لەو سەردەمەی شەپۆڵی گۆڕانە خێراكان تەپوتۆزی مێژوو لەسەر گەڕەکە کۆنەکانی ناوچەكە ڕادەماڵێت، هێشتا چەند كۆڵانێكی دێرینی شار بەزیندوویی ماونەتەوە، كە ڕەنگە بەهۆی خزمایەتیی پتەوی نێوان خۆشناوەكان یان ئەو ڕەگانەوە بێت كە لەوەتەی چاندنی تووتنەوە بەو خاكەیانەوە دەبەستێتەوە.
سێتاقان، چیڕۆکی بازرگانانی تووتن و ئەو جووتیارانەیە کە لە پەنجاكانی سەتەی ڕابردوودا، لە دەوری قەسری عەتاوڵاغا و ماڵی حاجی تەهادا کۆ بوونەوە.
ئێستە سێتاقان لە نێوان هەردوو شەقامی ٤٠ مەتری و ٣٠ مەترییە، شەقامی ٦٠ مەتریش وەک پشتێنێک بە ناوەڕاستیدا تێ دەپەڕێت و دەیکاتە دوو بەش، سێتاقانی سەروو و سێتاقانی خواروو، باداوه دهكهوێته بهشی ڕۆژههڵاتی و بهلای شهقامی سی مهتریشەوە گهڕهكی خانهقایه، لای باكوری له پشت نهخۆشخانهی جمهورییهوه دهست پێ دهكات له باشووریشەوە تخوبی لهگهڵ گهڕهكی سهیداوهیه.
حاجی حەمەدەمین تەها خۆشناو، كەسایەتییەكی ناسراوی ناوچەكەیە، کە لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا وەک ئەرشیفێکی زیندوو، باسی ئەو سەردەمە دەکات کە سێتاقان تەنها چەند تاقێکی ئاو و ڕەز و باخچە بوو، پێش ئەوەی ببێتە یەکێک لە قەرەباڵغترین و گرینگترین ناوەندەکانی بازرگانی و نیشتەجێبوون لە پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ئەو كە هێشتا بیری تیژە و خەیاڵی تژی یادگارییەكانی سێتاقانە، بۆ (گڵکەند)ی گێڕایەوە ”لە چلەکان، ئێرە گەڕەک نەبوو، هەر قەسری عەتاوڵاغا و هەندەک دەغر و دانی لێ بوو، خەرک فەلاحەتییان لێ دەکرد، لەناو قەسرەکەش ڕەز و باخچەی تایبەت هەبوو کە مەلا داود سەرپەرشتیی دەکرد“.
حاجی تەها حوسێن خۆشناو كەسایەتییەكی دەوڵەمەندی ناوچەی خۆشناو بوو، دەكاتە باوكی حاجی حەمەدەمین، بەپێی گێڕانەوەی ئەو ”لە بیدایهتی پەنجایهکان، عەتاوڵاغا كەسایەتیی ناسراوی هەولێرێ لەگەر حاجى تەهای بابم لۆ چاندنی تووتن كۆ دەبنەوە، ئەودەمی بابم عاردی لە شێخ ڕەئووفی مزگەفتی خانەقا کڕی بوو و نەیدەویست دوور بکەویتەوە، لۆیێ قەراریان دا عاردەكانی سێتاقان بکەنە تووتن، سێ ساڵی ڕەبەق (١٩٥٢-١٩٥٥) تووتنمان چاند“.
حاجی حەمەدەمین باسی قۆناغی دواتر دەكات كە هەندێك ماڵ لە گوندەکانی زێوە و هەرمکێوە چوونە سێتاقان و دەڵێت ”مەجموعە بنەمارەكی خۆشناو لە دەوری حاجی تەهای خڕ بوونەوە، گۆتیان دەیانەوێ ببنە جیرانی، ئەویش عاردی لۆ دابڕین هەتا تووتنی لێ بچێنن، ئهوه بوو تەهاى سالى و عەباى برایمى عەزۆی زێوەیی و عومەر بەگى شیرێ و کوڕەکانى عەزیز و بەکر و مندارەکانى و دە دوازدە بنەمارەی دیکە هاتن“.
ئەو بنەماڵانە لەو شوێنە زەوییان كڕی كە ئێستە بووەتە شەقامی سەرەكیی سێتاقان و بە زۆری دوكانی فرۆشتنی شتومەكی کارەبایین، ئەو کات زەوی مەتری بە (یەك درهەم و نیو) بوو.
