پێش ئەوەی ژاوەژاوی مەکینە و دووکەڵی پیشەسازی، ئاسمانی هەولێر داگیر بکات، لە کەنار جۆگە و کارێزەکاندا، سەمفۆنیایەک هەبوو کە تەنها گەنمی نەدەهاڕی، بەڵکو بژێویی دانیشتوانی دابین دەكرد.
لەو ڕۆژگارانەی هێشتا پارە نەبووبووە سەروەری پەیوەندییەکان، خەڵكی هەولێر لە ڕێگەی ئاشی ئاوەوە، هێزی ڕووباریان بۆ دابینكردنی خوانی خێزان، ڕام دەكرد.
ئاشی ئاو لە كوردستان هەر وێستگەیەکی پیشەسازیی بەرهەمهێنان نەبووە، بەڵکو داهێنانێكی ئەندازیاری زیرەکانە و ناوەندێکی کۆمەڵایەتییش بوو، بۆ كۆكردنەوی بەرەکەتی دەغڵی و ماندووێتیی کاروانچییان.
ئاش، ئەو ئامێرە کەلەپوورییەی بەرهەمی بیری مرۆڤی کوردە، چیڕۆکێکی دوورودرێژی هەیە کە لە قووڵاییی مێژووی یۆنانییەکانەوە دەست پێ دەکا و گەشە دەکات تا دەگاتە سەردەمی ئاشی ئاگر و وشککردنی سەرچاوەکان.
بەپێی توێژینەوە شوێنەوارییەکان، دوو جۆری سەرەکیی ئاش لە کوردستان هەبووە:
١. ئاشی بورجی (Arubah): بۆ ئەو شوێنانەی ئاوەکەی کەم بوو، بورجێک (تەنوورە) دروست دەکرا بۆ پەستان خستنە سەر ئاوەکە.
٢. ئاشی کەندەڵان: بۆ ئەو شوێنانەی ئاوی زۆر و لێژی سروشتییان هەبوو.
ئاشە ئاوییەکانی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی شاکارێکی ئەندازیاری بوون کە بەپێی سروشتی ناوچەکە دیزاین دەکران (بەزۆری لەسەر چەم و ڕووبار و کارێزەکان بوون).
جیاواز لە ئاشی ڕۆمانی کە چەرخەکەی ئەستوونی بوو، ئاشی کوردی لەسەر سیستەمی «چەرخی ئاسۆیی» کاری دەکرد.
بەشەکانی ئاش بە وردی بریتی بوون لە:
تەنوورە: لوولەکێکی بەردین یان دارین بوو کە ئاوەکەی لە بەرزایییەوە بەپەستانێکی زۆر دەهێنایە خوارەوە.
پەڕەکە و تۆپی ئاش: ئاوەکە لە «تەنوورە»وە دەیدا لە «تۆپی ئاش» و «پەڕەکە»کانی دەسووڕاند.
بەرداش: دڵی ئاشەکە بوو. لە جۆرە بەردێکی تایبەت دروست دەکرا کە پێی دەگوترا «بەردی چیایی»، کێشەکەی ٦٠ بۆ ٨٠ کیلۆ بوو. بەرداشی خوارەوە جێگیر بوو (پێبەرداش)، بەڵام بەرداشی سەرەوە دەسووڕایەوە.
بەشەکانی تر: (دەم دۆڵ، زەموورەک، مووروە سەنگ، بستە، تەوەرە، نێ، دۆڵیانی ئاش، کەوچکە ئاش و چەقەنە).
لە کۆندا، باراشکردن تەنها کارێکی تەکنیکی نەبوو، بەڵکو گەشتێکی پڕ ماندووبوون بوو. ئەو دانەوێڵەیەی دەبرا بۆ ئاش پێی دەگوترا «باراش» (وشەیەکی لێکدراوە: بار + ئاش).
خەڵکی گوندەکان بۆ هاڕینی باراشێك دەبوو لانی کەم دوو سێ ڕۆژێك بەڕێگەوە بن تاکو دەگەنە جێگەیەك ئاشی ئاوی لێ بێت.
