ساڵی ١٩٥٣، گەنجێكی هەولێری كە پێشتر قوتابیی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی بەغدا بووە، لەسەر ئەندامبوون لە حزبی شیوعی دەستگیر كراوە.
بەپێی نووسراوێک كە لە ١٨/١٠/١٩٥٣ دەرچووە و ئیمزای محەمەد ڕەشید ئەلعوبەیدی بەڕێوەبەری پۆلیسی لیوای هەولێری لەسەر بووە، هاووڵاتی کەمال عەبدولکەریم لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کراوە.
کەمال عەبدولکەریم پێشتر لە قۆناغی یەکەمی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی بەغدا دەرکراوە و لە کاتی دەستگیرکردنیشی، چەند نووسراو و گۆڤارێکی شیوعییەکانی پێ گیراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، لەو کاتەی کەمال عەبدولکەریم و دوو هاوڕێی لە گەڕەکی مستەوفی خەریکی پیاسە بوون، لە کاتژمێر حەفتی ئێوارەی ڕۆژی ١٩٥٣/١٠/١٧، پۆلیس داوای لێ کردوون بوەستن، بەڵام ئەوان هەڵاتوون، دواجار کەمال عەبدولکەریم دەستگیر کراوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی لیوای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، کەمال ناوی دوو هاوڕێکەی خۆی نەداوەتە پۆلیس و هیچ زانیارییەکیشی لە بارەی سەرچاوەی نووسراوەکان نەدرکاندووە، بۆیە داوای لە حاکمی لێکۆڵینەوەی هەولێر کردووە ڕەزامەندی بدات بۆ گواستنەوەی بۆ پۆلیسی لێکۆڵینەوەی تاوان و لێکۆڵینەوەی زیاتر.