بەر لە 90 ساڵ هیچ هوتێلێك لە هەولێر نەبووە
بەر لە 90 ساڵ هیچ هوتێلێك لە هەولێر نەبووە
January 26, 2026

هەولێر وەك شارێكی دێرین و هەمیشە زیندوو و پڕ لە جووڵەی ڕێبواران، لە ماوەی چەند هەزار ساڵی ڕابردوودا ژیانی تێدا بەردەوام بووە و لە سەردەم و قۆناغە مێژووییە جیاوازەكانیشدا ناوەندی بازرگانی و سیاسییش بووە، بۆیە هاتوچۆی خەڵکی شار و ئاواییەكانی دەوروبەری و تەنانەت خەڵكی وڵاتانی دیکەشی بەسەرەوە بووە.
لە چەند سەدەی رابردوودا خەڵكی هەولێر لەگەڵ گوندنشینەکاندا بە تایبەت لە رووی بازاڕكردن و کڕین و فرۆشتندا بەردەوام لە پەیوەندییەكی گەرموگوڕ و بەردەوامدا بوون، گوندنشینەکان لە وەرزەکانی هاوین و بەهاردا بەتایبەت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی باخ و رەز و ئاژەڵەکانیان و کڕینی پێویستییەکانی وەرزی زستان، روویان لە هەولێر كردووە، چونکە لەو وەرزەدا لەبەر باهۆزی سەرما و سۆڵە و بارانبارین و رێگاگیران بەهۆی بەفرەوە، کەمتر رێگایان دەکەوتە شار.
هەندێک جار خەڵکی ناوچە شاخاوییە دوورەکان کە دەهاتنە ناو هەولێر، ناچار دەبوون شەو بمێننەوە.
لە كتێبی بیرەوەرییەكانی كەنعان موفتیدا هاتووە كە لە هەولێر تا ساڵی 1929 هیچ هۆتێلێک نەبووە، ئەو خەڵکە بۆ خەوتن و مانەوەیان ناچار دەبوون روو بکەنە خان، مزگەوت و تەکییەکان، هەندێکیشیان لە ماڵی ئەو دوکاندار و بازرگانانە دەمانەوە کە مامەڵەیان لەگەڵیاندا هەبووە و پەیوەندیی هاوڕێیەتی و خزمایەتیان لەگەڵ دروست كردوون.
هەرچی ئەو کەسە بیانییانەشن كە بە میوانی لە شار یان وڵاتێکی دیکە دەهاتنە هەولێر و دەمانەوە، روویان لە شوێنەکانی میوانداری و دیوەخانەکان دەکرد. لەسەر قەڵاتی هەولێرێ نزیکەی 20 شوێنی میوانداری هەبوون، ئەوانەشی کە خزم و ناسیاویان لە هەولێر هەبوو، لای ئەوان دەمانەوە.
بەپێی گێڕانەوەی كەنعان موفتی نووسەر و كەسایەتیی ناسراوی هەولێر، لە دوای ساڵی 1929 یەكەم هوتێلەكانی هەولێر كراونەتەوە. ڕەنگە بە شێوەیەكی فەرمییش یەكەم هوتێلی گەورە و قەشەنگ لە هەولێر كرابێتەوە، هوتێل فەرەح بووبێت كە لە سەربانی چایخانەی مەچكۆ بوو، لە كاتێكدا چایخانەی مەچكۆ لە ساڵی 1940دا كراوەتەوە، دەبێ هوتێل فەرەحیش لە دوای ئەو كرابێتەوە. و تا ساڵی حەفتاكانی سەدەی رابردوو ئەو هوتێلە كراوە بوو. هەروەها هوتێل سندباد، هوتێل شەهرەزاد و هوتێل لبنان لە یەكەمین هوتێلەكان بوون كە لەناو شاری هەولێر لە ساڵانی ناوەڕاستی سەدەی رابردوو كرانەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved