق دانراوە، لەگەڵ چەند کەلوپەلێکى کەلەپووری و دوو هێلانەی کۆتر.
قشڵە لە دوو نهۆم پێک دێت، دەیان ژووری گەورە و بچووکی لە خۆ گرتووە، کە بۆ مەبەستی جیاواز بەکار هاتوون، وەک شوێنی حەوانەوەی سەرباز، نووسینگەی ئەفسەر، کۆگەی چەک و تەقەمەنی و بەندیخانە.
دەرگە و پەنجەرەکانی شێوەی کەوانەیییان هەیە کە سیمایەکی تایبەتی بە تەلارسازییەکەی بەخشیوە. ئەم دیزاینە پتەوە وای کردووە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥٠ ساڵ بەرگەی ڕووداوە سروشتی و مرۆیییەکان بگرێت.
گێڕانەوەیەكی مێژوویی ئاماژە بەوە دەكات كە قشڵە لە سەردەمی ئاشوورییەکان لەسەر دەستی میر محەمەد، میری سۆران دروست کراوە. دواتریش لە لایەن عوسمانییەکان وەک قەڵایەکی سەربازیی بەکار ھاتووە، ھەر لەو کاتەوەش وشەی قشڵە کە وشەیەکی تورکییە، خراوەتە پێشگری ناوەکەی.
سەرچاوە مێژوویییەکانی دیکەش، مێژووی دروستبوونی دەگەڕێننەوە بۆ ساڵى ١٨١٠ و هەندێکى دیکە پێیان وایە لە ساڵى ١٨٧٢ کارەکانى تەواو بووە.
یەکێتى عەبدولواحید بەڕێوەبەرى شوێنەوارى کۆیە بۆ (گڵکەند) گوتى “قشڵەكە لەسەر گردى کەکۆن، لە سەردەمى مەدحەت پاشا بنیات نراوە، کە والیی بەغدا بووە و لە زۆربەى شارەکان قەڵاى سەربازیی دروست کردووە، لەسەر ڕووبەری ٢٤٠٠ مەتر چوارگۆشەیە، دەرەوەی بەشێوەی قەڵا دروست كراوە و شوێنی بەرگری لە چواردەوری دانراوە.”
هەروەها پێی وایە هاوشێوەى ئەو قشڵەیەی كۆیە، لە هیچ شوێنێكی دیكەی كوردستان نییە، هەرچەندە لە زۆربەى شارەکان قەڵا هەبووە، بەڵام زۆربەیان لەناوچوون، لەو قەڵا جەنگییانەى دروست کراون، تەنیا قشڵەى کۆیە شوێنەوارى ماوە.
بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوەی هەر ناوچەیەك، بەو کەرەستانە كراوە كە بەردەست بوون، بۆ نموونە لە کۆیە زۆرینەی خانووەكان بە بەرد و گەچ دروست کراون، بۆیە قشڵەش بە بەرد و گەچ دروست کراوە، دەستڕەنگینى و لێهاتووییی پێوە دیارە، بەتایبەت لە دروستکردنى گەچ و کاراماییی کارى دەستى وەستاکان، ئەو بەرپرسە شوێنەوارییەی کۆیە دەڵێت وەستاكان دیزاینەکانیان زۆر جوان بووە، لەسەر بەرد نەخش و نووسینیان کردووە.
شێوەی قشڵەی كۆیە چوارگۆشەیە، بەشى ڕۆژهەڵاتى لە دوو نهۆم پێك دێت، نهۆمى یەکەم شوێنى چەکدارەکان بووە و یەکێك لە ژوورەکانیش بەندیخانە بووە، نهۆمى سەرەوە شوێنى حەوانەوەى سەربازە پلە باڵاکان بووە، بەشى باشوورى دوو هۆڵ بووە لەگەڵ ژوورێکى بچووک، کە مەلا جامى بەکاری هێناوە و دەکەوێتە لاى گۆڕەکەى، بەڵام دواتر نێوەندەكەی هەڵگیراوە و کراوەتە یەک هۆڵ، كە درێژییەکەى ٩٠ مەترە و لە هەندێک شوێن دیوارەکەى دوو مەتر پانە، بەشێکى هۆڵەکە شوێنى ئەسپەکان بووە، کە ئێستە قاوەخانەى کەلەپووری و بەشى ڕۆژئاواى قشڵەش مەزارى دڵدارى شاعیری لێیە.
قشڵە نزیکەى ٧٥٠ تاقی ههیه، کە پێی دەڵێن کونە مەتەرێز، ئەوەش بەماناى ئەوە دێت نزیکەى ٧٠٠ کەس لەم تاقانەوە ئێشكگری و چاودێریی دەوروبەری قشڵەكەیان كردووە، لە ناوەڕاستی بەشی ڕۆژهەڵاتی قەڵاكە دوو پلیكانە هەن، كە لە ڕێگەیانەوە سەردەكەویت بۆ نهۆمی دووەم، چوار قوللەی هەیە لە هەر چوار گۆشەكانیەوە، بەمەبەستى جوانى و بۆ پتەوى و پارێزگاریکردن دروست کراون، بەشى باکورى هیچ ژوورێکى لێ نییە، تەنیا گۆڕى باپیر فەقێ ئەحمەدى لێیە، کە ساڵانى ڕابردوو خەڵک سەردانیان دەکرد بۆ قبوڵکردنى مەرامەکانیان، چونكە هەندێك لە گێڕانەوەكان دەڵێن، قشڵە لەسەر گۆڕستان بنیات نراوە و لەبەر پیرۆزیى مەقامى ئەو پیاوچاکە، تەنیا جێ گۆڕەکەى ئەو ماوە و ئێستەش خەڵک سەردانى دەکات.
ئێستە لەناو قشڵەكەدا بەشى کەلەپووری و مۆزەخانە هەیە، سەمیرە مەجید لێپرسراوى ئەو بەشەیە و بۆ (گڵكەند)ی باس كرد كە تاق و بەشە جیاوازەكانی قشڵە، کەلوپەلى کەسایەتییەکانى تێدایە و هۆڵەکە کتێبخانە و قاوەخانەشى تێدا کراوەتەوە و ڕۆژانە بۆ سەردانیكەران و گەشتیاران کراوەیە. بڕیارە لەگەڵ ڕێکخراوى (جى کاى) ژاپۆنی شوێنێک تەرخان بکەن بۆ بەشى کەلەپوورى و مۆزەخانە، تایبەت بە منداڵان و قوتابیان، چونکە لە وەرزى خوێندن منداڵانیش سەردانى ئەو شوێنەوارە دەكەن.
كات، قشڵەی کۆیەی لە مۆڵگەیەک بۆ ترس و پاسەوانییەوە گۆڕی بۆ ناسنامەیەکی زیندووی شارێک کە مێژووەکەی لە بەرد تاشراوە. ئەو دیوارانەی بۆ بەرگری و جەنگ دروست کرا بوون، ئێستە باوەشیان بۆ هونەر، ئەدەب و منداڵانی نەوەی نوێ کردووەتەوە.