لەو سەردەمەدا پارە نەبوو، مامەڵە بە «مزە» دەکرا. مزە ئەو بڕە گەنمە بوو کە ئاشەوان (بەنەوان) لە بریی کرێی ئاش لە خاوەن باراشی وەردەگرت، کە زۆر جار بۆ هەر بارێک جامێک یان دووان بوو. ئاشەکان وەک هوتێلێکی زستانە بوون؛ لە ناوچەی شێخان و گۆمەشین، جووتیاران لەوێ دەمانەوە، نانیان دەکرد و خواردنی تایبەتی وەک «نەسک»یان لێ دەنا، هەواڵ و بەسەرهاتیان ئاڵوگۆڕ دەکرد.
لە دەشتی هەولێر و دەوروبەری، چەندین ئاش هەبوون کە ناوبانگیان هەبوو، وەک:
ئاشی قوشتەپە: موڵکی سلێمان ئاغای حاجی ئەحمەد بوو.
ئاشەکانی داود ئاغا: لەسەر کارێزی یەعقوب ئاغا (شوێنی ئێستەی سەربازگەی هەولێر).
ئاشەکانی گۆمەشین: وەک ئاشی «سەید عوزێر» و ئاشی «کێخوا عەوڵا”.
زۆر ئاشی تر هەبوون، بەڵام گرینگترین ئاش کە ئێستە پاشماوەکی ماوە (ئاشی قوڕ)ە، دەکەێتە گوندی حەزە لەسەر کارێزێک دروست کرا بوو بەناوی کارێزی سەید محەمەد ئاغا، ئەم ئاشە بورجێکی بەرزی هەبوو کە وەک ‹فەنەر› (Lighthouse) ڕۆڵی دەبینی؛ لە شەوانی تاریکدا چرا و ڕووناککەرەوەیان لەسەر دادەنا تا ڕێگە بۆ کاروانچییەکان ڕوون بکاتەوە، وەک نیشانەیەکیش بێت بۆ ئەوەی خەڵک بزانن ئاشەکە کراوەیە و ئامادەی وەرگرتنی باراشە.
هەر لە هەولێر لە شارۆچکەی سکتان ٢٤ ئاش لەسەر یەک سەرچاوەی ئاوی و لە مەودای تەنها دوو کیلۆمەتردا هەبوون، كە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە ئەم ناوچەیە لە ڕووی کشتوکاڵی و دانیشتوانەوە ئاوەدان و قەرەباڵغ بووە.
هەرچەندە ئاشە ئاوییەکان بەشێکی دانەبڕاو بوون لە مێژووی کشتوکاڵی کوردستان، بەڵام دوو هۆکار بوونە هۆی لەناوچوونیان:
١. هاتنی «ئاشی ئاگر»: دوای ساڵی ١٩١٨ و هاتنی ئینگلیز، ئاشی مەکینە (ئەو ئاشەی بە گاز و ڕۆن و بزوێنەری تراکتۆر کار دەکات) پەیدا بوو. خەڵک ئیتر پێویستیان بە چاوەڕوانی باران نەبوو، بۆیە وردە وردە ئاشە ئاوییەکان چۆڵ کران.
٢. سیاسەتی وێرانکاری: بەعس لە چوارچێوەی شاڵاوەکانیدا بۆ سەر گوندەکانی کوردستان، نەک تەنها گوندەکانی خاپوور کرد، بەڵکو زۆرێک لە سەرچاوە ئاوییەکانیشی کوێر کردەوە (کانی و کارێزەکان)، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی ئاشەکان گەیاند.
ئەمڕۆ، کە دەنگی مەکینە مۆدێرنەکان هەموو گۆشەیەکی ژیانیان تەنیوە، هەر ئارد نا، بەڵكو نان و سەموونیش بەبێدەنگی دەگەنە دەستمان، هێشتا لە ناو قووڵاییی یادەوەریی ئەم شارەدا، شوێنەواری بەرداشەکان وەک نۆستالژیایەكی زیندوو ماونەتەوە. ئاشە ئاوییەکان تەنها قوربانیی تەکنەلۆژیا و ئاشی ئاگر نەبوون، بەڵکو قوربانیی سەردەمێک بوون کە تێیدا خێراییی جێگەی بەرەکەت و تەنیاییش جێگەی کۆڕی ئاشەوانی جارانی گرتەوە.