سێتاقان سەرەتا گەڕەکەكی زۆر سادە بووە، تەنها قەسرەکەی عەتاوڵاغا و خانووەکەی حاجی تەها بە کەرپووچ و چیمەنتۆ دروست کرابوون، باقیی ماڵەکانی دی هەمووی خشت و قوڕ بوون. سیمایەكی دیاری گەڕەکەکە پردۆکەی سێتاقان بوو، کە پاشان ماڵی سەید غەریب و سەید تاهیر و سەید غەفوور کڕییان و کردیانە خانوو.
حاجی حەمەدەمین وەک وێنەیەکی ڕوونی ئەو سەردەمە دەیگێڕێتەوە ”ئەو وەختی ئاو کەم بوو، خۆشناو بە کەروبار لە کەسنەزانەوە دەهاتن، دەگەیشتنە پردۆکەى، سارداوەکى باشى لێ بوو، ئاوى شێخ ئەحمەدى دەهاتە ئەوێ، لەوێ ئاویان دەخواردەوە و ئیسراحەتیان دەکرد، ئەوجە ئاوەكە دەهاتەوە شێخەڵڵاى“.
لە بارەی سەربووردەی ناونانی گەڕەكەكەشەوە، وەك ئەو پیاوە دەیگێڕێتەوە ”سێ تاقیان بە کەرپووچى دروست کردبوو، دەورەى تاقەکەیان لەسەرێ کردبووە جۆگە، هەتا ئاوى پێدا بڕوات، دوو بەژن برند دەبوو، شیناویان پێ ئاو دەدا. زۆربەی خەركی ئەو لایە باغەوان بوون و شینایییان دەکرد، لەوانە فەتاحی برای سەعیدی، یونسی مەحموودی سەعید و جەمال کوورەچی“.
هەروەها محەمەد عەبدوڵڵا، كە پیاوێکی تەمەن دەوروبەری ٨٠ ساڵە، زیاتر لە بارەی ناوی گەڕەکەکەوە قسە بۆ (گڵكەند) دەكات و دەڵێت ”كاتی خۆی سێ تاقی ئاوێ دروست كراینە، پێكهوه بهستراینهوه، كۆلهكی ئاوێشی لۆ دروست كرایه، لە نێزیك بهستی سهیداوهی، ئهو تاقانه ئیشیان گواستنهوهی ئاو بووه لۆ ناو شاری، ئاوی بهست و كارێزیان بە ڕێڕهوهكی ئاوێ گواستیتهوه، ئەو جۆگەلەیە لەناو باغی نافیع ئاغایڕا هاتییه ههتا گەیشتیته سێتاقان، له ڕێی ئهو تاقانه ئاوهكه هاتیته ناو گهڕهكێ و تهوزیع كرایتە سەر ماران“.
بەم شێوەیە ئەو سێ تاقە بوونە ناوی گەڕەکەکە، حکوومەتی ڕووخاوی بەعسیش هەوڵی دا ناوی گهڕەكەكه بگۆڕێت بۆ (خەبات)، بەڵام لەسەر زاری خەڵک هەر بە سێتاقان مایەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سێتاقان بوونی گەڕەکی شەهیدانە، محەمەد عەبدوڵڵا دەیگێڕێتەوە کە ”پاش بەیانی ١١ی ئادار، گەڕەکی شەهیدانی سێتاقانی خوارێ دروست کرا، كە نەخشی شێر و خەنجەر بە قاڵب لە پێشەوەی خانییهكان دروست کرا بوو، ئەوەش وەکی عهلامهتهكی لۆ برایەتیی کورد و عەرەب بوو. پاشان لە هەشتایهكان شەهیدانی سێتاقانی سەرێش دروست کرا“.
بەپێچەوانەی زۆر گەڕەکی تازە دروستبووی ئەو سەردەمە، سێتاقان لە نێوان ساڵانی پەنجا بۆ شەستەکان خاوەنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بووه. بەگوتەی ئەم شایەتحاڵە ”لەو سەردەمیدا مزگهفت، خهستهخانه، ئاشی ئاوی و ئاشی ئاگری، مهكتهب و حەمامیشمان هەبوو، گەڕەکەکە لە هیچی کەم نەبوو“.
ئەگەرچی ئەمڕۆ سێتاقان ئەو دەشتە پان و چۆڵە نەماوە کە حاجی تەها و عەتاوڵاغا خەونی گەورەیان تێدا دەچاند، دیمەنی جۆگەی ئاو و پردۆکە شوێنیان بۆ جەنجاڵی بازاڕ چۆڵ کردووە، بەڵام كە پێ دەنێیە كۆڵانە كۆنەكان، جگە لە هەندێك شوێنەواری جاران، هەستێك دەدۆزیتەوە كە لە گەڕەکە نوێیەکانی هەولێردا نین.